"بڕین و دزین"ی درەختەكانی كوردستان لەلایەن توركیاوە؛ حكوومەتی هەرێم: جێگەی قبووڵكردن نییە

01-06-2021 12:31

پەرەگراف

كاردانەوەكان لە بەرانبەر "بڕین و دزین"ی درەختی دارستانە چڕەكانی سنووری پارێزگای دهۆك لەلایەن توركیاوە لە فراونبوونی زیاتردان. وتەبێژی حكوومەتی هەرێم دەڵێت "نیگەرانی و ناڕەزایی" دەردەبڕن و حكومەتی توركیایان ئاگادار كردووەتەوە كە كۆتایی پێ‌ بهێنێت و "جێگەی قبووڵكردن نییە". هاوكات لە پەرلەمانەكانی كوردستان و عێراق هەوڵی ڕێكخستنی دانیشتن لەوبارەیەو دەدرێت.

جووتیار عادل، وتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "حكوومەتی هەرێمی كوردستان نیگەرانی و ناڕەزایی خۆی بەرانبەر داربڕین و زیانگەیاندن بە سروشتی هەرێمی كوردستان دەردەبڕیت و بە فەرمیش ئاگاداری حكوومەتی توركیای كردووەتەوە كە كۆتایی بە داربڕین لە ناوچە سنوورییەكان بهێنن كە جێگەی قبووڵكردن نییە".

"حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتی دەكاتەوە، كە بوونی چەكدارانی پەكەكە لە هەرێمی كوردستان و بەتایبەتی ناوچە سنوورییەكان، بووەتە هۆی هاتنی هێزەكانی توركیا و دروستبوونی شەڕ و پێكدادانی نێوان هەردوولا، بۆیە داوا دەكەین كە ڕێز لە سەروەریی خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان بگرن و چیتر دانیشتووانی ئەم ناوچەیە دووچاری نەهامەتی و ئاوارەیی و ماڵوێرانی نەكەن"، جووتیار عادل وا دەڵێت.

هەر ئەمڕۆ 36 ئەندامی پەرلەمانی كوردستان یاداشتنامەیەكیان ئاراستەی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كرد و تێیدا داوایان كردووە "بابەتی لەشكركێشیی سوپای توركیا و سووتاندنی بەشێك لە دارستانەكانی باشووری هەرێمی كوردستان و بڕینەوەی دار و درەختەكان و بردنەوەی بۆ توركیا، لە نزیكترین دانیشتندا بخەنە بەرنامەی كاری پەرلەمان".

لەگەڵ بەردەوامیی هێرش‌ و بۆردوومانەكانی توركیا بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان، كە جگە لە زیاتی گیانی، زیانێكی گەورەی بە ژینگە و سروشتی ناوچە سنوورییەكان گەیاندووە ‌و بەشێكی دارستانەكانی سووتاندووە، سوپای توركیا بە پلان‌و بەرنامە، داری دارستانە چڕەكان "دەبڕێتەوە و دەدزێت".

فراكسیۆنی پارتیی دیموكرات لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت "بە داخەوە شەڕی پەكەكە و توركیا هەمیشە ماڵوێرانیی بۆ سەر ژیان و ژینگەی كوردستان و كاولكردنی گوندەكان و نەهێشتنی ژیان هەبووە لە ناوچە سنوورییەكاندا".

"ئێمە نەك ئێستا لەسەر داربڕین، بەڵكو لە ڕابردووشدا ڕامان گەیاندوو، با چیدی خەڵكی سڤیل نەبنە قوربانی و شەهید نەكرێن، با ئەم كێشەیە لەناو خاكی توركیا چارەسەر بكرێت و خەڵكی هەرێمی كوردستان و ژینگەی كوردستان و ئاژەڵ و سروشتی كوردستان نەبنە قوربانیی ئەم شەڕە"، فراكسیۆنی پارتی وا دەڵێت.

ئەو ناوچانەی توركیا خاكی هەرێمی كوردستانی تێدا بەزاندووە و بنكەی سەربازیی لێ داناوە بە پاساوی لێدان لە پەكەكە، شاخاوی‌ و سەختن ‌و دارستانی چڕیان تێدایە.

پەرلەمانتارانی كورد لە كوردستان ‌و عێراق، داوای وەستاندنی هێرشەكانی توركیا بەتایبەت بڕینەوەی داری دارستانەكان دەكەن.

هێڤیدار ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، چەند وێنە و گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاو كردەوە و لەسەری نووسیوە "بە بەڵگە چەتەكانی توركیا لە دەڤەری سندییا لە قەزای زاخۆ، بەربوونە دار و باری ئەو دەڤەرەو دەبڕن و دەدزن".

"هاوار دەكەین ئەو دارانە تەمەنیان سەرووی ١٠٠ ساڵە، لە گوندەكانی (سنات، مێرگە شیش، شیش و كەلۆك، ماسیس و...) داوا لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین، ڕێگای دبلۆماسی و یاسایی بگرنە بەر. داوا لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكەین ئەم داربڕینە بوەستێنن" هێڤیدار وا دەڵێت.

هەروەها عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، دەڵێت "سوپای توركیا كە بەشێكی خاكی باشووری كوردستانی داگیر كردووە، چۆن بەشێكی دارستانەكانمان دەسووتێنێت، بەشێكی دیكەشیان دارەكانی دەبڕێتەوە و دەیباتەوە بۆ توركیا، كە ڕۆژانە نزیكەی 450 تەن درەخت دەبڕێت و دەیبات".

هێشتا حكوومەت ‌و پەرلەمانی عێراق هیچ هەڵوێستێكی فەرمییان نییە لەبارەی بڕینەوەی دارەكان‌ و تێكدانی ژینگە و سروشتی هەرێمی كوردستان كە بەشێكە لە خاكی عێراق، لەلایەن توركیاوە.

پەرلەمانتارانی كورد دەیانەوێت لە بەغداوە فشارێك دروست بكرێت بۆ سەر توركیا. سەركەوت شەمسەدین پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت "لەگەڵ غالب محەمەد پەرلەمانتاری هاوڕێم داواكارییەكی فەرمیمان پێشكەش كردووە بۆ لێكۆڵینەوە لە هێرشەكانی توركیا، بە تایبەت هەوڵدان بۆ لەناوبردنی دارستانەكان".