سەرۆكی پەرلەمان: لەوە زیاتر نابمە داپۆشەری ئەو ناشیرینییانەی لە هەرێمی كوردستاندا بەڕێوە دەچێت

01-06-2021 04:31

پەرەگراف

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، ڕایدەگەیەنێت "نیوەی داهاتی نەوتی هەرێم بۆ كۆمپانیا ناوخۆیی و دەرەكییەكانی نەوت دەڕوات". ڕێواز فایەق دەشڵێت "منیش ئیعتیبارم هەیە و لەوە زیاتر ناتوانم ببم بە داپۆشەری هەموو ئەو ناشیرینییانەی لە هەرێمی كوردستاندا بەڕێوە دەچێت".

ئەم قسانەی ڕێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، لە لێدوانێكدا هات بۆ میدیاكان لە یادی دامەزراندنی یەكێتیدا، كاتێك جارێكی دیكە پرسیاری بابەتی لێبڕینی مووچە و ئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمانی لەوبارەیەوە ڕووبەڕوو كرایەوە، ئەویش لە وەڵامدا وتی "هەست دەكەم فۆكەسێكی ئیعلامیی خراپ خراوەتە سەر سەرۆكی پەرلەمان بۆ ئەوەی ئەوانی دیكە بشاردرێنەوە".

سەرۆكی پەرلەمان لەگەڵ ئەوەی جارێكی دیكە جەختی كردەوە كە "بابەتی مووچە قسە لەسەر كردنی بە ئامادەبوونی حكوومەت باشترە. چەند جارێك داوامان لە حكوومەت كردووە بۆ ئەو بابەتە ئامادە بێت، وەڵامی ئیجابیمان وەرنەگرتووە". وتیشی "تا كەی ببم بە قوربانیی ئەوەی كە لە وێنە گەورەكەدا وا نیشان بدرێت ئەوە سەرۆكی پەرلەمانە ناهێڵێت خەڵك قسە بكات".

"من نە بەشێكم لە گرێبەستە نەوتییەكان، نە بەشێك لە بەهەدەردانی سامانی هەرێمی كوردستان، نەبەشێكم لە پرۆسەی داگیركردنی زەوی، نە بەشێكم لە قاچاخی كردن"، ڕێواز فایەق وای وت.

هەر سەبارەت بە بابەتی لێبڕینی مووچە، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وتی "56 ئەندامی پەرلەمان داوایەكیان پێشكەش كردووە بۆ قسەكردن لەسەر بابەتی مووچە بەبێ ئامادەبوونی حكوومەت، لە بەرانبەردا 65 ئەندامی دیكە یاداشتێكیان پێشكەش كردووە دەیانەوێت حكوومەت ئامادە بێت تاكوو سەبارەت بە هۆكارەكانی كورتهێنانی پارەی مووچە قسە بكرێت".

هەروەها ئامادەژی بەوە كرد كە ماوەی هەفتەیەكیان داوە بە حكوومەت تا لە كۆبوونەوەی پەرلەماندا سەبارەت بە لێبڕینی مووچە ئامادە بێت، كە بڕیارە كۆبوونەوەكە لە ڕۆژی 10-6-2021 بەڕێوە بچێت.

ئەمە لە كاتێكدا لە چەندین دانیشتنی پەرلەماندا مشتومڕ لەسەر بابەتی لێبڕینی مووچە لە نێوان بەشێك لە پەرلەمانتاران و دەستەی سەرۆكایەتی بە تایبەت سەرۆكی پەرلەماندا دروست بووە، پەرلەمانتاران ڕەخنەی ئەوەیان لە ڕێواز فایەق گرتووە كە یاداشتی 42 پەرلەمانتاری لەبارەی دانیشتنی پەرلەمان سەبارەت بە لێبڕینی مووچە پشتگوێ خستوووە.