دژەتیرۆری پارتی هێرشی تووند دەكاتەسەر پەكەكە؛ بە "تیرۆریست" لە قەڵەمیان دەدات

07-06-2021 01:20

پەرەگراف

شەڕی ڕاگەیاندنی نێوان پارتی‌و پەكەكە تادێت تووندتر دەبێتەوە، لە پێشهاتێكی نوێدا دژەتیرۆری پارتی هێرشی تووند دەكاتەسەر پەكەكەو بە "تیرۆریست" لە قەڵەمیان دەدات.

پەیجی فەرمیی دژەتیرۆری پارتی ڕاپۆرتێكی ڤیدیۆیی بە ژێرنووسی ئینگلیزیی دەربارەی پەكەكە بڵاوكردەوە‌و تێیدا چەندین تاوانی قورس دەداتە پاڵ پەكەكە‌و بە "داعش لە بەرگێكی جیاوازدا" ناویان دەبات.

ئەو هێرشەی دژەتیرۆری پارتی دوای ئەوەدێت، مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەو حیزبە ھەڕەشەی لە پەكەكە كردو ڕایگەیاند: ئەوانەی تاوانی شەھیدكردنی پێشمەرگەكانیان ئەنجامدا بە سزای خۆیان دەگەن.

"بستێك لە خاكی باكوری كوردستانیان ئازاد نەكردووەو خاكە ئازادكراوەكانیان داگیركردووە.. ڕفاندنی منداڵان‌و بێسەروشوێنكردنیان‌و چەكداركردنی منداڵان‌و دابڕاندنیان لە خێزانەكانیان لەو كردەوانەیە كە ئەم گروپە پێی دەناسرێتەوە كە تائێستا سەدان منداڵ چارەنوسیان لەلایەن ئەو گروپەوە نادیارە، بازرگانی بە مادەی هۆشبەرو سەرانەسەندن‌و قاچاخچێتی بە مرۆڤ لە كردەوە هەرەناسراوەكانی ئەم گروپەن" دژەتیرۆری پارتی وا بە پەكەكە دەڵێت.

لە درێژەی هێرشەكەی بۆسەر پەكەكە، دژەتیرۆری پارتی سەركردەكانی پەكەكە بە "تیرۆریستی نێودەوڵەتی داواكراو" ناودەبات، دەشڵێت "خاوەنی عەقڵیەتێكی داعشین‌و لە خۆیان زیاتر هیچ لایەنێكی تریان قبوڵ نییەو ئەوەی لەگەڵیان نەبێت دەیكوژن، داعشن لە بەرگێكی جیاوازدا هەردوولایان دژی ئازادی‌و مرۆڤایەتین یەكێكیان بە ناوی دین‌و یەكێكیان بێ دین".

دژەتیرۆری پارتی داواش لە سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان دەكات "لەوە تێبگەن ئەمانە برانین‌و نابنەبرا، دژایەتی سیاسەت‌و بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن. پەرلەمانی كوردستان وەك ڕێكخراوی تیرۆریستی نەیناساندووە بەهۆی ئەوەی ئەو عەقڵییەتە فڕێ بدەن‌و ناوی كوردو كوردستان لەكەدار نەكەن. ئەم كردەوانەیان چیتر مایەی قبوڵكردن نییەو دەبێت بە زمانی خۆیان وەڵام بدرێنەوە".

شەڕی ڕاگەیاندنی نێوان پارتی‌و پەكەكە لە دوای ڕووداوەكەی چیای مەتینا لە ئامێدی، پێینایە قۆناغێكی تووندترو مەترسیی هەیە بەرەو شەڕی ناوخۆیی نێوان كورد-كورد، پارتی‌و پەكەكە بڕوات.

كاتژمێر 4ی بەرەبەیانی 5ی ئەم مانگە لە چیای مەتین-ی قەزای ئامێدی ڕووداوێك ڕوی دا كە ھێشتا وردەكارییەكەی تەواو ڕوون نییە و پێشمەرگە و پەكەكە گێڕانەوەی جیاوازیان لەبارەیەوە هەیە، تێیدا ئۆتۆمبێلێكی سەربازیی پێشمەرگە كرایە ئامانج، پێنج پێشمەرگە شەهید و ژمارەیەكی دیكە بریندار بوون. باس لە بوونی شەهید لە ڕیزی پەكەكەش دەكرێت، بەڵام پشتڕاست نەكراوەتەوە.

پێشمەرگە دەڵێت "پەكەكە هێرشی كردووە" و پەكەكەش دەڵێت "پێشمەرگە لە دوو لاوە هێرشی كردووە و بەهۆی تەقینەوەیەك كە هۆكارەكەی نازاندرێت، چەند قوربانیی لێ كەوتەوە، ئەم ئەنجامە خواستی ئێمە نەبوو و دڵی مرۆڤ دەئێشێنێت"، پەكەكە داوا دەكات لیژنەیەكی هاوبەش یاخود سەربەخۆ لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە بكەن‌و ڕوونكردنەوەی لەبارەوە بدەن.

ئەوە یەكەم جار نییە شەڕ و پێكدادان لە نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و گەریلاكانی پەكەكە لەو ناوچەیە ڕوو دەدات، پێشتریش زیانی گیانی لە هەردوولا هەبووە.

پارتی، پەكەكە تۆمەتبار دەكات بە مەترسیی دروستكردن بۆ ناوچە سنوورییەكانی هەرێم‌ و "داگیركردنی دەیان گوند و ناوچە"، پەكەكەش پارتی تۆمەتبار دەكات بە "هاوكاریكردنی دەوڵەتی توركیا بۆ لێدان لە پەكەكە" كە ئێستا لە ناوچە سنوورییەكان هێرشی ئاسمانی ‌و زەمینیی توركیا دژی پەكەكە بەردەوامە.

لە كاردانەوەكانی ڕووداوەكەی نێوان پەكەكەو پێشمەرگەدا لە چیای مەتینا، هاوسەرۆكایەتی دەستەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان(كەجەكە) ڕایگەیاند: پارتی دیموكراتی كوردستان لە دژی ناوچەكانی گەریلا دەستی بە هێرشی گەمارۆدان كردووەو لە ئەنجامی ئەوەدا لە نێوان هێزە تایبەتەكانی پارتی‌و گەریلا شەڕ ڕوویدا.

كەجەكە -چەتری كۆكەرەوەی ڕێكخراوەكانی سەربە پەكەكەیە-، داوای هەڵوێست دەكات دژی پارتی، "ئێستا ئامانجی دەوڵەتی تورك و ئامانجەكانی پەدەكە بوونەتە یەك. شەریكایەتیی لە شەڕیشدا لە چوراچێوەی بوون بە یەكی ئامانجەكانیاندایە. ئامانجەكەشیان ئەوەیە، گەریلا لەو شوێنانەدا، كە ماوەی ٤٠ ساڵە تیادایەتی، بە شەڕ بێكاریگەر بكەن تاوەكو نەتوانێت لە دژی دەوڵەتی تورك تێكۆشانی ئازادی بەڕێوە ببات. هیچ جیاوازییەك لە نێوان هێرشە داگیركەرییەكانی دەوڵەتی تورك و گەمارۆدانی ناوچەكانی گەریلا لەلایەن پەدەكەوە نییە و تەنها رۆڵ و نەقشیان جیاوازە. رۆڵی دەوڵەتی تورك چەكوشە و رۆڵی پەدەكەش سندانە".