دۆزی كورد لە توركیا؛ گۆڕانی هەڵوێستی گەورەترین پارتی دژەكورد هەمووان تووشی شۆك دەكات

08-06-2021 08:33

پەرەگراف

لە بەرەوپێشچوونێكی نوێ و تاڕادەیەك پێشبینی نەكراو لەبارەی دۆزی كورد لە باكووری كوردستان، پارتی گەلی كۆماریی توركیا كە دەیان ساڵە بە گەورەترین حیزبی دژە كورد دادەنرێت لەو وڵاتە، لیژنەیەكی حیزبی تایبەت لەژێر ناوی "مێزی باشوور و ڕۆژهەڵاتی وڵات" دروست دەكات، تایبەت بە چارەسەركردنی كێشەكانی ئەو ناوچەیە، لە سەروو هەموویشیانەوە كێشەی كورد.

گرنگی ئەیو هەنگاوە لەوەدایە، پارتی گەلی كۆماری خۆی بە میراتگری بیروباوەڕ و ئایدیاكانی مستەفا كەمال ئەتاتوركی دامەزرێنەری كۆماری توركیای عەلمانی نوێ دادەنێت، بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتیی كۆماریش كە لە ساڵی 2023 ئەنجام دەدرێت، پێشبینی دەكرێت بەهێزترین ڕكابەری حیزبەكان بێت، بەتایبەت پارتی داد و گەشەپێدانی ئەردۆغان.

لە ڕووی مێژووییەوە حیزبەكەی ئەتاتورك، یەكێكە لەو حیزبانەی زۆر دژی كوردە و دان بە كێشەكەی و چارەسەركردنیدا نانێت لەو وڵاتەدا، بیروڕاكانیان پشت بەو سیستم و بنەما قەومییە دەبەستێت كە ساڵی 1923 توركیای نوێی لەسەر دامەزراوە.

ئەو مێزەی حیزبەكە دەیەوێت دروستی بكات، لەلایەن ئوغوز كان ساڵجی، جێگری سكرتێری گشتیی جەهەپەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، ئەوەش هێمایە بۆ ئەوەی دۆسیەكە جێی گرنگیپێدانێكی زۆری سەركردایەتیی حیزبەكەیە.

بە شێوەیەكی گشتی مێزەكە لە چەند لیژنەیەكی تایبەتمەندی جیاواز پێكهاتووە، لەلایەن حیزبەوە دروست دەكرێن و دەنێردرێن بۆ ناوچەكەكانی باكووری كوردستان، بە مەبەستی كۆبوونەوە و گفتوگۆ كردن لەگەڵ سەركردە ناوخۆییەكانی ناوچەكە، كە زۆرینەیان لە كوردەكان پێكهاتوون، ئەوان كۆمەڵێك پێشبینی و چارەسەر دەخەنە ڕوو كە پارتی گەلی كۆماری لە كار و بەرنامەی سیاسی خۆیدا پێوەی پابەند دەبێت.

دانپێدانانێكی دروست

لەلایەن ئوغوز كان ساڵجی، جێگری سكرتێری گشتیی پارتی گەلی كۆماری، لە چاوپێكەوتنەكانیدا لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، زۆر بە ڕوونی دانی ناوە بەوەدا لە وڵاتدا حیزبەكەی دەزانێت كێشەیەك لەو وڵاتە هەیە بە ناوی دۆزی كورد، ئەوەش یەكێكە لە گەورەترین كێشە چارەسەرنەكراوەكانی توركیا، كە تەنها پەیوەندیی بە كوردەوە نییە، بەڵكو گرێدراوە بە تەواوی توركیاوە.

باسی لەوەش كردووە حیزبەكەی زۆر بە باشی دەزانێت جیاوازی بكات لە نێوان چارەسەری دۆسیەی كورد و ئەوەی بە "ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر" دادەنرێت، وەك ئاماژەیەك بۆ پارتی كرێكارانی كوردستان كە ماوەی زیاتر لە 40 ساڵە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی توركیا لە ڕووبەڕبوونەوەی سەربازی و چەكداریدایە.

سەردان جەماداری، توێژەر لە بواری مێژووی سیاسەتی توركیا، دەڵێت "لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا چەند جارێك گۆڕانكاری بەسەر هەڵوێستی جەهەپەدا هاتووە لەسەر دۆسیەی كورد".

"پارتی گەلی كۆماری بۆ یەكەم جار لە ساڵی 2004 پێگە ڕەگەزپەرستییەكەی خۆی جێهێشت، كاتێك بەیاننامەیەكی لەبارەی باشكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەركرد، لەو كاتەدا ئەوە لەژێر فشاری یەكێتیی بازرگاناندا بوو كە دەیانویست سوود لە وەبەرهێنان لەگەڵ هەرێم وەربگرن" جەماداری وا دەڵێت.

توێژەرەكەی بواری مێژووی سیاسەتی توركیا، ئاماژەی بە گۆڕانكاریی دووەم كردووە، ئەوەش دوای ئابڕووچوونەكەی دەنیز بایكاڵ، سكرتێری پارتەكە، لە ساڵی 2010 و چارەسەرەكانی كەمال كلیچدار ئۆغلۆ سكرتێری نوێ، كە كۆمەڵێك گۆڕانكاریی لە گوتار و دونیابینیی حیزبەكەدا دروست كرد، بۆ ئەوە تا ڕادەیەك كەمتر ڕەگەزپەرست بن، بە تایبەت كە كلیچدار ئۆغلۆ لە ڕەچەڵەكێكی كوردە.

