هۆشداری لەبارەی هەڵكشانی زیاتری هەژارییەوە دەدرێت؛ بۆچی بەهای دۆلار بەردەوام هەڵدەكشێت؟

07-06-2021 05:41

پەرەگراف

ماوەی چەند ڕۆژێكە بازاڕەكانی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق، بەرزبوونەوەیەكی نوێ لە نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی بەخۆیەوە دەبینێت، بەجۆرێك بەهای یەك دۆلار هەزار و 500 دیناری تێپەڕاندووە، ئەوەش جیاوازییەكی زۆری لەگەڵ ئەو نرخە هەیە كە بانكی ناوەندی چەند مانگێك پێش ئێستا دیاری كرد و نرخی دۆلارێك 1450 دیناربوو.

ڕۆژی دووشەممە لە بازاڕەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان كڕینی دۆلار بە زیاتر لە 149 هەزار 500 دینار مامەڵەی پێوە كراوە، نرخی فرۆشتنیش 150 هەزار و 250 دینار بووە، ئەوەش بە بەرزترین ئاست دادەنرێت كە نرخەكان بەخۆیانەوە بینیبێت.

بەرزبونەوەی نرخی دۆلار لە ماوەی ڕابردوودا، گرانبوونێكی بەرچاوی نرخی شمەك و كاڵاكانی بە تایبەت خۆراكی بە دوای خۆیدا هێنا، بەهۆیەوە بێبازاڕییەكی زۆر ڕووی لە كاسبكاران كردووە و هاووڵاتیان بەهۆی ئەو ناجێگیرییەی لە ئابووریدا هەیە، كڕینی كەلوپەلیان ڕاگرتووە.

ماوەیەك پێش ئێستا وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاشكرایكرد، بەرزبونەوەی نرخی دۆلار بووەتە هۆی هەڵكشانی ئاستی هەژاری بەڕێژەی %26 بۆ 27%، ئەوەش بەهۆی بەرزبنەوەی نرخەكان كە وای كردووە بەشێكی هاووڵاتیان نەتوانن پێداویستییەكانی ڕۆژانەیان دابین بكەن.

سالم توفەیلی ئەندامی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەڵێت "هۆكاری سەرەكیی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، نەبوونی چاودێریی حكومەتە بەسەر بازاڕەكانەوە، هەبوونی بانكی ئەهلی و نووسینگەكانی ئاڵوگۆڕی دراو هۆكارێكی دیكەیە بۆ یاریكردن بە نرخی دۆلار بەپێی بەرژەوەندیی خۆیان بێ ئەوەی لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت".

"بەرزبوونەوەی دۆلار و گرانبوونی خۆراك و شمەك و كاڵاكان، چەند بازرگانێكی چاوچنۆكی لەپشتە، هاوكات خاوەنی بانك و كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو لایەنی جێبەجێكاری ئەو كارەن، ئەوانیش پەیوەندییان لەگەڵ چەند لایەن و كەسایەتییەكی سیاسی هەیە، كە خۆیان چۆنیان بوێت یاری بە بازاڕ دەكەن، حكومەتیش لەو بارەیەوە بێدەنگە" توفەیلی وا دەڵێت.

ئەندامەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای دەكات، بازاڕەكانی عێراق چەند ڕۆژێكە ناسەقامگیرییەكی زۆری پێوە دیارە، بەهۆی جێگیرنەبوونی نرخی دۆلار و گرانییەوە، ئەو بابەتەش پێویستی بە دەستوەردانی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەت هەیە، بۆ ئەوەی كۆنترۆڵی دۆخەكە بكرێت، ئەگەر ئەوەش ڕوو نەدات، شەقامی عێراقی جارێكی دیكە بە ڕووی حكومەت و ئەو چینە سیاسییەدا دەتەقێتەوە.

لە لایەكی دیكەوە، محەمەد شەبكی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، ڕایدەگەیەنێت "لە چەند ڕۆژی داهاتوودا چەند لایەنێكی پەیوەندیدار لە وەزارەتی دارایی و بانكی ناوەندی بانگهێشت دەكرێن، بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی لێكەوتەكانی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بۆ زیاتر لەو ڕێژەیەی لە بوودجەی 2021 دیاری كرابوو".

"لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق كۆمەڵێك پێشنیار دەخاتە ڕوو لەپێناوی ئەوەی لایەنی حكومی كۆنترۆڵی نرخی دۆلار بكات و ڕێگری بكرێت لەوەی بازرگانەكان یاری بە نرخەكان بكەن، چونكە ئەوە كارەساتی مرۆیی لێ دەكەوێتەوە، بە تایبەت لەگەڵ هەڵكشانی ڕێژەی هەژاریی و بێكاری بۆ ئاستێكی بەرز" شەبكی وا دەڵێت.

ئەندامەكەی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران پێی وایە "دۆخی ئابووریی عێراق ڕێگە نادات بەوەی نرخی دۆلار و خواردن لەوە زیاتر بەرز ببێتەوە، ئەوە كاردانەوەی گەورەی مەترسیدار بەدوای خۆیدا دەهێنێت، لەوانە ئەگەری تەقینەوەی خۆپیشاندانە جەماوەرییەكان و زیادبوونی ڕێژەی تاوان لە كۆمەڵگەی عێراقیدا، بەتایبەت كە هەلی كاركردن لە كەرتی حكومی و تایبەت بوونی نییە، بێكاری لەناو گەنجاندا بە شێوەیەكی بەرچاو بڵاوە".

لای خۆیەوە یونس كەعبی پسپۆڕی ئابووری دەڵێت "خستنەڕووی دراو كەمی نەكردووە، چینی هەژاریش دۆخ و گوزەرانیان باش نەبووە، لە هەمووشی گرنگتر جێهێشتنی چینێكی گرنگی كۆمەڵگەیە بە هەژاری، ئەوانیش فەرمانبەران و خانەنشینانن".

كەعبی باس لەوە دەكات گۆڕانی نرخی دۆلار لەلایەك بووەتە هۆی كەمبوونەوەی داهاتی مانگانەی فەرمانبەران و خانەنشینان، لە لایەكی دیكەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی دەرمان و كەلوپەلە پێویستییەكانی بازاڕ.

ئەو پسپۆڕە ئابوورییە ئاماژە بەوە دەكات، بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری بۆ ئەو ئاستەی بەیاننامەكەی وەزارەتی پلاندانان باسی كردووە، گەورەترین ئاماژەیە بۆ شكستی سیاسەتی دارایی و نەقدی لە عێراق.