ئەحمەدى نەژاد: باڵاترین بەرپرسی ڕووبەڕووبوونەوەی سیخوڕییەكانی ئیسرائیل لە ئێران، سیخوڕی ئیسرائیل بوو

13-06-2021 09:54

پەرەگراف

مەحموود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆكی پێشووی كۆماری ئیسلامیی ئێران، ئاشكرای دەكات كە باڵاترین بەرپرسی ڕووبەڕووبوونەوەی سیخوڕییەكانی ئیسرائیل لە وەزارەتی هەواڵگریی ئێران، خۆی سیخوڕی ئیسرائیل بووە.

ئەحمەدی نەژاد لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا ئاماژە بەوە دەكات، ئەوە وای كرد ئیسرائیل سەركەوتوو بێت لە ئەنجامدانی سیخوڕییەكی گەورە بەسەر ئێرانەوە، لەنێوانیاندا بردنی ئەرشیفی ئەتۆمی و بۆشایی ئاسمانی لە دەزگا هەستیارەكان.

لەبارەی وردەكارییەكانی هەڵمەتە فراوانەكانی ئیسرائیل لەناو خاكی ئێران، سەرۆكی پێشووی ئێران باس لە بوونی گرووپێكی گەورەی ئەمنی دەكات، "ئەو گرووپە ئەمنییە گەندەڵە دەبێت ڕۆڵی خۆی لە تیرۆركردنی زانا ئەتۆمییەكان، تەقینەوەكەی نەتەنز، دزینی بەڵگەنامە گرنگەكان لە تورقوزئاباد و دامەزراوەی بۆشایی ئاسمان بخاتەڕوو، چونكە ئەوە گاڵتە نییە، ئەو بەڵگانە ئاسایشی وڵات بوون هاتن و بردیان".

ئەحمەدی نەژاد باسی لە دزینی بەڵگەنامەكان كردووە لە دامەزراوەی بۆشایی ئاسمانیی ئێران و دەڵێت "بەڵگەنامەكانی لە قاسەی نووسینگەی سەرۆكی ڕێكخراوەكە هەڵگیرابوو، ئەوان لە سەقفەكەوە هاتونەتە ژوورەوە، دوای كردنەوەی قاسەكە، بەڵگەنامەكانیان بردووە".

"دواتر گرووپێكی ئەمنی ئەو دزییەی شاردەوە، زانیاریی درۆی پێشكەش بە وەزیری پەیوەندیدار كرد، گوایە دزینی بەڵگەنامەكان دزییەكی ئاسایی بووە، دزەكان لە پەنجەرەی دراوسێیەكەوە لە نهۆمی پێنجەم چوونەتە ژوورەوە، دواتریش پۆلیس دەستگیری كردن"، ئەحمەدی نەژاد وا دەڵێت.

چۆن چەند بارهەڵگرێك لە بەڵگەنامەی نهێنی چووەتە دەرەوەی ئێران؟

سەرۆكی پێشووی ئێران پرسیاری ئەوە دەكات "ئایا تەنها پەڕەیەك بوو تا بیخەنە گیرفانیان و ڕابكەن، ئەوە چەند بارهەڵگرێك بەڵگەنامەی نهێنی بوون، چۆن لە وڵات چونە دەرەوە، چۆن ئەو هەموو خاڵی پشكنینەیان تێپەڕاندووە، ئەو هەموو بارهەڵگرە چۆن لە وڵات چوونەتە دەرەوە؟".

مەحموود ئەحمەدی نەژاد جەخت لە شاردنەوەی هەواڵەكە دەكات لە خەڵكی "هیچ كەسێك بەوەی نەزانی، تاوەكو بەڵگەنامەكان گەیشتنە ئیسرائیل و لەوێ ئاشكرا كران".

"هیچ كەسێك بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتانە ناكات، دەزگای هەواڵگیریی ئێران دەبێت پێش ڕوودانی ڕێگری لەو حاڵەتانە بكات، پشت بە كامێراكان دەبەستێت و دەڵێت ئێمە بە زوویی ئاشكرامان كرد، دواتر چەند ناوێكی ساختە و نەناسراو ڕادەگەیەنن، دەڵێن كوشتومانن یاخود لە وڵات هەڵهاتوون".

لێدوانەكانی ئەحمەدی نەژادی سەرۆكی پێشووی ئێران، دوای دوو ڕۆژ دێت لە چاوپێكەوتنێكی یوسی كۆهین، سەرۆكی پێشووی دەزگای هەواڵگیری ئیسرائیل (مۆساد)، كە باسی ئۆپراسیۆنی دزینی بەڵگەنامەكانی ئەرشیفی ئەتۆمیی ئێران كرد.

ئۆپەراسیۆنەكە ساڵی 2018 بووە، ئەو سیخوڕانەی كارەكەیان كردووە، دەستیان گەیشتووە بە هەزار بەڵگەنامەی تایبەت بە ئەرشیفی ئەتۆمیی ئێران.

