پۆلیسی بەڵگەی تاوانی هەرێم: لەوانەیە دۆسیەی ئامانج بابانی خۆكوژی نەبووبێت

06-02-2020 12:44
ئامانج‌و لانەو منداڵەكەیان


پەرەگراف

بەڕێوەبەری پۆلیسی بەڵگەی تاوانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، چوار قەوانی فیشەك لە دۆسیەی ئامانج بابانی‌و لانەی هاوسەری‌و منداڵەكەیان هێشتا چارەنووسی دیار نییەو ئەو چەكەی پێی تەقێندراوە دەستی بەسەردا نەگیراوە، دەڵێت"لەوانەیە كەیسەكە خۆكوژیی نەبووبێت".

عەمید جەبار ئەحمەد شەریف، بەڕێوەبەری بەڵگەی تاوانی هەرێم كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەڤانیی تایبەت بەو دۆسیەیە ئەنجام دا‌و ناوەڕۆكی بەدواداچوونی ئەو لیژنەیەی خستە ڕوو كە لەلایەن وەزیری ناوخۆوە پێكهێنراوەو سەردانی مەیدانیی سلێمانی كردووە.

عەمید جەبار ئەوەی خستە ڕوو، "دوای بەدواداچوونێكی تەواو بۆ بەڵگە ماددییەكان و پشكنینەكان، هەستمانكرد كە حەوت قەوانی فیشەك لە جۆری نمرە 9 لەكاتی ڕووداوەكە هەڵگیراوەتەوە لەلایەن ئەو كەسانەی كە لێدوانیانداوە كە گوللەكان لەیەك دەمانچە تەقیوون كە دەگەڕێتەوە بۆ كەسی كوژراو ئامانج بابانی، ئێمە لە تاقیگەی بەڵگەكانی سلێمانی پشكنینمان بۆ ئەم حەوت قەوانەكرد و بۆمان دەركەوت سێ لەو قەوانانە بەڵی بە دڵنیاییەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دەمانچەیەی كە دەستیبەسەردا گیراوە(دەمانچەكەی ئامانج بابانی)، بەڵام چوار لە قەوانەكان بە دەمانچەیەكی دیكە تەقێنراوە كە ئەم دەمانچەیە دەستی بەسەردا نەگیراوە و دیارنییە".

بەڕێوەبەری بەڵگەی تاوانی هەرێمی وتیشی"دواتر گومانێك دروستبوو، داوامان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی كرد ڕوونكردنەوەی تەواومان لەسەر ئەو بابەتە بدەن، دوای سەردانی دووەممان بۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی پێیان ڕاگەیاندین كە چوار قەوانی دیكە لەلایەن تیمی بەڵگەی تاوانی ئاسایشەوە لە سلێمانی لەكاتی ڕووداوەكە هەڵگیراوەتەوە، ئەمەش گومانێكی زۆری دروستكرد و كۆی گشتی قەوانەكان بوو بە 11 قەوان. حەوتی لە دەمانچەی ئامانج بابانی تەقێنراوە وەك لە ڕاپۆرتەكەی پۆلیسی سلێمانی پێشكەش بە دادگای سلێمانی كراوە، چوار قەوان چارەنووسی دیارنەبووە. لەبەرئەوە گومان دروستبوو".

عەمید جەبار پێیوایە پۆلیس‌و هەروەها دادگای سلێمانی كە بڕیاری كۆتایی داخستنی دۆسیەكەی داوە، "پەلەیان كردووە" لە لێكۆڵینەوەو بڕیاردان، وتیشی"گومان دەكرێت ئەم كردارە خۆكوژی نەبێت و كوشتن بێت، چونكە دەبێت ڕوونكردنەوەی تەواو بدرێت و لەلایەن دادوەر و داواكاری گشتی بەدواداچوونی زیاتر بكرێت و زیاتر پشت بە بەڵگەكان ببەستێرت. ئەمەش بۆ ئەوەی بۆ كەسوكاری هەردوولا و هاووڵاتیان پشتڕاست ببێتەوە كە ڕاستی ڕووداوەكە چۆنە".

پەڕاوی ڕووداوەكە لە 18-12-2019 لەلایەن دادوەری لێكۆڵینەوەی دۆسیەكە داخراوە بە تۆمەتباركردنی ئامانج بابانی بە كوشتنی هاوسەرەكەی و منداڵەكەی و دواتر كوشتنی خۆی، بەڵام بەڕێوەبەری بەڵگەی تاوانی هەرێم داوا دەكات لەلایەن داواكاری مافی كەسییەوە تانە لەو بڕیارە بدرێت و وتی"بۆ ئەوەی ڕوون ببێتەوە ئەم ڕووداوە چۆن ڕوویداوە و ئەو گومانە نەمێنێت، لای خۆمان داواكارین لە سەرۆكایەتیی داواكاری گشتی چاو بە بەڵگە مادییەكاندا بخشێنێتەوە و كەیسەكە بە كراوەیی بمێنێتەوە تاوەكو دەگەینە ڕاستی كێشەكە".

شەوی 16-10-2019 لە دەوروبەری تێرمیناڵی شارەزوور لە شاری سلێمانی، تەرمی ئامانج محەمەد نووری، پێشكەشكاری دیاری كەناڵی ئێن ئاڕتی و لانە محەمەدی هاوسەری كە پێشكەشكارێكی دیاری كەناڵی كوردسات بوو و منداڵەكەیان، لەناو ئۆتۆمبێلێكدا دۆزرانەوە.

پاش گواستنەوەی تەرمەكان بۆ پزیشكی دادوەری و گرتنەبەری ڕێكاری پێویست، تەرمەكان ڕادەستی كەسوكاریان كرانەوە، دواتر پۆلیسی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند"بەڵگەی پزیشكی دادی و لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس، دەریخستووە كە (ڕووداوی كوژرانی دوو ڕۆژنامەنووسەكەی سلێمانی و منداڵەكەیان) كارێكی خۆكوژی بووە".

بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی وتی"ئامانج محەمەد یەك فیشەكی پێوە بووە كە لە دووریی دوو بۆ سێ‌ سانتیمەتر تەقێندراوە"، هەروەها "حەوت فیشەك تەقیوە" كە شوێنی "دوو فیشەك" بە لانە محەمەدەوە بووە و لە دووریی 30 بۆ 90 سانتیمەتر تەقێندراوە. منداڵەكەش "سێ‌ فیشەكی پێوەیە".

بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی تیشكی خستە سەر ئەوەش كە ئەو دوو هاوسەرە "كێشەیان هەبووە و دوو دانیشتنی دادگاییان بەڕِێوە چووە، بڕیار بووە 20ی مانگیش(20-10-2019) دانشتنێكی دیكەی دادگاییان بەڕێوە بچێت".