وەزارەتی ناوخۆ: پەکەکە خەڵکی ناردووە بۆ هەرێم بۆ تێکدانی سەقامگیریی

10-06-2021 08:20

پەرەگراف

وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان ھۆشداریی بە پەکەکە دەدات لە تێکدانی سەقامگیریی ناوخۆی ھەرێم و دەڵێت: ھاووڵاتی خاوەن ڕەگەزنامەی ئەوروپاییان ناردووە بۆ ناو هەرێم بۆ بە کارهێنانیان وەک ئامرازێک بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناو هەرێم لە ژێر ناوی گرووپی بەناو ئاشتی و ئازادی.

دەقی راگەیەندراوێک لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوو چەندین جار چەکدارانی پەکەکە پەلاماری ھێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانیان داوە و چەندین ئەفسەر وپێشمەرگەیان شەھید و بریندار کردووە و ھەموو ھەوڵیان بۆ تێکدانی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستانە. بەداخەوە لەڕۆژانی رابردووشدا شەش پێشمەرگەیان شەھید کرد و چەندین پێشمەرگەی تریش بریندار بوون.

چەندین ساڵە بەھۆی بوونی چەکدارانی پەکەکە سەدان گوند و ئاوایی ناوچە سنووریەکان چۆلکراون و زیانێکی زۆری ماددی بەرهاووڵاتییانی ئەو ناوچانە کەوتووە. هاوکات بەردەوام ھەوڵی دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و دروستکردنی پشێوی و نا ئارامیان لە ناو هەرێم داوە، ئەویش بە ڕێگای جۆراوجۆر لەوانە لەم ڕۆژانەدا وەک بەشێک لە پیلانەکانیان لە دژی ھەرێم و بە ھاوکاری دەستێکی ناوخۆیی، چەندین ھاووڵاتی خاوەن ڕەگەزنامەی ئەوروپاییان ناردووە بۆ ناو هەرێم بۆ بە کارهێنانیان وەک ئامرازێک بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناو هەرێم لە ژێر ناوی گرووپی بەناو ئاشتی و ئازادی.

لێرەدا بە ڕای گشتی رادەگەیێنین کە پاراستنی ئارامی وسەقامگیری ناو هەرێمی کوردستان بە گشتی  و هەولێری پایتەخت هێڵی سوورە  و رێگا نادەین لە ژێر هیچ بیانوویەک و لە ژێرناوی هیچ گرووپێک، ئەم سەقامگیریە تێک بدرێت.

داواش لەو گرووپانەی بە ناو ئاشتی وئازادی دەکەین خۆیان نەکەنە ئامرازێک بۆ تێکدانی باری ئەمنیی هەرێم. ئەگەر بە ڕاستیش نیازیان ئاشتی و ئارامییە، با ڕووی قسەکانیان ئاراستەی قەندیل بکەن چونکە شەڕانگێزی و نائارامی لەوێوە سەرچاوە دەگرێت، پێویستە ئەو گرووپانە داوا لە پەکەکە بکەن چیتر دەست نەخاتە ناو کاروبارەکانی هەرێمی کوردستان وسنوورێک بۆ شەڕفرۆشییەکانیان و دژایەتی خەڵکی ئاشتیخوازی هەرێمی کوردستان دابنێن.

 

وەزارەتی ناوخۆی

حکومەتی هەرێمی کوردستان

١٠-٦-٢٠٢١