هاوكات كۆهین باسی تێوەگلانی وڵاتەكەی كرد لە هێرشەكەی ساڵی ڕابردووی سەر وێستگەی ئەتۆمیی نەتەنز لە باشووری ئێران، لەگەڵ كوشتنی موحسین فەخریزادە یەكێك لە زانا ئەتۆمییە ناودارەكانی ئێران.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، ساڵی 2018 لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئەو بەڵگەنامە دزراوانەی ئاشكراكرد، لەو كاتەدا ویستی ئەوە دەربخات كە ئێران بە نهێنی هەوڵی دروستكردنی چەكی ئەتۆمیی داوە، هەرچەندە ئێران بەردەوام ئەوەی ڕەتدەكردەوە، بەڵام ناتانیاهۆ وتی: بەڵگەمان لایە.

بەوتەی سەرۆكی پێشووی مۆساد، دانانی پلان بۆ گەیشتن بە ئەرشیفی ئەتۆمیی ئێران دوو ساڵی خایاندووە.

خانمە ڕۆژنامەنووس ئیلان دایان كە چاوپێكەوتنەكەی لەگەڵ كۆهین ئەنجام دا، پرسیاری لەبارەی ئەو كەسانەوە كرد كە ئۆپەراسیۆنەكەیان ئەنجام داوە، سەرۆكی پێشووی مۆساد لە وڵامدا وتی: 20 سیخوڕی سەر بە مۆساد لەوێ كارەكەیان كردووە‌و هیچ یەكێك لەو كەسانەش ئیسرائیلی نەبوون.

لە كاتی ئۆپەراسیۆنەكەدا، كۆهین خۆی لە ناوەندی سەركردایەتی لە تەلئەبیب چاودێریی كارەكەی كردووە.

"سیخوڕەكان گەیشتوونەتە كۆگای هەڵگرتنی بەڵگەكان، ناچار بوون زیاتر لە 30 سندووق بشكێنن"، یوسی كۆهین دەشڵێت: بابەتەكە زۆر سەرنجڕاكێش بوو، خۆم ڕاستەوخۆ بەڵگەكانم بینی‌و لەسەر شاشەیەك لەبەردەممدا دەركەوتن.

لەبارەی چارەنووسی ئەو كەسانەی ئۆپەراسیۆنەكەیان ئەنجام داوە، سەرۆكی پێشووی مۆساد دەڵێت، هەموویان باشن، بەڵام چەند كەسێكیان ناچاربوون ئێران جێبهێڵن. وتەكانی كۆهین ئاماژەن بۆئەوەی بەشێكیان تا ئێستاش لەناو خاكی ئێراندا ماونەتەوە.

لە سەرەتای چاوپێكەوتنەكەیدا كۆهین باسی لە وێستگەی ئەتۆمیی نەتەنز كرد كە دەكەوێتە باشوری شاری تارانی پایتەخت و لە نزیك شاری ئەسفەهانە.

ئێران لە مانگی تەمووزی ساڵی 2020 باسی لە "كردەوەیەكی تێكدەرانە" كرد لە هۆڵی پیتاندنی یۆرانیۆمی وێستگەكە، مانگی نیسانی ڕابردووش بەرپرسانی ئەو وڵاتە زانیاریی نوێیان لەبارەی هێرشەكەوە ئاشكراكرد ‌و ئەوەیان خستەڕوو كە زیانی گەورەی لێ كەوتووە تەوە.

ئێران بەهۆی ئەو ڕووداوەوە ئیسرائیلی بە "تیرۆری ئەتۆمی" تۆمەتبار كرد.

كۆهین لە باسی وێستگەی نەتەنزدا وتی، بە تەواوی شوێن و پێگەی وێستگەی نەتەنز شارەزام، دەتوانم بچمە ناو ژێرزەمینەكەی كە لەوێدا ئامێری پەستاندن (جهاز گرد المركزی) لێیە.

هەروەها سەرۆكی پێشووی مۆساد، باسی لە موحسین فەخریزادە، گەورە توێژەی ئەتۆمیی ئێران كرد، كە لەمانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوودا لە ڕێگایەكی دەرەوەی تاران كوژرا، ئەوكاتیش تاران، تەلئەبیبی بە ئەنجامدانی ئەو "تیرۆر"ە تۆمەتبار كرد.

كۆهین تێوەگلان یاخود تێوەنەگلانی وڵاتەكەی لە كوشتنی فەخریزادە پشتڕاست نەكردەوە، بەڵام باسی لەوە كرد، چەندین ساڵ فەخریزادە ئامانجیان بووە، "چونكە زانیارییە زانستییەكانی جێی نیگەرانیی مۆساد بوو".

"هەر كەسێك ببێتە ئەگەری هەڕەشە بۆسەر نیشتمانەكەم ئیسرائیل، نابێت بمێنێت" سەرۆكی پێشووی مۆساد وا دەڵێت.