وردەكاری و دوایین زانیارییەكان لەبارەی ڕووداوەكەی نێوان پێشمەرگە و پەكەكە و كاردانەوەكانی

05-06-2021 10:25

پەرەگراف
لە ڕووداوێكدا كە هێشتا وردەكارییەكەی تەواو ڕوون نییە و پێشمەرگە و پەكەكە گێڕانەوەی جیاوازیان لەبارەیەوە هەیە، پێنج پێشمەرگە شەهید و ژمارەیەكی دیكە بریندار بوون. باس لە بوونی شەهید لە ڕیزی پەكەكەش دەكرێت، بەڵام پشتڕاست نەكراوەتەوە. سەرۆكایەتییەكانی حكوومەت و هەرێم و فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق ئیدانەی دەكەن. پێشمەرگە دەڵێت "پەكەكە هێرشی كردووە" و پەكەكەش دەڵێت "پێشمەرگە لە دوو لاوە هێرشی كردووە و ئەم ئەنجامە خواستی ئێمە نەبوو".

دەربارەی ئەو ڕووداوە كە كاتژمێر 4ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە چیای مەتین-ی قەزای ئامێدی ڕوی دا، وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت "كاروانێكی هێزی پێشمەرگە، لەلایەن هێزێكی پەكەكەوە دەستدرێژییەكی بێ پاساویان كرایە سەر و لە ئەنجامدا پێنج پێشمەرگە شەهید بوون و حەوت پێشمەرگەی تریش بریندار بوون".

وەزارەتەكە لە ڕاگەیەندراوێكدا "سەركۆنەی توندی ئەو پەلامارە" دەكات‌و هۆشداریش دەدات كە دۆخی هەستیاری هەرێمی كوردستان، ڕەوشی لەو جۆرە ناخوازێت.

وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، لەم هێرشەدا هێزەكانی پەكەكە چەكی سووك و قورسیان بەكارهێناوە، "لەكاتێكدا چوونی هێزی پێشمەرگە بۆ ئەو سنوورە بە ئامانجی پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەكە بووە. وەك هەر ناوچەیەكی تری سنووری هەرێمی كوردستان، هێزی پێشمەرگە بە مافی خۆی دەزانێت جووڵە و سەنگەرسازیی پێویست بكات".

"لێرەوە داوا دەكەین حكومەتی عێراق بە خێرایی بێتە سەر خەت و ڕێگە لە لەشكركێشی و پەلامارە بەردەوامەكانی توركیا بگیرێت. هەروەك داواش لە هێزەكانی پەكەكە دەكەین، ڕێز لە سنوور و سەروەریی خاكی كوردستان بگرێت و شەڕ لە ماڵی كورد و هەرێمی كوردستان دوور بخاتەوە" وەزارەتی پێشمەرگە وا دەڵێت.

هاوكات سەربەست لەزگین، بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، تیمی ئەندازەی لەشكری فەرماندەی زێرەڤانی لە ئەركی خۆیاندا بوون‌و كەوتوونەتە بەر هێرشی پەكەكە "پەكەكە بە هەموو جۆرە چەكێك هێرشی كردە سەر پێشمەرگە؛ ڕۆكێت، بیكەیسی، ئاربیجی‌و قەناسی بەكارهێنا".

بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە وتیشی، ئەو شوێنەی پێشمەرگە دەبوو لێی جێگیر ببن، بە سەركەوتوویی ئەركی خۆیان جێبەجێ كردووە، لە ئەنجامی شەڕەكەدا ژمارەیەك چەكداری پەكەكەش كوژراون، "شەڕ زیاتر لە كاتژمێر و نیوێكی خایاند، تەرمی دوو چەكداری پەكەكەش لە مەیدانی شەڕ جێماوە و هەندێك كەلوپەكی دیكەشیان بەجێماوە".

پەكەكە دان بەوەدا نانێت شەڕو ڕوبەڕوبوونەوە ڕوویدابێت، باس لەوە دەكات هێزەكانیان "تەقەیان بە ئاسماندا كردووە".

