دانوستانەكانی هەرێم و بەغدا؛ حكوومەتی هەرێم بانگەشەی گەیشتنە "ڕێككەوتنێكی بیانووبڕ" دەكات

03-06-2021 04:41

پەرەگراف

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت كە شاندەكەی "ڕێككەوتنێكی بیانووبڕ"ی لەگەڵ بەغدا ئەنجام داوە. قوباد تاڵەبانیش جەخت دەكاتەوە كە "لە ماوەیەكی نزیكدا هیچ بەربەستێك نامێنت بۆ حكوومەتی فیدراڵی تاكوو پارە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانمان بۆ بنێرێت".

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و سەرۆكی شاندی دانوستانكار بۆ بەغدا، سەبارەت بە گفتوگۆكان لەگەڵ بەغدا ڕایگەیاند "لیژنە لاوەكییەكان توانیویانە هەنگاوی باش بنێن بۆ ڕێككەوتن لەسەر میكانیزمی جێبەجێكردنی بوودجەی 2021".

قوباد تاڵەبانی جەختیشی لەوە كردەوە كە "ئەوەی لەسەر شانی ئێمەیە، هەم پابەند دەبین پێیەوە، هەم بەدواداچوونی بۆ دەكەین، هیچ بیانوویەك ناهێڵین بۆ ئەوەی چیتر غەدر لە هەرێمی كوردستان بكرێت".

هەر ئەمڕۆیش مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ شاندی دانوستانكاری حكومەتی هەرێم لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی، لەبارەی ئەنجامی سەردانی چەند ڕۆژی ڕابردووی شاندەكە بۆ بەغدا كۆبووەوە.

"شاندی دانوستانكار دەرئەنجامی كۆبوونەوەكانیان خستەڕوو تایبەت بە جێبەجێكردنی پابەندییەكانی هەرێم لە چوارچێوەی یاسای بوودجە لە بواری نەوت و داهاتی نانەوتی. دووپاتیان كردەوە كە لە كۆبوونەوەكانیاندا لەگەڵ وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارە فیدڕاڵییەكاندا، ڕێككەوتن لەسەر میكانیزمی جێبەجێكردنی یاساكە كراوە"، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم وا دەڵێت.

هەر لە ڕاگەیەندراوی دوای كۆبوونەوەكەدا هاتووە "هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و هەرێم ڕێككەوتوون لەسەر میكانیزمی هاوبەش بۆ جێبەجێكردنی ئەركەكانیان كە لە یاسای بودجە بۆیان دیاری كراوە بە پێی تایبەتمەندییان".

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم جەختی لە پابەندیی حكوومەتی هەرێم بە یاسای بوودجە كردووەتەوە و دەڵێت "بەم شێوەیە ئیتر هیچ بیانوویەك بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ نامێنێتەوە كە ماف و شایستە داراییەكانی هەرێم خەرج نەكات كە لە یاسای بودجە و خشتە هاوپێچەكانی ئاماژەی پێ دراوە".

یاسای بوودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021 كە دوای مشتومڕێكی زۆر پەسەند كرا، پاش تێپەڕێنی پێنج مانگی ساڵەكە، هێشتا ماددەكانی پەیوەست بە هەرێمی كوردستان جێبەجێ‌ نەكراون.

بەپێی ماددەی 11ی یاسای بووجە كە تایبەتە بە هەرێمی كوردستان، حكوومەتی هەرێم ڕۆژانە 460 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، دوای لێدەركردنی خەرجیی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و بەكاربردنی ناوخۆیی و بڕی تایبەت بە پترۆدۆلار، داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوت بە نرخی سۆمۆ ڕادەستی حكومەتی فیدڕاڵی دەكات. هەروەها لەسەدا 50ی داهاتە فیدراڵییەكانیش دەگەڕێنێتەوە بۆ بەغدا.

هەر بەپێی ماددەی 11ی یاسای بوودجە كە تایبەتە بە هەرێمی كوردستان، دەبێت پاكتاوی شایستە داراییەكانی نێوان حكومەتی فیدڕاڵ و هەرێمی كوردستان بكرێت بۆ ساڵەكانی 2014 تا 2020.

هەروەها هەرێمی كوردستان قەرزەكانی بۆ بانكی بازرگانیی عێراق دەگەڕێنێتەوە، بە جۆرێك كە وەزارەتی دارایی قەرزەكان دەكات بە قیستی مانگانە و لە بەشە بوودجەی هەرێمی دەبڕێت، پێدانەوەی ئەم قەرزە لەمساڵەوە دەست پێ دەكات و بە ماوەی حەوت ساڵ تەواو دەبێت.

لە بڕگەیەكی دیكەی ماددەی 11دا هاتووە كە "دەبێت هەرێمی كوردستان لیستی فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازیی خۆی ڕادەستی بەغدا بكات بە وردەكاریی تەواوەتی پلەی وەزیفییانەوە".

لە دوای جێبەجێكردنی هەموو ئەوانە، ئەوە جێگیر كراوە كە "حكومەتی عێراق ئامادەیە شایستەی دارایی هەرێمی كوردستان بدات".