دادگای سلێمانی لەسەر دۆسیەی ئامانج بابانی وەڵامی بەڵگەی تاوانی هەرێم دەداتەوە

06-02-2020 06:53


پەرەگراف

دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی وەڵامی بەڕێوەبەری پۆلیسی بەڵگەی تاوانی هەرێمی دایەوەو وتەكانی بە "ناڕاست و چەواشەكارانە" ناودەبات لەسەر دۆسیەی ئامانج بابانی لانەی هاوسەری‌و منداڵەكەیان.

ئەمڕۆ بەڕێوەبەری پۆلیسی بەڵگەی تاوانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، چوار قەوانی فیشەك لە دۆسیەی ئامانج بابانی‌و لانەی هاوسەری‌و منداڵەكەیان هێشتا چارەنووسی دیار نییەو ئەو چەكەی ئەو چوار فیشەكەی پێی تەقێندراوە دەستی بەسەردا نەگیراوە، وتیشی"لەوانەیە كەیسەكە خۆكوژیی نەبووبێت‌و كوشتن بێت".

دواتر دادگای سلێمانی بە چەند خاڵێك وەڵامی بەڵگەی تاوانی هەرێمی دایەوەو وتەكانی لەسەر ئەو دۆسیەیە ڕەتكردەوەو دەڵێت"ئەوكارەی ئەو بەڕێوەبەرە دەرچوونە لە سنووری یاسایی خۆی و مافی خۆمان لە وەرگرتنی ئیجرائاتی یاسایی بەرامبەری دەپارێزین".

شەوی 16-10-2019 لە دەوروبەری تێرمیناڵی شارەزوور لە شاری سلێمانی، تەرمی ئامانج محەمەد نووری، پێشكەشكاری دیاری كەناڵی ئێن ئاڕتی و لانە محەمەدی هاوسەری كە پێشكەشكارێكی دیاری كەناڵی كوردسات بوو و منداڵەكەیان، لەناو ئۆتۆمبێلێكدا دۆزرانەوە، دواتر پۆلیسی سلێمانی ڕووداوەكەی بە خۆكوژیی ناوبردو ڕایگەیاند، ئامانج ژن‌و منداڵەكەیی كوشتووەو دواتر خۆیشی كوشتووە.

پەڕاوی ڕووداوەكە لەلایەن دادوەری لێكۆڵینەوەی دۆسیەكە لە 18-12-2019 داخراوە بە تۆمەتباركردنی ئامانج بابانی بە كوشتنی هاوسەرەكەی و منداڵەكەی و دواتر كوشتنی خۆی، بەڵام بەڕێوەبەری بەڵگەی تاوانی هەرێم ئەمڕۆ داوای كرد لەلایەن داواكاری مافی كەسییەوە تانە لەو بڕیارە بدرێت و وتی"بۆ ئەوەی ڕوون ببێتەوە ئەم ڕووداوە چۆن ڕوویداوە و ئەو گومانە نەمێنێت، لای خۆمان داواكارین لە سەرۆكایەتیی داواكاری گشتی چاو بە بەڵگە مادییەكاندا بخشێنێتەوە و كەیسەكە بە كراوەیی بمێنێتەوە تاوەكو دەگەینە ڕاستی كێشەكە".

دەقی وەڵامەكەی دادگای سلێمانی بۆ بەڵگەی تاوانی هەرێم

ڕاگەیەنراوێك لە سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانییەوە

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٠٢٠/٢/٦ بەڕێوەبەری بەڵگەی تاوانی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ناوەختدا، بێئەوەی كەس داوای لێكردبێت كۆمەڵێك قسەی ناڕاست و چەواشەكارانەی لەسەر دۆسیەیەكی تایبەت بە دادگای لێكۆڵینەوەی سلێمانی كردووە و پرسیار و گومانی لای هاووڵاتیان دروستكردووە، بۆیە بە هەموو لایەكی ڕادەگەیەنین كە:-

١) نازانین ئەو قسانە لەمكاتەدا و دوای تێپەڕبوونی ماوەیەك بەسەر بڕیاری كۆتایی دادگا بە داخستنی دۆسیەكە لەبەرژەوەندی كێ و لەپێناوی چیدا كراوە، جگە لە لەقكردنی متمانەی هاووڵاتیان بە دادگاكان و سیستمی دادوەری و دەزگاكانی لێكۆڵینەوە، بە دەزگاكەی خۆیشییەوە!.

٢) ئەو كەسەی ئەو قسانەی كردووە خۆی جێبەجێكاری فەرمانەكانی دادگایە و پێویستە هەركات دادگا فەرمانی پێكرد وەكو خۆی جێبەجێی بكات و ئەنجامەكەی بخاتەوە بەردەستی دادوەر، وە بەهیچ شێوەیەك كاری ئەو نییە و بۆی نییە ڕێوشوێن بۆ دادگا دیاری بكات و ڕێنمایی دادوەر بكات كە چی بكات و چی نەكات.

٣) ئەوكارەی ئەو بەڕێوەبەرە دەرچوونە لە سنووری یاسایی خۆی و مافی خۆمان لە وەرگرتنی ئیجرائاتی یاسایی بەرامبەری دەپارێزین.

٤) هەموو هاووڵاتیانی بەڕێز دڵنیا دەكەینەوە كە دادگاكانی هەرێمی كوردستان بەگشتی و سلێمانی بەتایبەتی بەهەموو توانایانەوە یاسا بەسەر هەموواندا پیادە ئەكەن و مافی هەموو كەس و لایەنێك لە چوارچێوەی ئەو دەسەڵاتانەی یاسا بۆی دیاریكردوون، ئەپارێزن.

سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی
٢٠٢٠/٢/٦