خۆبەخشانی نەوەی نوێ دەستگیر دەكرێن‌و هێشتا ڕوون نییە سكاڵایان لە دژ تۆمار كرابێت

25-04-2019 11:57
كۆبوونەوەیەكی شاسوار عەبدولواحید لەگەڵ خۆبەخشانی نەوەی نوێ لە سلێمانی/ مانگی 9ی 2018. وێنە؛ پەیجی شاسوار عەبدولواحید لە فەیسبوك.


پەرەگراف- سوركێو محەمەدو سەنگەر سالار

هێزە ئەمنییەكان خۆبەخشانی نەوەی نوێ لە سلێمانی دەستگیر دەكەن، هێشتا ڕوون نییە دەستگیركردنەكە بەهۆی چییەوەیە؟ هاوكات دوان لە چوار پەرلەمانتارە ناڕازییەكەی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان بۆ پەرەگراف دەڵێن، سكاڵایان تۆمار نەكردووەو پەرلەمانتارێكی دیكەشیان ئامادەنییە قسە لەو بارەیەوە بكات‌و پەرلەمانتاری چوارەمیش وەڵام ناداتەوە.

درەنگانی شەوی ڕابردوو، كەناڵی ئێن ئاڕ تی ڕایگەیاند "لەچەند گەڕەكێكی شاری سلێمانی هێزە ئەمنییەكان هەڵیانكوتاوەتەسەر چەند شوێنێك‌و ژمارەیەك خۆبەخشێكی نەوەی نوێیان دەستگیركردووە."

هاوكات سەرچاوەیەك لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ بۆ پەرەگراف وتی "ئەوەی تائێستا ڕوونە خۆبەخشێكی نەوەی نوێ كە ماڵی لە شوقەكانی گوندی ئەڵمانی بووە دەستگیركراوەو كۆمپیوتەرو مۆبایلی خۆی‌و تەنانەت مۆبایلی خێزانەكەیشیان بردووە."

ئەو سەرچاوەیە وتیشی "ئەو كەسە كاری لۆجستیی دەكرد لە ناو دەزگاكانی جوڵانەوەكە. هەروەها چەند خۆبەخشێكی دیكەمان تەلەفۆنیان داخراوەو وەڵام نادەنەوە، هێشتا دیارنییە دەستگیركرابن یان نا."

دەستگیركردنی خۆبەخشانی نەوەی نوێ دوای ئەوەدێت كێشە ناوخۆییەكانی ناو جوڵانەوەكە قووڵ بوونەتەوەو ئێوارەی دوێنێ شادی نەوزاد، ئەندامی فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ لە پەرلەمانی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی "لە نامەیەكی هەڕەشەئامێزدا ڤیدیۆیەكی دەستكاریكراو بە دەنگ و دانانی هەندێك وێنە بۆ من‌ و هەندێك لە ئەندامەكانی دیكەش نێردراوە."

ئەو پەرلەمانتارە نامەكەی بۆ ڕۆژنامەنووسان خوێندەوە كە تێیدا هەڕەشەیان لێ كردووە و پێیان گوتووە "چاوەڕوانی بڵاوكردنەوەی فیلمی ڕووتی خۆیشت بە."

پەرلەمانتارەكەی نەوەی نوێ ئەوەی بە كاری "شاسوار عەبدولواحید‌و باندەكەی" لە قەڵەمداو وتی، سكاڵای یاسایی لە دژیان تۆمار دەكات، بەڵام هیچ بەڵگەیەكی نەخستەڕوو كە ئەو ژمارە نەناسراوەی نامە هەڕەشەئامێزەكەی بۆ ناردووە سەربەچ كەس‌و لایەنێك بێت.

پەرەگراف ئەمڕۆ پەیوەندیی بە شادی نەوزادەوە كردو لە وەڵامی ئەوەی تائێستا سكاڵای تۆمار كردووە؟ ئەو پەرلەمانتارە وتی"لە ئێستادا هیچ لێدوانێك لەو بارەیەوە نادەم."

دەربارەی ئەوەی بەڵگەی هەیە ئەو ژمارەیەی نامە هەڕەشەئامێزەكەی بۆ ناردووە لەلایەن شاسوار عەبدولواحید یاخود كەسانی نزیكی ئەو بووبێت، شادی وتی "لەسەر ئەوەش هیچ شتێك ناڵێم، چونكە هێشتا نەگەیشتوومەتە ئەنجام"، لەبارەی دەستگیركردنی خۆبەخشانی نەوەی نوێ لە سلێمانی، شادی نەوزاد وتی"ئاگاداری ئەو هەواڵانەم كە باس لە دەستگیركردنی خۆبەخشانی نەوەی نوێ‌ لە سلێمانی دەكەن، بەڵام جارێ‌ هیچ قسەیەك لەبارەی ئەو پرسەوە ناكەم."

