شاندی حكوومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات؛ ئامانجی سەردانەكە چییە و لەگەڵ كێ‌ كۆدەبێتەوە؟

30-05-2021 02:16

پەرەگراف

ئێوارەی ئەمڕۆ شاندی حكوومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتیی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، بۆ گفتوگۆكردن لەسەر "میكانیزمی جێبەجێكردنی یاسای بوودجە" سەردانی بەغدا دەكاتەوە.

سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "ئامانجی سەردانە گفتوگۆكردنە لەگەڵ حكوومەتی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ دانانی میكانیزمی جێبەجێكردنی یاسای بوودجەی عێراق، بە تایبەت ئەو فەقەرەیەی تایبەتە بە هەرێمی كوردستان".

سەمیر هەورامی وتیشی "پێشتر حكوومەتی هەرێم ئامادەیی نیشان داوە بۆ پابەندبوونی تەواوەتی بە یاسای بوودجەوە، ئێستایش دەڕۆینەوە تا میكانیزمێك سیاغە بكرێت كە لەسەر ئەو بنەمایە ئەوەی ئەركی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە جێبەجێی بكات و حكوومەتی عێراقیش ئەركی خۆی جێبەجێ‌ بكات".

شاندەكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەمشەو دەگاتە بەغدا و سبەینێ‌ لەگەڵ شاندی حكوومەتی عێراق دەست بە دانوستان دەكات.

یاسای بوودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021 كە دوای مشتومڕێكی زۆر پەسەند كرا، پاش تێپەڕێنی پێنج مانگی ساڵەكە، هێشتا ماددەكانی پەیوەست بە هەرێمی كوردستان جێبەجێ‌ نەكراون.

بەپێی ماددەی 11ی یاسای بووجە كە تایبەتە بە هەرێمی كوردستان، حكوومەتی هەرێم ڕۆژانە 460 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، دوای لێدەركردنی خەرجیی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و بەكاربردنی ناوخۆیی و بڕی تایبەت بە پترۆدۆلار، داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوت بە نرخی سۆمۆ ڕادەستی حكومەتی فیدڕاڵی دەكات. هەروەها لەسەدا 50ی داهاتە فیدراڵییەكانیش دەگەڕێنێتەوە بۆ بەغدا.

هەر بەپێی ماددەی 11ی یاسای بوودجە كە تایبەتە بە هەرێمی كوردستان، دەبێت پاكتاوی شایستە داراییەكانی نێوان حكومەتی فیدڕاڵ و هەرێمی كوردستان بكرێت بۆ ساڵەكانی 2014 تا 2020.

هەروەها هەرێمی كوردستان قەرزەكانی بۆ بانكی بازرگانیی عێراق دەگەڕێنێتەوە، بە جۆرێك كە وەزارەتی دارایی قەرزەكان دەكات بە قیستی مانگانە و لە بەشە بوودجەی هەرێمی دەبڕێت، پێدانەوەی ئەم قەرزە لەمساڵەوە دەست پێ دەكات و بە ماوەی حەوت ساڵ تەواو دەبێت.

لە بڕگەیەكی دیكەی ماددەی 11دا هاتووە كە "دەبێت هەرێمی كوردستان لیستی فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازیی خۆی ڕادەستی بەغدا بكات بە وردەكاریی تەواوەتی پلەی وەزیفییانەوە".

لە دوای جێبەجێكردنی هەموو ئەوانە، ئەوە جێگیر كراوە كە "حكومەتی عێراق ئامادەیە شایستەی دارایی هەرێمی كوردستان بدات".