بارزانی: زۆر بەتووندی ئیدانەی خوێنڕشتن‌و تووندوتیژی دژی خۆپیشاندەران دەكەین

06-02-2020 05:06

پەرەگراف

مەسعود بارزانی لە پەیامێكدا زۆر بەتووندی ئیدانەی خوێنڕشتن‌و بەكارهێنانی تووندوتیژی دژی خۆپیشاندەران عێراق دەكات‌و دەڵێت: داوا دەكەین حكوومەتی عێراقی و دامودەزگای ڕەسمی و پەیوەندیدارەكان ئەركی خۆیان لە ڕێگەگرتن لە خوێنڕێشتن و پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و خۆپێشاندەران جێبەجێ بكەن.

بارزانی لە پەیامەكەیدا پشتیوانی خۆی بۆ داوا ڕەواكانی خۆپیشاندەران و هاووڵاتیان دووپات دەكاتەوە.

پەیامەكەی بارزانی دوای ڕووداوە خوێناوییەكەی دوێنێی نەجەف دێت كە شەڕو پێكدادان لە نێوان لایەنگرانی موقتەدا سەدرو خۆپیشاندەراندا ڕوویداو دەوروبەری 10 كەس كوژران‌و زیاتر لە 100 كەسی دیكە بریندار بوون.

دەقی پەیامەكەی بارزانی

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

زۆر نیگەرانین لە پەرەسەندنی توندوتیژی و ڕووداوە خوێناوییەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی بەغدا و نەجەف و زۆر بە توندی ئیدانەی خوێنڕێشتن و كوشتن و بەكارهێنانی توندوتیژی لەدژی خۆپێشاندەران دەكەین.

داوا دەكەین حكوومەتی عێراقی و دامودەزگای ڕەسمی و پەیوەندیدارەكان ئەركی خۆیان لە ڕێگەگرتن لە خوێنڕێشتن و پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و خۆپێشاندەران جێبەجێ بكەن. پێویستە لایەنە سیاسییەكانیش بۆ گەییشتن بە چارەسەر، بە زمانی عەقل و مەنتیق مامەڵە لەگەڵ ئەو قەیرانە قووڵە بكەن كە بەرۆكی عێراقی گرتووە.

هەر لێرەیشەوە پشتیوانی خۆمان بۆ داوا ڕەواكانی خۆپێشاندەران و هاووڵاتیان دووپات دەكەینەوە و، سەرەخۆشی لە كەسوكاری قوربانیان و شەهیدانی ڕووداوەكانی ئەم دواییەی عێراق دەكەین و هیوای چاكبوونەوەی خێرایش بۆ برینداران دەخوازین.

مسعود بارزانی
6ـی 2ـی 2020