سێ پەرلەمانتاری دیكەی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان هاوهەڵوێستی شادی نەوزاد بوون‌و ناویان لەسەر ئەو بەیاننامەیەبوو كە دەریانكردو پشتیوانییان بۆ ناڕەزاییەكانی بەرپرسانی دیكەی نەوەی نوێ دەربڕی، ئەوانیش هەریەكە لە؛ سیروان بابان، كاوە عەبدولقادرو مەم بورهان قانع بوون.

هەریەكە لە سیروان بابان‌و كاوە عەبدولقار بۆ پەرەگراف دەدوێن‌و ڕەتیدەكەنەوە سكاڵایان تۆمار كردبێت، هاوكات پەرەگراف چەند جارێك پەیوەندیی بە مەم بورهان قانعەوە كرد، بەڵام وەڵامی نەدایەوە.

كاوە عەبدولقادر پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان وتی "هیچ سكاڵایەكم تۆمار نەكردووەو هیچ هەڕەشەیەكم لێ‌ نەكراوە"، هاوكات بێئاگایی خۆی پیشاندا لە دەستگیركردنی خۆبەخشانی نەوەی نوێ‌ لە سلێمانی‌و وتیشی"ئێمە تا ئێستا نەوەی نوێین و لەناو جووڵانەوەكەدا دەمێنینەوە، وەكو فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ بەردەوام دەبین."

لایخۆیەوە سیروان بابان بۆ پەرەگراف وتی "تا ئێستا سكاڵای یاساییم تۆمار نەكردووە."

هەرلەبارەی دەستگیركرانی خۆبەخشانی نەوەی نوێ لە سلێمانی، پەرەگراف پەیوەندیكرد بە وتەبێژی ئاسایشی سلێمانی‌و وتەبێژی دادگای سلێمانی، بەڵام وەڵامیان نەدایەوە.

هەرلەسەر هەمان پرس، سەركەوت ئەحمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی سلێمانی بۆ پەرەگراف وتی "ئاگاداری دەستگیركردنی خۆبەخشانی نەوەی نوێ‌ نیین. لای ئێمە هیچ سكاڵایەكیان لەسەر تۆمار نەكراوە."

بڵاوكردنەوەی ئەو نامە هەڕەشەئامێزەی لە ژمارەیەكی نەناسراوەوە بۆ شادی نەوزاد نێردراوە، كاردانەوەی فراوانی لە پەرلەمان‌و دەرەوەی پەرلەمان لێكەوتەوەو پشتیوانیی لە مافی ژنان‌و دژایەتیی هەوڵی شكاندنی كەسایەتیی مرۆڤ‌و هەڕەشە لێكردنیان كرا.

بەرپرسانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌و نزیك لە شاسوار عەبدولواحید ناڕەزاییە ناوخۆییەكان‌و بەتایبەت پرسی بڵاوكردنەوەی نامەهەڕەشە ئامێزەكە بە "سیناریۆی حیزبە نەیارەكانیان" لەقەڵەم دەدەن.

سەرچاوەیەك لە نەوەی نوێ بۆ پەرەگراف وتی "ڕوونە ئەوە سیناریۆیە. ئەو پەرلەمانتارە دەبێت لە دادگا بیسەلمێنێت ئەو ژمارە نەناسراوەی هەڕەشەی لێكردووە لەلایەن نەوەی نوێ‌و كەسانی نزیكی كاك شاسوار ئاڕاستە كراوە. نازانین بە چ لۆژیكێك ئەو تۆمەتە قورسەی ئاڕاستەی جوڵانەوەكە كردووە."

دەربارەی تۆماركردنی ڤیدیۆو ژیانی تایبەتی خۆبەخشانی نەوەی نوێ كاتێك لەو شوێنانە ماونەتەوە كە جوڵانەوەكە لە سلێمانی بۆی تەرخان كردوون، سەرچاوەكەی نەوەی نوێ وتی "یەكەم شادی خان خۆی ماڵی لە سلێمانییەوە لە شوێنەكانی نەوەی نوێ نەماوەتەوە. دووەم، خۆی ماوەیەك بەرپرسی دابینكردنی شوێن بووە بۆئەو كەسانەی لە دەرەوە هاتوون‌و پێویستیان بە مانەوە بووە."