كۆرۆنا: لە عێراق قەدەغەی هاتوچۆ، بەریتانیا شەپۆلی سێهەم، ڤێتنامیش جۆرێکی نوێ‌ و پشكنینی سەرتاسەری

31-05-2021 08:48

پەرەگراف

هەرچەندە هەڵمەتەكانی كوتان لە تەواوی جیهان درێژەی هەیە، بەڵام ڕۆژ بەڕۆژ ڕێژەی توشبوون لە وڵاتانی جیهان بەرز دەێتەوە، دەركەوتنی چەند جۆرێكی نوێش مەترسییەكان زیاتر دەكات، هاوكات ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایدەگەیەنێت "تاوەكو 70%ی دانیشتوانی جیهان خۆیان نەكوتن كۆرۆنا كۆتایی نایبەت.

عێراق بە ناچاری قەدەغەی هاتوچۆی نیمچەیی درێژ دەكاتەوە

هیچ بژاردەیەك لەبەردەم بەرپرسانی عێراقدا نەماوە جگە لە درێژكردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆی نیمچەیی، ئەوەش بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی توشبووان لەم ماوەیەدا. شارەزایانیش پێیان وایە ئەوە كاریگەریی نابێت، چونكە لەو كاتژمێرانەدایە كە قەرەباڵغی سەر شەقامەكان نەماوە.

لیژنەی باڵای سەلامەتی و تەندروستی نیشتمانی لە عێراق كە مستەفا كازمی سەرۆكوەزیران سەرۆكایەتی دەكات، بڕیاری دا بە درێژكردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆی نیمچەیی لە كاتژمێر نۆی شەو بۆ پێنجی بەرەبەیان، ئەوەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

خەڵك ناڕازی بوو

كاربەدەستانی عێراق لە یەكەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان لە 13 ئاب بڕیاریان دا بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتی، كە پێش جەژن بۆ ماوەی 10 ڕۆژ بڕیاری لەسەر درابوو و لە 12ی ئایار تاوەكو 22ی ئایار بەردەوام دەبوو.

سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكان لە بڕیارەكە وای كرد قەدەغەی هاتوچۆ بكرێت بە نیمچەیی و لە هەموو ڕۆژانی هەفتە لە نۆی شەو بۆ پێنجی بەیانی بەردەوام بێت.

حكوومەتی عێراق قەدەغەی هاتوچۆی نیمچەیی ڕێگەیاندووە بە كردنەوەی كۆمەڵگە بازرگانییەكان و ڕێستۆرانت و كافتریاكان لە بەیانییەوە تا ئێوارە، بەڵام هۆڵەكانی ئاهەنگگێڕان و سینەما و مەلەوانگەكان بە داخراوی مانەوە، لەگەڵ جێبەجێكردنی بڕیارەكانیشدا دەبوو هاووڵاتیان پابەندی بەستنی دەمامك و پارێزبەندیی نێوانیان بن.

لای خۆیەوە شانەی قەیرانەكان لە ئەنجومەنی نوێنەران پێشنیازی كرد، لابردنی قەدەغەی هاتوچۆی نیمچەی بە دوو قۆناغ بێت، یەكەمیان كەمكردنەوەی كاتژمێرەكان لە 12 نیوە شەوەوە بۆ پێنجی بەرەبەیانی، دواتر لەگەڵ جێگیربوونی حاڵەتەكانی توشبوون و كەمبوونەوەی ژمارەیان بۆ دوو هەزار توشبوو لە ڕۆژێكدا، قەدەغەكە هەڵبگیرێت، بەڵام تۆماركردنی هەزاران حاڵەتی توشبوون و دەیان مردن لە كۆرۆنا، وای كردووە بڕیارەكەی شانەی قەیرانەكانی پەرلەمان جێبەجێ نەكرێت.

قەدەغەی هاتوچۆ سوودی نییە

زامۆ بەختیار، پزیشكی پسپۆڕ، دەڵێت "قەدەغەی هاتوچۆی نیمچەیی وەك نەبوون وایە، چونكە لە شەوان درەنگدایە، كە خۆی لە خۆیدا قەرەباڵغی نییە، شوێنە گشتییەكان لەو كاتانەدا كەسی تێدا نییە".

"ئەوەی لە قەدەغەی هاتوچۆ گرنگترە، پشت بەستنە بە هۆشیاركردنەوەی خەڵكی لەبارەی مەترسییەكانی ڤایرۆسەكەوە، بە شێوەیەكی نەرم و ناساندنیان بە ڕێگای خۆپارێزی بە شێوەیەكی تەندروست"، پزیشكەكە وا دەڵێت.


شەپۆلی سێهەم لە بەردەرگای بەریتانیادایە

زانایەك كە وەك ڕاوێژكاری حكومەتی بەریتانیا كار دەكات، ئاشكرای دەكات كە كۆمەڵێك ئاماژە هەن دەری دەخەن وڵاتەكە لەبەردەم بڵاوبوونەوەی شەپۆلی سێهەمی ڤایرۆسی كۆرۆنادایە.

رافی گۆبتا كە هاوكات مامۆستای زانكۆی ئۆكسفۆڕدە، ئاماژە بەوە دەكات هەرچەندە حاڵەتە نوێكانی توشبوون "تا ڕادەیەك كەمی كردووە"، بەڵام توشبوون بە جۆرە هیندییەكە "دوو هێندە زیاد بووە".

