ئۆپەراسیۆنی توركیا سەر و ماڵی هاووڵاتیانی خستووەتە مەترسییەوە؛ سی پی تی وردەكارییەكان دەخاتە ڕوو

04-06-2021 03:48
نەخشەی بنکە سەربازییەکانی تورکیا لە خاکی ھەرێمی کوردستان و ئەو ناوچانەی کۆنتڕۆڵی کردوون.

پەرەگراف

ڕێكخراوی سی پی تی لە ڕاپۆرتێكدا وردەكاری كاریگەرییەكانی ئۆپەراسیۆنی توركیا بۆ سەر هاووڵاتیانی مەدەنیی هەرێمی كوردستان دەخاتە ڕوو. بەپێی ڕاپۆرتەكە "1500 گوندنشینی 22 گوندی سەرسنوور" ماڵەكانیان جێهێشتووە. هەزاران دۆنم زەویی كشتوكاڵی وێران بوون. لەبەر مەترسییەكان بۆ سەر هاووڵاتیانی مەدەنییش، ڕێكخراوەكە داوای ڕاگرتنی بە پەلەی ئۆپەراسیۆنەكە دەكات.

سوپای توركیا لە ٢٣ی نیسانی ٢٠٢١ ئۆپەراسیۆنی سەربازیی چنگی-هەورە بروسكەی بۆ سەر پەكەكە لەناو خاكی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند. لەو كاتەوە شەڕی سەخت لە نێوان هەردوو بەڕێوە دەچێت. توركیا بەردەوام هێرشی زەمینی و ئاسمانی ئەنجام دەدات، ئەوەش زیانی گەورەی بە گوندنشینان و سروشتی ناوچەكە گەیاندووە.

ڕێكخراوی بونیادنەری ئاشتیی مەسیحی (CPT) كە ڕێكخراوێكی ئەمریكییە و كار بۆ كەمكردنەوەی توندوتیژی و پاراستنی مافی مرۆڤ دەكات، لە ڕاپۆرتەكەیدا دەڵێت "هەر لەگەڵ دەستپێكی ئۆپەراسیۆنەكەدا، بۆ دروستكردنی بنكە و بارەگای سەربازی، توركیا بە درێژایی سنووری نێوان توركیا-عێراق، بە هاوكاریی هێزی ئاسمانی و تۆپخانە سەربازییەكانی، سەربازی دابەزاندووەتە خوارەوە. بە دروستكردنی ئەو بنكە و بارەگا سەربازییانە، توركیا پێشڕەویی زیاتری كردووە لە پێناو دروستكردنی ئەو ناوچەیەی كە بەرپرسانی توركیا وەك "ناوچەی ئارام" ناوی دەبەن".

لە ڕاپۆرتی ڕێكخراوەكەدا هاتووە "لە كاتێكدا توركیا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە ئەوان لەو ئۆپەراسیۆنەدا پارتی كرێكارنی كوردستانیان بە ئامانج گرتووە، بەڵام لە ڕاستیدا هاووڵاتیانی مەدەنی ناوچە سنورییەكان، قوربانیی یەكەمی بۆردوومانەكانی توركیان. ئەو بۆردوومانانە بوونەتە هۆی وێرانكردنی ناوچەیەكی فراوانی سەر سنور، كە سەدان خانەوادە تیایدا دەژین".

"هەزاران دۆنم زەویی كشتوكاڵی و نزیكەی هەزار و ٣٠٠ پوورەی هەنگ كە سەرچاوەی سەرەكیی بژێویی ژیانی هاووڵاتیانی مەدەنین، لەناو چوون. بۆردوومانەكانی توركیا بە تەنیا مەترسییان بۆ سەر بژێوی ژیانی ئەو هاووڵاتیانە دروست نەكردووە، بەڵكو بوونەتە مایەی مەترسی بۆ سەر گیانیشیان"، سی پی تی وا دەڵێت.

بەپێی ئامارەكانی ناو ڕاپۆرتەكەی سی پی تی، لە دەستپێكی ئەو ئۆپەراسیۆنەوە تاوەكو ئێستا "چوار هاووڵاتیی مەدەنی بریندار بوون"، هەر لە ترسی هێرشەكانی توركیا "زیاتر لە 1500 گوندنشینی 22ی گوندی سەر سنوور گوندەكانیان بەجێهێشتووە".

تیمی كوردستانی عێراقی سی پی تی، مەترسی خۆی ڕادەگەیەنێت لەوەی كە "ئەو خانەوادانە هەرگیز نەتوانن بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و ژیانی ئاسایی خۆیان، بەهۆی دروستكردنی بنكە و بارەگای سەربازی لە نزیك گوندەكانیان لەلایەن توركیاوە كە تۆپخانەیان تێدا جێگیر كراوە و بوونەتە سەرچاوەی مەترسی بۆ سەر ژیانی ئەو هاوڵاتییە مەدەنییانە".

ڕێكخراوەكە دەڵێت "نابێت هاووڵاتیانی مەدەنیی ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستانی عێراق، لە شەڕی نێوان توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستاندا بە ئامانج بگیرێن".

لە كۆتایی ڕاپۆرتەكەیدا، ڕێكخراوی سی پی تی ژمارەیەك ڕاسپاردەی خستووەتە ڕوو و تێیدا داوا دەكات "توركیا بەپەلە ئۆپەراسیۆنی چنگی-هەورە برووسكە لە هەرێمی كوردستانی عێراق ڕابگرێت و ڕێگە بە گەڕانەوەی هاواڵتیانی مەدەنی بدات بۆ ناو گوند و زەویوزارەكانی خۆیان".

هەروەها داوای لە حكومەتی فیدڕاڵی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە كە "دڵنیایی بدەن لە پاراستنی ژیان و مافی هاواڵتیانی و مەدەنی كەرەستە و كەلوپەلی پێویست بۆ ئەو خێزانانە دابین بكرێت كە ئاوارە بوون و قەرەبووی زیانەكانیان بكرێتەوە".

"نەتەوە یەكگرتووەكان، یەكێتیی ئەورووپا، دامەزراوە و ناوەندە نێودەوڵەتییەكانی تر دەست بكەن بە بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە لە سەرپێچیكردنی ڕێككەوتن و یاسا نێودەوڵەتییەكان لەلایەن سوپای سەربازیی توركیاوە، بەتایبەتی ڕێساكانی دژ بە بەكارهێنانی جیاكاری و بە ئامانج گرتنی هاوڵاتیانی مەدەنی لە جەنگدا".

جگە لەوانەش، سی پی تی داوای كردووە "ئەو وڵاتانەی كە هاوكاریی سەربازیی توركیا دەكەن، هاوكارییەكانیان ڕابگرن تا ئەو كاتەی توركیا دەست هەڵدەگرێت لە بەردەوامیدان لە بە ئامانج گرتنی هاوڵاتیانی مەدەنی و ئاوارەكردنیان".

بۆ خوێندنەوەی تەواوی ڕاپۆرتەكە كلیك لێرە بكە