عێراق؛ بە پارەی تاڵانی بانگەشەی هەڵبژاردن بەڕێوە دەبرێت

01-06-2021 09:10

پەرەگراف

هۆشدارییەكان لە بەرانبەر بەركاهێنانی پارەی گشتی و دەوڵەت لەلایەن حیزب و لایەنە سیاسییەكانەوە بۆ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان، تادێت زیاتر دەبن، ململانێ و كێبڕكێی لانەكانیش لەگەڵ نزیكبوونەوەی كاتی هەڵبژاردنەكان گەرمتر دەبێت.

مانگی تشرینی یەكەمی داهاتوو، عێراق هەڵبژاردنی پێشوەختەی تێدا ئەنجام دەدرێت، وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییانەی ساڵی 2019 وڵات بەخۆیەوە بینی، هاوكات ئەمە بە یەكێك لە گەرمترین و توندترین هەڵبژاردنەكان دادەنرێت.

حكومەتەكەی مستەفا كازمی سوورە لەسەر ئەوەی پرۆسەكە لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان و چەند لایەنێكی پەیوەندیداریش هۆشداری دەدەن لە بەكارهێنانی پارەی دەوڵەت لەچوارچێوەی ڕیكلام و هەڵمەتەكانی بانگەشەی هەڵبژاردن، یاخود بەكارهێنانی سەرچاوە گشتییەكان و ناردنی بۆ ئەو ناوچانەی دەكەوێتە بازنەی هەڵبژاردنی بەشێك لە كاندیدەكانەوە.

حیزبە بەشدارەكانی هەڵبژاردن یەكتری تۆمەتبار دەكەن بەوەی بەكارهێنانی پارەی گشتییان وەك هەلێك قۆستووەتەوە، بۆ ڕاكێشانی دەنگی دەنگدەران و ئەنجامدانی بانگەشە بۆ كاندیدەكانیان، داوا لە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دەكەن بە زوویی چارەسەری دۆخەكە بكات و بەهەدەردانی پارەی دەوڵەت بوەستێنێت.

بانگەشەی حیزبی

محەمەد خالیدی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەڵێت "بەكارهێنانی پارەی دەوڵەت لە ڕێی بەرپرسانی سەر بە حیزبەكانەوە دەبێت، ئەنجامدانی پرۆژە لە بەشێكی ناوچەكان خێرا دەكەن، خزمەتگوزاری پێشكەش بە هاووڵاتییەكانیان دەكەن بەپێی تایبەتمەندی، ئەمە جگە لە دۆسیەكانی بەرتیل، پێدانی پارەی ڕاستەوخۆ، بەڵێنەكانی هەڵبژاردن، لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا ئەوانە زۆر پەرەی سەندووە".

"ئەو ململانێیانە لە ڕابردوودا لەسەر پۆستەكان ڕووی داوە، بۆ ئەوە بووە ئەو پۆستانە لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بەكار بهێنرێن، ئەو كەسانەی دەسەڵات و پارەیان لە بەردەستدایە، پێش هەڵبژاردن لەبەرچاون، ئەگەری سەركەوتنیان زیاترە، ئەوەش وا دەكات كێبڕكێ و ململانێ لەسەر پۆستە حكومییەكان، پارەی گشتی، زیاتر بێت و وەك تاڵانییەك بەكار بهێنرێت" خالیدی وا دەڵێت.

ئەندامەكەی ئەنجومەنی نوێنەران بە گرنگی دەزانێت "لایەنە پەیوەندیدارەكان هەڵوێستی خۆیان هەبێت وەك، دەستەی دەستپاكی، لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمان، لەگەڵ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، كە دەبێت ڕوون بێت لە بابەتی قۆستنەوەی هەڵبژاردنەكان و سزای توندی بۆ ئەوە هەبێت".

چاودێران پێیان وایە نەبوونی دەسەڵاتێكی تەشریعی بۆ لێپێچینەوە لەگەڵ حیزبەكان لەبارەی، سەرچاوەكانی دارایی و ئەو ئیمپراتۆریەتەی بەپارە دروستیان كردووە، كاریگەریی لەسەر ڕەوتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان دەبێت، ئەوەش لە ڕێی كڕینی دەنگ و دەستبەسەرداگرتنی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكان، یاخود چەكی دەرەوەی هێزە ئەمنییەكان، كە ئەوانە كاریگەریی لەسەر پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردن دروست دەكەن.

ڕۆژی دووشەممە "هاوپەیمانیی عەزم" كە گەورە بازرگانی سونی (خەمیس خەنجەر) سەركردایەتیی دەكات، ئاماژەیان بەوە كرد، نیگەرانییەكی زۆر هەیە لەبارەی بەكارهێنانی ئەو سندووقەی بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچە ئازادكراوەكان دانراوە، بۆیە داوایان لە سەرۆكوەزیران كردووە، هەڵوێستی خۆی ئاشكرا بكات "بەكارهێنانی پارەی گەل لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا".

هاوپەیمانێتییەكە لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت "بەنیگەرانییەوە چاودێریی ئیدارەدانی سندووقی پرۆژەی ئاوەدانكردنەوەی ناوچە ئازادكراوەكان لە تیرۆر دەكەین، كە بە ناشەفافی بەڕێوە دەچێت، بەپێی لایەنگیری و ئاڕاستەدانی لایەنێكی سیاسیی دیاریكراوە، تەنانەت بە شێوەیەكی ئاشكرا لەڕێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و كەناڵەكانەوە، بێ شەرمكردن قسە لەوبارەیەوە دەكەن".