سەردان جەماداری باسی لەوە كردووە "پێدەچێت كارلێكە ئیجابییەكەی پارتی داد و گەشەپێدان و داننانیان بە كێشەی كورددا، فشاری خستبێتە سەر پارتی گەلی كۆماری، بە تایبەت لە ساڵەكانی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ كورددا، كە دانیان نا بە دۆسییەی كورد و چارەسەركردنی كێشەكە، ئەو مێزەش كە ئێستا دانراوە، چوارەم گۆڕانكارییە كە بەسەر ئالیەتی كاركردنی حیزبەكەدا هاتووە".

پێویستیی سیاسەت

چاودێرانی دۆخی سیاسیی ناوخۆی توركیا، پێیان وایە پارتی گەلی كۆماری بەو سیاسەتە نوێیەی، دەیەوێت دەنگی كوردەكان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بۆ خۆی مسۆگەر بكات.

حیزبەكەی ئەتاتورك كە ئێستا ئۆپۆزسیۆنە، لایەنگرێكی زۆر كەمی لەو ناوچانەدا هەیە كە زۆرینەیان لە كورد پێكهاتوون، بە جۆرێك لە كۆی 24 ویلایەتی باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەكە، تەنها هەشت ئەندام پەرلەمانی هەیە.

چاودێران پێیان وایە گوتاری ڕەگەزپەرستیی ئەتاتورك كە حیزبەكە بەكاری دەهێنێت، ئەو جیاكارییەی دروست كردووە لەنێوان ئەوان و ئەو كوردانەی داوای مافەكانیان لەو وڵاتەدا دەكەن، هەروەها دەیانەوێت هەمان شێوازی ئاكپارتی بەكار بهێنن بۆ ڕاكێشانی كوردەكان بەرەو لای خۆیان.

سەجعان مورادنلی، سیاستمەداری كورد، بە دووری دەزانێت پارتی گەلی كۆماری بە ئامانجی خۆی بگات و بتوانێت دەنگی كوردەكان ڕابكێشێت، چونكە "لە توركیا دوو كوتلەی سیاسی دەتوانن دەسەڵاتی وڵات یەكلا بكەنەوە، ئەوانیش (هاوپەیمانیی گەل)ی دەسەڵاتدار كە لە ئاكپارتی و بزووتنەوەی نەتەوەی ڕاستڕەوی پێك دێت، (هاوپەیمانیی میللـەت) كە لە جەهەپە و حیزبی باش پێكهاتووە".

مرادنلی دەڵێت "بەپێی ئەو جیاكارییە، كوتلەی كوردەكان بە سەرۆكایەتیی پارتی گەلی دیموكرات، بە هاوپەیمانێكی نهێنیی ئۆپۆزسیۆن دادەنرێت بە سەرۆكایەتی جەهەپە، كە دەیەوێت وا لە دەنگدەرانی كورد بكات كە پارتی گەلی كۆماری نزیكترە لە تێڕوانینەكانیان بەراورد بە ئاكپارتی".

تێڕوانینێكی بێ وردەكاری

هیچ كەسایەتییەكی نزیك لە جەهەپە، وردەكاریی ئەوەیان نەخستووەتە ڕوو كە بە چارەسەری دەزانن بۆ كێشەی كورد، چونكە ئەوان كورد بە كەمینە دەبینن لە وڵاتەكەدا، كە یەك لەسەر چواری دانیشتوانی توركیا پێكدەهێنن، ژمارەیان نزیكەی 80 ملیۆن كەسە،
داواكاریی كوردەكان پەیوەندیی بە دانپێدانان بە مافە سیاسییەكان و ناساندنی زمانی كوردی وەك زمانێكی فەرمی هەیە، هاوكات كۆتایهێنان بە ڕووبەڕووبوونەوەی چەكداریی نێوان سوپای توركیا و گەریلاكانی پەكەكە.

سیاسەتێكی هاوسەنگ

دونیا بەبازی ئۆغلۆ، چالاكی نزیك لە جەهەپە، ئاشكرای دەكات كو حیزبەكە دەیەوێت پەیڕەوی سیاسەتێكی هاوسەنگ بكات، ئەوەش لە ڕێی چارەسەر بۆ كێشە یەك لەدوای یەكەكان.

"یەكەم شت ڕاستە كۆمەڵێك داواكاریی سیاسی هەیە، كوردەكان دەیانەوێت جۆرێك لە حوكمی خۆجێی بەدەست بهێنن، بەڵام جەهەپە كۆمەڵێك حیساباتی هەیە كە پەیوەندیی بە بنكەی جەماوەریی هەڵبژاردن و ئەو مامەڵە خراپەی ئاكپارتییەوە هەیە كە بەرانبەریان دەیكەن، بە تایبەت ئەوەی پەیوەندیی بە خستنە ڕووی كۆمەڵێك پێشنیارەوە هەیە كە هانی كوردەكان دەدات بۆ جیابوونەوە" بەبازی ئۆغلۆ وا دەڵێت.

ئەو چالاكە باسی لەوە كردووە "بە شێوەیەكی مەبدەئی حیزب دەتوانێت كەمێك دووركەوێتەوە لەو توندڕەوییەی دژی كورد هەیەتی، ئەوەش لە ڕێی ڕێگری نەكردن لە دەرچوونی بڕیاری لێخۆشبوونی سیاسی بۆ كوردە ئۆپۆزسیۆنەكان، یاخود گومان نەكردن لە هەر دانوستانێك لە نێوان دەوڵەت و پارتی كرێكارانی كوردستاندا".