ئەو پسپۆڕە پێی وایە هەڵگرتنی ڕێوشوێنەكانی ڕووبەڕووی كۆرۆنا لە ئینگلتەرا كە بڕیارە لە 21ی حوزەیرانەوە جێبەجێ بكرێت، باشترە دوابخرێت.

لای خۆیەوە جۆرج یوستیس، وەزیری ژینگەی بەریتانیا، بە دووری نازانێت حكومەت بەرواری سوككردنی ڕێوشوێنەكان بۆ ماوەیەك دوابخات.

پرۆفیسۆر گۆبتا لە وەڵامی پرسیارێكی ئێستگەی چوارەمی كەناڵی بی بی سی لەبارەی ئەوەی ئایا بەریتانیا شەپۆلی سێهەم بەخۆیەوە دەبینێت، دەڵێت "بەڵێ، حاڵەتەكانی توشبوون دوو هێندە زیادی كردووە، سێ بەشی ئەوانەش لە جۆرە هیندییەكەیە".

"ژمارەكانی توشبوون تا ڕادەیەك كەمە، بەڵام سەرەتای هەر شەپۆلێك بەژمارەی كەم دەست پێ دەكات، دواتر زیاد دەكات و دەتەقێتەوە، بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین سەرەتای شەپۆلێكی نوێیە"، پسپۆڕە بەریتانییەكە وا دەڵێت.

ڕافی گۆبتا ئاشكرای كردووە، ژمارەی ئەو كەسانەی ڤاكسینەكەیان وەرگرتووە، وا دەكات ئەم شەپۆلە كاتێكی زیاتری بوێت بۆ دەركەوتن، بەراورد بە شەپۆلەكانی پێشتر، ئەوەش هەستێكی دڵنیایی ناڕاستمان دەدات و بۆیە جێگەی نیگەرانییە.

مەترسییەكانی دەركەوتنی جۆرێكی نوێ لە ڤێتنام

دەركەوتنی جۆرێكی نوێی كۆرۆنا لە ناوەندێكی ئایینی لە شاری هۆ چی من لە ڤێتنام، مەترسییەكانی زیاتر كردووە، دەسەڵاتداران هیواخوازن لە ڕێی پشكنینی سەرجەم دانیشتوانەوە ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی بكەن، هەروەها كۆمەڵێك ڕێكاری نوێ و پارێزبەندی دەگیرێتە بەر.

ڤێتنام لە سەرەتادا سەركەوتنێكی ڕێژەیی لە كۆنترۆڵكردنی كۆرۆنادا بەدەست هێنا، بەڵام لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ژمارەی توشبووان بە ڕێژەیەكی بەرچاو زیادی كرد.

دوو ڕۆژ لەمەوبەر بەرپرسیان هۆشداریان دا لە جۆرە نوێكە بە "زۆر مەترسیدار" ناویان برد.

حكومەت دەڵێت، جۆرە نوێكە سیماكانی ئەو دوو جۆرەی تێدایە كە بۆ یەكەم جار لە هیندستان و بەریتانیا دەركەوتن، لە ڕێی هەواوە زۆر بە ئاسانی دەگوازرێتەوە.

بەشێوەیەكی گشتی ڤێتنام حەوت هەزار حەڵەتی توشبوون و 47 حاڵەتی مردنی تێدا تۆمار كراوە، بەڵام نیوە زیاتری توشبووەكان لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا بووە.

ناوەندی بڵاوبوونەوەی جۆرە نوێكە شاری هۆ چی منە، لە ناوەندێكی ئایینی مەسیحی شارەكە دەركەوتووە، بە جۆرێك لە كۆی 125 حاڵەت زۆرینەی توشبووەكان لە ناوچەكانی نزیك ئەو ناوەندەبوون.

پشكنین بۆ سەرجەم ئەوانە ئەنجام دراوە كە لەو شوێنە دەژین و بە تەواوی ناوچەكە داخراوە، ئێستاش حكومەت پلانی ئەوەی هەیە پشكنین بۆ سەرجەم دانیشوانی شارەكە ئەنجام بدات كە ژمارەیان 13 ملیۆن كەسە، ئەوەش پێویستی بە چوار مانگە ئەگەر ڕۆژانە 100 هەزار پشكنین بكرێت.

جگە لە پشكنین، بۆ ماوەی 15 ڕۆژ سەرجەم چالاكییە ئایینییەكان لە شارەكە ڕاگیراوە، چێشتخانە و شوێنە بازرگانییەكان داخراون، دەبێت هاووڵاتیان پابەندی ماوەی دووری نێوانیان بن و لە 10 كەس زیاتر لە شوێنێكدا كۆنەبنەوە، تاوتوێی ئەوەش دەكرێت بۆ پێنج كەس كەم بكرێتەوە.

سەرەتای ساڵی 2020 و لەگەڵ بڵاوبوونەوە كۆرۆنا لە دەرەوەی چین، ڤێتنام بە زوویی مامەڵەی لەگەڵ دۆخەكە كرد، سەرجەم سنوورەكانی داخست بە ڕووی گەشتیاراندا، جگە لەو هاووڵاتیانەی خۆی كە دەگەڕانەوە.

دواتر هەڵمەتەكانی پشكنین و كەرەنتینەی بە شێوەیەكی فراوان ئەنجام دا، لە ئێستاشدا حكومەت فشارێكی زۆر دەكات بۆ بەڕیوەچوونی هەڵمەتەكانی كوتان، بەپێی ئامارەكان زیاتر لە ملیۆنێك هاووڵاتی كە 1%ی دانیشتوان دەكات، ژەمی یەكەمی ڤاكسینی كۆرۆنایان وەرگرتووە.