توركیا كەمپی مەخموری بۆردومان كرد

05-06-2021 03:18
كەمپی مەخمور دوای بۆردومانەكەی ئەمڕۆ. وێنە؛ ڕۆژنیوز

پەرەگراف

میدیكانی نزیك لە پەكەكە بڵاویان كردەوە، فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركیا ئەمڕۆ كەمپی مەخموری بۆردومان كردووە.

لەبارەی زیانەكان هێشتا هیچ زانیارییەكی فەرمیی ڕانەگەیەندراوە.

بۆردومانەكە ترس‌و دڵەڕاوكێی لەناو دانیشتوانی كەمپەكەدا دروست كردووە كە ئەندام‌و لایەنگرانی پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە)ی تێدایە، ئەوە یەكەمجار نییە كەمپەكە ڕوبەڕوی هێرش‌و بۆردومانی توركیا دەبێتەوەو ناوەناوە فڕۆكەی توركیی هێرش دەكاتەسەر كەمپەكەو تائێستا چەندین دانیشتووی كەمپەكە بە بۆردومانی توركیا شەهید‌و برینداربوون.

توركیا لەگەڵ بەردەوامیی هێرش‌و بۆردومان بۆسەر گەریلاكانی پەكەكە لە بادینان‌و قەندیل، هاوكات چاوی لەسەر ئەو ناوچانەیە كە ئەندام‌و لایەنگرانی پەكەكەی تێدایە، لەو چوارچێوەیەدا چەندینجار هەڕەشەی هێرشكردنەسەر شەنگال‌و كەمپی شەهید ڕۆستەم جودی كردووە لە قەزای مەخمور سەربە پارێزگای هەولێر.

دواینجار 2ی ئەم مانگە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا، كەمپی مەخمووری بە شوێنێك بۆ پێگەیاندنی گەریلای پەكەكە ناو برد و وتی "مەخموور، لانەی هەڵهێنانە بۆ قەندیل. ئەم لانەی هەڵهێنانە لە ناوەندی شار گەشە دەكەن. ئەگەر بە سەریاندا نەدەین، بەردەوام دەبن لە بەرهەمهێنان".