پەرەگراف
سەركردایەتی گشتی یەكێتی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا سیستمی هاوسەرۆكیی بۆ بەڕێوەبردنی حیزبەكەی لە پەیڕەوی ناوخۆدا پەسەند كرد.
سەركردایەتی گشتیی یەكێتی بەدرێژایی ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەدا بوو، چەند ماددەیەكی لە پەیڕەوی ناوخۆی حیزبەكەی پەسەند كرد، گرنگترینیان پەسەندكردنی سیستمی هاوسەرۆكییە، واتە زیاتر لە كەسێك لە لوتكەی بەڕێوەبردنی حیزبدا دەبن پێكەوە.
دوای كۆبوونەوەكە مستەفا چاوڕەش سەرۆكی كاتیی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتیی یەكێتی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا ئەوەی ئاشكرا كرد كە سیستمی هاوسەرۆكییان پەسەند كردووە، وتی"بەڵام چەند كەس دەبنو كێ دەبن هێشتا بڕیاری لێ نەدراوە".
مستەفا چاوڕەش ئەوەشی خستە ڕوو، گفتوگۆی زۆریان لەسەر دەسەڵاتەكانو سەرۆكی ئەنجومەنو كۆنسەی سەرۆكایەتیی یەكێتی كردووەو ئەوەشیان تاوتوێ كردووە كە ئایا هاوسەرۆكەكان جێگریان هەبێت یان نا، بەڵام وردەكاریی زیاتری ئاشكرا نەكرد.
لەبارەی مەرجەكانی ئەو كەسانەی كە دەبنە هاوسەرۆك، مستەفا چاوڕەش وتی"دەبێت ناوبانگیان باش بێو ساڵی خەباتیان لە 10 ساڵ كەمتر نەبێو لە دۆسیەی گەندەڵییەوە نەگلابنو دەبێت ئەم سیفاتانەیان تێدابێت".
لەبارەی دەسەڵاتی هاوسەرۆكانی یەكێتی، مستەفا چاوڕەش وتی،"بەرپرسن بەرامبەر سیاسەتی یەكێتیو یەكلاییكردنەوەی كێشەكان، هەماهەنگی دەكەن لەگەڵ مەكتەبو ئۆرگانەكانی ناو یەكێتیو ڕێككەوتنە سیاسییەكان ئەوان دەتوانن واژۆی بكەن، چونكە بەرپرسی یەكەمی ڕاستەوخۆن، ڕاپۆرتی ساڵانە ئامادە دەكەن، بەرپرسن بەرامبەر بە سامانوداهاتو موڵكی یەكێتیو بۆیان هەیە لێپرسینەوە بكەن لە هەموو ئەوانە، بەرپرسن لە جێبەجێكردنی ئەو شتانەی ڕۆژانی داهاتوو دێنە پێشەوە بە هەماهەنگیی ئەنجومەنی سەركردایەتی".
سبەینێش كۆبوونەوەی سەركردایەتی گشتیی یەكێتی بەردەوام دەبێت لە ماددەی 41ی پەیڕەوی ناوخۆوە گفتوگۆكانیان دەستپێدەكاتەوە.