چیرۆكی دۆزینەوەی دەیان هەزار "دراوی زێڕ" لە گوندێكی خەلیفان

09-06-2021 11:41

پەرەگراف

پیاوێك لە كاتی كاركردن لە زەوییەكەیدا، بەسەر خەزێنەیەكی "دراوی زێڕ"دا دەكەوێت كە "دەیان هەزار دراوی زێڕە" و كێشەكەی بە نزیكەی "200 كیلۆگرام" خەمڵێندراوە، ئەمە بەپێی دوو سەرچاوەی نزیك لە ڕووداوەكە بۆ پەرەگراف.

ئەمڕۆ گرتەی ڤیدیۆیی شوێنەوارێكی مێژوویی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كرایەوە، كە تێیدا هەزاران دراوی كۆن دەردەكەون لەناو دوو گونێی گەورەدا هەڵگیراون، لەناو گرتە ڤیدیۆییەكەدا مێژووی تۆماركردنی هەیە كە 8-6-2021. پەرەگراف بەدواداچوونی بۆ ئەو گرتە ڤیدیۆییە كرد.

سەرچاوەیەكی نزیك لە ڕووداوی دۆزینەوەی ئەو شوێنەوارە مێژووییە، بە پەرەگرافی وت "ئەو فەردە زێڕانەی كە بینیتان، هی گوندی سرێشمەیە، گرتە ڤیدیۆییەكە هی دوێنێیە كە بە ڕوونی ڕۆژی تۆماركردنی لە گرتە ڤیدیۆیەكەدا دەركەوتووە كە 8-6-2021 ـە".

ئەو سەرچاوەیەی پەرەگراف كە بە وردی ئاگاداری ڕووداوەكەیە، لەبارەی چیرۆكی دۆزینەوەی ئەو شوێنەوارە مێژووییەوە وتی "پیاوێكی خەڵكی گوندی سرێشمە حەفارەی بردووە ناو زەوییەكەی تا شوێنی حەوانەوە بۆ ئاژەڵەكانی دروست بكات، لە كاتی ئیشكردندا دەمی حەفارەكە بەر ئەو شوێنەوارە كەوتووە".

"بۆیە خاوەنی زەوییەكە سایەقی حەفارەكە ڕادەگرێت تا بزانێت چییە، كە دێـنە خوارەوە دەبینن زێڕێكی زۆرە. زێڕەكە كۆ دەكەنەوە"، سەرچاوەكەی پەرەگراف وای وت.

دواتر خاوەنی حەفارەكە داوای بەشی خۆی لە خەزێنە دەكات، بەڵام "پیاوە خاوەن زەوییەكە لێی توڕە دەبێت".

بەپێی سەرچاوەكەی پەرەگراف، دوای ئەوەی خاوەن زەوییەكە بەشی شۆفێری حەفرەكە نادات، یان بەشێكی زۆر كەمی پێ‌ دەدات و ئەویش ڕازی نابێت، شۆفێرەكە پەیوەندی بە بەرپرسێكی پارتییەوە لەو ناوچەیە دەكات، ئەو بەرپرسەش پەیوەندی بە سەرەوەی خۆیەوە دەكات و بەرپرسێكی باڵای بارزانی "دوو وەنەوشە دەنێرێـت و دەست بەسەر زێڕەكەدا دەگرێت".

وەكو ئەو سەرچاوەیە باسی كرد، "چوار پێنج مێكزەمینییان ناردووەتە سەر زەوییەكە و زەوییەكەیان لەو كەسە داگیر كردووە".

سەرچاوەكەی دیكەی نزیك لە ڕووداوەكەیش سەرجەم ئەو زانیاریيانەی بۆ پەرەگراف پشتڕاست كردەوە.

هەرچەندە هەندێك كەس لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بانگەشەی ئەوە دەكەن كە ئەو گرتە ڤیدیۆییە كۆنە و لە وڵاتێكی دیكە تۆمار كراوە، بەڵام پەرەگراف بەدواداچوونی وردی بۆ ئەو بابەتەكرد و دەركەوت پێشتر لە هیچ شوێنێك بڵاو نەكراوەتەوە.

تا ئێستا ئەو زانیارییانەی لەبارەی ئەو شوێنەوارەوە هەن، لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەكانی ناوچەكە و هەرێمی كوردستانیش پشتڕاست نەكراونەتەوە و هیچ ڕوونكردنەوەیەكیان لەبارەی ئەو گرتە ڤیدیۆییەوە نەداوە. پەرەگراف پەیوەندیی بە چەند لایەنێكی پەیوەندیدارەوە كرد، بەڵام وتیان كە هێشتا زانیارییان لەبارەیەوە نییە و بەدواداچوونی بۆ دەكەن.