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "دوای ئەوەی هێزەكانی پەدەكە چوونە كامپی هێزەكانمان لە ناوچەی مەتینا، هێزەكانمان بە ئامانجی هۆشیاركردنەوە، بە چەكی كەسی تەقەیان بە ئاسماندا كردووە".

هەپەگە دەشڵێت "هیچ یەك لە زرێپۆشەكان گوێیان بەو هۆشیاركردنەوەیە نەداوە و بەردەوام بوون لەسەر جموجووڵەكەیان. دوای ئەوە چۆن گورزیان لێ دراوە و لەلایەن كێوە لێیان دراوە، ئەوە ڕوون نەبووەتەوە. ئەوە ڕوون نەبووەتەوە كە ئاخۆ مینی چێندراوی پێشتر تەقیوەتەوە، یان هێرشی ئاسمانی ڕووی داوە".

لە نوێترین ڕاگەیەندراویشدا، فەرماندەیی مەیدانی خابووری هەرێمی مەتینای هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، دەڵێت "هێزەكانی سەر بە پەدەكە، لە دوو لاوە هێرشیان كردە سەر دۆڵێك لە نێوان گردی چارچلا و گردی جولەمێرگ، كە خاڵێكی ستراتیژیی مەتینایە، بۆ ئەوەی ئەو هێرشە كە ٥٠ زرێپۆش تێدا بەشدار بوون، نەیەتە ناو دۆڵەكەوە، هێزەكانمان بە چەكی سووك تەقەی ئاسمانییان كرد، بەڵام ئەو هێزانە بێ گوێدانە هۆشدارییەكانمان، هێرشبەرانە بەرەو پێشهاتن".

"ئەو دۆڵە هیچ گوند و شوێنێكی نیشتەجێیبوونی تێدا نییە، ٢٥ ساڵە هێزی پێشمەرگە نەهاتووەتە ئەم مەیدانە و هێزەكانی گەریلای تێدان و لە دژی سوپای داگیركەری تورك مینڕێژ كراوە، سەرەڕای ئەوەی ئەمانەیان زانیوە و هۆشدارییشیان پێ درا، بەڵام یەك دوو ئۆتۆمبێلیان بەردەوام بەرەوە پێش دەهاتن، بەهۆی تەقینەوەیەك كە هۆكارەكەی نازاندرێت، چەند قوربانیی لێ كەوتەوە، ئەم ئەنجامە خواستی ئێمە نەبوو و دڵی مرۆڤ دەئیشێنێت".


فەرماندەیی مەیدانی خابووری هەرێمی مەتینای هەپەگە، جووڵەی پێشمەرگەی بۆ ئەو ناوچە، بە ڕێگەخۆشكەر بۆ شەڕێكی قورس لە نێوان هێزە كوردییەكان لێك داوەتەوە.

ئەوە یەكەم جار نییە شەڕ و پێكدادان لە نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و گەریلاكانی پەكەكە لەو ناوچەیە ڕوو دەدات، پێشتریش زیانی گیانی لە هەردوولا هەبووە.

پارتی، پەكەكە تۆمەتبار دەكات بە مەترسیی دروستكردن بۆ ناوچە سنوورییەكانی هەرێم‌ و "داگیركردنی دەیان گوند و ناوچە"، پەكەكەش پارتی تۆمەتبار دەكات بە "هاوكاریكردنی دەوڵەتی توركیا بۆ لێدان لە پەكەكە" كە ئێستا لە ناوچە سنوورییەكان هێرشی ئاسمانی ‌و زەمینیی توركیا دژی پەكەكە بەردەوامە.

لە كاردانەوەی ئەو ڕووداوەدا، لیوا یەحیا ڕەسوول، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، دەڵێت "سەركۆنەی ئەو هێرشە تیرۆریستییە ترسنۆكانەیە دەكەین كە یەكەیەكی سەربازیی عێراقی لە چوارچێوەی هێزەكانی پێشمەرگە لە ڕێگەی چیای مەتینی پارێزگای دهۆك، لەسەر دەستی گرووپی چەكداریی ناعێراقی ڕووبەڕووی بوونەوە".

وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق دەشڵێت "هێزەكانی ئاسایش لێكۆڵینەوەیان لە ڕووداوەكە دەست پێ كردووە و هەموو دەستدرێژیكارییەكیش بۆ سەر خوێنی عێراقییەكان و ئاسایشیان بە سزای دادپەروەرانەی خۆی دەگات".

ڕووداوەكە كاردانەوەی توندی سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستانیشی لێ‌ كەوتەوە و مەسرور بارزانی سەۆكی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، بە توندی هێرشی ئەمڕۆی پەكەكە بۆ سەر پێشمەرگە سەركۆنە شەرمەزار دەكات، وتیشی "داوا لە پەرلەمانی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان دەكەم كە بە یەكدەنگیی لە دژی ئەم دەستدرێژییە بوەستنەوە".

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانیش بە توندی سەركۆنەی ئەو "هێرش"ـە‌ دەكات ‌و لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "دووپاتی دەكەینەوە كە پێویستە سنوورێك بۆ‌ ئەم ڕەفتارانەی پەكەكە بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان دابنرێت و بە هیچ شێوەیەك ناكرێت بەردەوام بن كە بێ پاساو ماوەی سێ دەیەیە بەرامبەر بە‌ خەڵكی هەرێمی كوردستانی دەیكات، بووەتە هۆی نەهامەتیی بەردەوام بۆ هاووڵاتیان و ڕێگری لە ئاوە‌دانكردنەوە و گەڕانەوەی ژیان بۆ سەتان گوند و دێهاتی كوردستان كردووە".

"ئەوان بەردەوام بوونەتە هۆی دروستكردنی كێشە و هیچ ڕێزێك لە ئیدارە و یاساكانی هەرێمی كوردستان ناگرن و بەردەوام ئارامی و سەقامگیریی گەل وڵاتەكەمان دەخەنە ‌بەر هەڕەشە و مەترسییەوە"، سەرۆكایەتیی هەرێم وا دەڵێت.

داواش دەكات‌و هۆشداریی دەدات كە پەكەكە چیتر "نەبێتە هۆكاری ئاڵۆزی و پشێوی، چەكدارانی لە سنوورەكانی هەرێمی كوردستان دوور بخاتەوە و ڕێز لە قەوارە و ئیدارە و سنوورەكانی هەرێم بگرێت و خاكی هەرێمی كوردستان نەكاتە پێگەیەك بۆ هێرش كردنە سەر وڵاتانی دراوسێ و تێكدانی ئارامی و سەقامگیری، حكوومەتی فیدراڵی عێراقیش دەبێ لەم بارەیەوە ئەرك و بەرپرسیاریەتیی خۆی جێبەجێ بكات".

بەڵام پەرلەمانی كوردستان ئیدانەی ڕووداوەكەی نەكردووە و دەڵێت "هاوخەمیی خۆمان بۆ شەهیدبوونی ئەو پێنچ پێشمەرگە قارەمانە دەردەبڕین كە وەك لە ڕاگەیەنراوی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە، لەلایەن پەكەكەوە لە بۆسەیەكدا شەهید كران".

پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ ڕەتكردنەوەی بژاردەی شەڕ، دەڵێت "خوازیارین شەڕی لایەنە ناكۆكەكان لە سنوورەكانی هەرێمی كوردستان دوور بخرێتەوە. دەبێت هەموو لایەك سەروەریی هەرێمی كوردستان بپارێزن و بیانوو بەدەستەوە نەدرێت بۆ شەڕ و پەلامار و لەشكركێشیی وڵاتان، بە جۆرێك كە كار بكاتە سەر ناوچەكانی كوردستان و بەهۆیەوە سەر و ماڵی هاووڵاتیانمان و سرووشتی ناوچەكە بكەوێتە مەترسییەوە و ڕێگری بكرێت لە ئاوەدانكردنەوە و ئارامیی گوندەكان".