" ئەوە وەك بانگەشەیەكی ڕوونە بۆ كۆمەڵێك كاندیدی دیاریكراو لەو ناوچانەدا، هەروەها جێبەجێكردنی هەنگاوی بەشێك لە پرۆژەكان بە چاودێریی ڕاستەوخۆی ئەندام پەرلەمان و كاندیدەكانی كوتلەییەكی دیاریكراوە، ئەوەش زۆر بە ئاشكرا دەكرێت"، لە بەیاننامەكەدا هاتووە.

هاوپەیمانیی عەزم هیواخوازە "سندووقەكە لەژێر دەستی سەرۆكەكەی دەربهێنرێت، دەستەیەكی پیشەیی دابنرێت بۆ سەرپەرشتیكردنی ئیدارەدانی پرۆژەكان كە دووربێت لە حیزب و هاوپەیمانێتیی هەڵبژاردنەكانەوە، جەختیشیان كردووەتەوە لەسەر گرنگیی وەستاندنی جێبەجێكردنی پرۆژەكان تا ئەو كاتەی لیژنەی دارایی ڕەزامەندیی لەسەر دەدات، ئەوەش بەپێی بودجەی تەرخانكراو".

لای خۆیانەوە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان باسیان لەوە كردووە، كۆمەڵێك دۆسیەی تایبەت بە داهات و خەرجیی حیزبەكان هەیە، ڕاپۆرتی ساڵانە لەوبارەیەوە پێشكەش دەكرێت و دەدرێتە دیوانی چاودێریی دارایی.

بەربەستەكان ڕێگرن لە چاودێریكردن

چاودێرانی دۆخی عێراق پێیان وایە قورسە چاودێریی پارەی حیزبەكان بكرێت، بەهۆی نەبوونی سیستمی بانكی و تەكنەلۆژیای دارایی، هەروەها لاوازیی ڕێوشوێنەكانی كۆمسیۆن لەوبارەیەوە كە پێویستە چاودێریی سەرچاوە دارییەكان بكات، بە تایبەت كە بەشێكی حیزبەكەن دەستەی ئابوورییان هەیە و كاری بازرگانی دەكەن، ئەوەش لەسەر بەرژوەندیی گشتییە و زیانی بە ئابووریی وڵات گەیاندووە.

سەرمەد شمەری، توێژەر لەبواری ئابووری، دەڵێت "ڕێكخستنی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن، پێویستە لەڕێی دیاریكردنی بڕێكی دیاریكراوی پارە بێت بۆ هەر هەڵمەتێك، حیزب و كاندیدەكان بەیاننامەی ڕوونیان لەوبارەیەوە هەبێت، بە تایبەت خەرجییەكان، لەگەڵ بوونی چەند بەڵگەیەك ڕاستیی ئەو خەرجییانە دەربخات، كۆمسیۆنیش ڕێوشوێنی بۆ لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو بابەتە هەبێت".

شمەری باس لەوەش دەكات كە "پۆستە باڵاكان بەهۆی ئەو دابەشكارییەی لەنێوان كوتلەكاندایە، بووەتە ئامانجی هەموو حیزبەكان، چونكە لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكان ئەو پۆستانە هێزێكی تایبەتیان هەیە، لە ڕووی ماددیشەوە بە ڕووی ڕكابەركاندا دەوەستێتەوە، كە دەتوانێت لێیان بدات و دووریان بخاتەوە".

"گرنگە ئەو دۆسیەیە لەلایەن حیزب و كوتلە و كۆمسیۆن، سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان بە پرۆسەی هەڵبژاردن بكرێتەوە، كەمتەرخەمی نەكرێت لە ڕێوشوێنەكانی حكومەتدا، بۆ ئەوەی پرۆسەكە تەواو بەڕێوە بچێت، دەبێت هەمووان تێیدا بەشداربن" توێژەرە ئابوورییەكە وا دەڵێت.

كۆتایی مانگی ڕابردوو، مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، جەختی كردەوە لەسەر گرنگیی بەكارنەهێنانی وەزیر و وەزارەتەكانی حكومەتەكەی لە چوارچێوەی پرۆسەی هەڵبژاردندا.

كازمی لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا وتی "پێویستە وەزیرەكان بچنە فەرمانگەكانیان و بە شێوەیەكی مەیدانی كار بكەن و داواكاریی هاووڵاتیان جێبەجێ بكەن، كێشەكان چارەسەر بكەن و كارئاسانی بكەن، چاودێریی ڕێوشێنەكانی سەلامەتی بكەن لە سەرجەم باڵەخانەكاندا".

سەرۆكوەزیران ئاماژەی بەوە كرد "حكومەتی ئێستا، حكومەتی خزمەتگوزارییە، نایەوێ كێبڕكێی هەڵبژاردن بكات و ئامانجی سیاسیی هەبێت، كاری یەكەم و كۆتایی خزمەتكردنی هاووڵاتییانە".

مستەفا كازمی بە وەزیرەكانی وتووە "دەبێت بیرتان بێت ئێوە بۆ خزمەتكردن هاتوون، خزمەتكردنی گەلەكەتان، نەوەك ئامانجی سیاسی و بیركردنەوە لە كاندیدی هەڵبژاردن، نابێت وەزارەتەكانتان بۆ هەڵبژاردن بەكار بهێنن".