پێنج پێشمەرگە لە ئامێدی شەھیدبوون؛ پەکەکە دەڵێت: تەقەمان کردووە بۆ ئەوەی نەیەنە پێشەوە

05-06-2021 10:44

پەرەگراف

ھێزێکی پێشمەرگە لە سنوری قەزای ئامێدی کەوتوونەتە "بۆسەیەکی پەکەکە"وەو پێنج پێشمەرگە شەھیدبوون و چواری دیکەش برینداربوون.

وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت "بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٥ی حوزەیرانی ٢٠٢١، هێزێکی پێشمەرگە لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکێکیسەربازی لەچیای مەتینی قەزای ئامێدی، بەمەبەستی پاراستنی خەڵک و گوندەکانی ئەم ناوچەیە و گەڕاندنەوەی ئاسایش بۆ دەڤەرەکە، لەلایەن هێزێکی (پ ک ک)ەوە بۆسەیەکیان بۆ دانراوە، لە ئەنجامدا پێنج پێشمەرگە شەھید بوون چوار پێشمەرگەی تریش برینداربوون".

"پێشتریش هۆشداریمان دابوو، لەئەگەری روودانی رووداوی لەو شێوەیە، دەبێ هەمووان رێز لەسنووری هەرێم بگرن و ئاسایش وسەقامگیری هەرێمی کوردستان نەخەنە مەترسیەوە" وەزارەتی پێشمەرگە وادەڵێت.

ھاوکات میدیاکانی نزیک لە پەکەکە دەڵێن، هێزەکانی عێراق و پارتی دیموکراتی کوردستان دەستیان بە جموجوڵ بەرەو ناوچەکانی گەریلاکردووە و "لەو چوارچێوەیەدا هێرشیان کردووەتە سەر کامپەکانی گەریلا".

"لە کاتژمێر ٠٤:٠٠ی بەرەبەیانی ئەمڕۆەوە جموجوڵی سەربازی بەرەو ناوچەکانی گەریلا لە مەتینا و ئامێدی دەستیپێکردووە. هێزەکانیهەپەگە و یەژاستار بۆ ئەوەى ئەو هێزانە زیاتر بەرەو پێش نەڕۆن گولـلەى هۆشیارکردنەوەیان تەقاند".

ھێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لەبارەی ئەو جموجوڵەوە دەڵێت "داوا لەو هێزانە دەکەین لە پشتەوە خەنجەر لە هێزەکانمان نەدەن. ئێمە لەشەڕ و بەرەنگاریی دەوڵەتی تورکی داگیرکەرداین، کە دەیەوێت باشووری کوردستان داگیر بکات".