ئیسرائیل چۆن گەیشت بە ئەرشیفی ئەتۆمیی ئێران؟

سەرۆكی مۆساد چیرۆكە سەرنجڕاكێش و پڕ سەركێشییەكە دەگێڕێتەوە
12-06-2021 04:51
ناتانیاهۆ ساڵی 2018 ئاشكرایكرد دەستیان بە ئەرشیفی ئەتۆمیی ئێران گەیشتووە

پەرەگراف

سەرۆكی پێشووی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد) زانیاریی سەرنجڕاكێش لەبارەی ئۆپەراسیۆنێكی وڵاتەكەی دژی ئێران ئاشكرا دەكات كە بەهۆیەوە دەستیان بە ئەرشیفی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە گەیشتووە.

لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنی ئیسرائیل كە شەوی پێنج شەممەی ڕابردوو پەخشكرا، یوسی كۆهین سەرۆكی پێشووی مۆساد وردەكاری دزینی ئەرشیفی ئەتۆمیی ئێرانی گێڕایەوە، كە بەشێوەیەكی سەرنجڕاكێش و پڕ سەركێشیی لەلایەن مۆسادەوە ئەنجامدراوە.

ئۆپەراسیۆنەكە ساڵی 2018 بووە، ئەو سیخوڕانەی كارەكەیان كردووە، دەستیان گەیشتووە بە هەزار بەڵگەنامەی تایبەت بە ئەرشیفی ئەتۆمیی ئێران.

هاوكات كۆهین باسی تێوەگلانی وڵاتەكەی كرد لە هێرشەكەی ساڵی ڕابردووی سەر وێستگەی ئەتۆمیی نەتەنز لە باشوری ئێران، لەگەڵ كوشتنی موحسین فەخری زادە یەكێك لە زانا ئەتۆمییە ناودارەكانی ئێران.

بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، ساڵی 2018 لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئەو بەڵگەنامە دزراوانەی ئاشكراكرد، لەوكاتەدا ویستی ئەوە دەربخات كە ئێران بە نهێنی هەوڵی دروستكردنی چەكی ئەتۆمیی داوە، هەرچەندە ئێران بەردەوام ئەوەی ڕەتدەكردەوە، بەڵام ناتانیاهۆ وتی: بەڵگەمان لایە.

بەوتەی سەرۆكی پێشووی مۆساد، دانانی پلان بۆ گەیشتن بە ئەرشیفی ئەتۆمیی ئێران دوو ساڵی خایاندووە.

خانمە ڕۆژنامەنوس ئیلان دایان كە چاوپێكەوتنەكەی لەگەڵ كۆهین ئەنجامدا، پرسیاری لەبارەی ئەو كەسانەوە كرد كە ئۆپەراسیۆنەكەیان ئەنجامداوە، سەرۆكی پێشووی مۆساد لە وڵامدا وتی: 20 سیخوڕی سەر بە مۆساد لەوێ كارەكەیان كردووە‌و هیچ یەكێك لەو كەسانەش ئیسرائیلی نەبوون.

لە كاتی ئۆپەراسیۆنەكەدا، كۆهین خۆی لە ناوەندی سەركردایەتی لە تەلئەبیب چاودێریی كارەكەی كردووە.

"سیخوڕەكان گەیشتونەتە كۆگای هەڵگرتنی بەڵگەكان، ناچاربوون زیاتر لە 30 سندوق بشكێنن"، یوسی كۆهین دەشڵێت: بابەتەكە زۆر سەرنجڕاكێش بوو، خۆم ڕاستەوخۆ بەڵگەكانم بینی‌و لەسەر شاشەیەك لەبەردەممدا دەركەوتن.

لەبارەی چارەنوسی ئەو كەسانەی ئۆپەراسیۆنەكەیان ئەنجامداوە، سەرۆكی پێشووی مۆساد دەڵێت، هەموویان باشن، بەڵام چەند كەسێكیان ناچاربوون ئێران جێبهێڵن. وتەكانی كۆهین ئاماژەن بۆئەوەی بەشێكیان تا ئێستاش لەناو خاكی ئێراندا ماونەتەوە.

یوسی كۆهین دوای خزمەتێكی زۆر هەفتەی ڕابردوو خانەنشین بوو، ئەو لە كۆتاییەكانی ساڵی 2015 لەلایەن بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، وەك سەرۆكی مۆساد دەستنیشانكرا.

كۆهین ساڵی 1961 لە قودس لەدایكبووە، ساڵی 1982 دوای تەواوكردنی خوێندنی زانكۆ لە لەندەن، پەیوەندی بە دەزگای هەواڵگری ئیسرائیلەوە كردووە تا گەیشتووە بە سەرۆكی دەزگاكە.

سەرۆكی پێشووی مۆساد لە چاوپێكەوتنەكەی ڕۆژی پێنج شەممەدا، باسی لە وەرگرتنی سەدان ڤیزای گەشتكردن كرد لەكاتی كارەكەیدا، چەندین نهێنیی ئەو چەند ساڵەی ئاشكرا كرد، بەڵام گرنگترین بەش پەیوەندی بە دزینی ئەرشیفی ئەتۆمیی ئێرانەوە هەبوو.

لەسەرەتای چاوپێكەوتنەكەیدا كۆهین باسی لە وێستگەی ئەتۆمیی نەتەنز كرد كە دەكەوێتە باشوری شاری تارانی پایتەخت و لە نزیك شاری ئەسفەهانە.

ئێران لە مانگی تەموزی ساڵی 2020 باسی لە "كردەوەیەكی تێكدەرانە" كرد لە هۆڵی پیتاندنی یۆرانیۆمی وێستگەكە، مانگی نیسانی ڕابردووش بەرپرسانی ئەو وڵاتە زانیاریی نوێیان لەبارەی هێرشەكەوە ئاشكراكرد‌و ئەوەیان خستەڕوو كە زیانی گەورەی لێكەوتۆتەوە.

ئێران بەهۆی ئەو ڕووداوەوە ئیسرائیلی بە "تیرۆری ئەتۆمی" ناوبرد.

كۆهین لەباسی وێستگەی نەتەنزدا وتی، بەتەواوی شوێن و پێگەی وێستگەی نەتەنز شارەزام، دەتوانم بچمەناو ژێرزەمینەكەی كە لەوێدا ئامێری پەستاندن (جهاز گرد المركزی) لێیە.

هەروەها سەرۆكی پێشووی مۆساد، باسی لە موحسین فەخریزادە گەورە توێژەی ئەتۆمیی ئێران كرد، كە لەمانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوودا لە ڕێگایەكی دەرەوەی تاران كوژرا، ئەوكاتیش تاران، تەلئەبیبی بە ئەنجامدەری ئەو ڕووداوە تۆمەتباركرد.

كۆهین تێوەگلان یاخود تێوەنەگلانی وڵاتەكەی لە كوشتنی فەخریزادە پشتڕاست نەكردەوە، بەڵام باسی لەوە كرد، چەندین ساڵ فەخریزادە ئامانجیان بووە، "چونكە زانیارییە زانستییەكانی جێی نیگەرانی مۆساد بوو".

"هەر كەسێك ببێتە ئەگەری هەڕەشە بۆسەر نیشتیمانەكەم ئیسرائیل، نابێت بمێنێت" سەرۆكی پێشووی مۆساد وادەڵێت.