دوای ڕاپۆرتێكی مەترسیدار؛ شۆڕشێك بۆ كردنەوەی گرێكوێرەی كێشەی نیشتەجێبوون لە عێراق

14-06-2021 01:38

پەرەگراف

لە هەوڵێكدا بۆ چارەسەركردنی گرفتی شوێنی نیشتەجێبوون لە عێراق، مستەفا كازمی سەرۆكوەزیران هەڵمەتێكی فراوانی ڕاگەیاند، بۆ دابەشكردنی چەندین پارچە زەوی بەسەر ئەو هاوڵاتیانەی شایستەن‌و مەرجەكانی وەرگرتن دەیانگرێتەوە، بەوهیوایەی ببێتە هەنگاوێك بۆ چارەسەركردنی یەكێك لە گەورەترین كێشەكانی وڵات كە چەندین ساڵە بە دەستییەوە دەناڵێنێت.

سێ شەممەی ڕابردوو لە دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیران كازمی ڕایگەیاند "ئێمە پڕۆژەیەكی نیشتمانیمان ڕاگەیاندووە، بۆ دابەشكردنی پارچە زەوی بەسەر هاوڵاتیان و ئەو كەسانەی شایستەن، چەند مانگێكە كاركردن لەو پڕۆژەیە دەستیپێكردووە بۆ ئەوەی پڕۆسەی دابەشكردنەكە بە ئاسانی بەڕێوەبچێت، ئەولەویەتی پڕۆسەكەش بریتی دەبێت لە دابەشكردن بەپێی چەند پێوانەیەكی ڕوون و دادپەروەر".

ئەپێكی زیرەك

كازمی جەختیكردووەتەوە لەسەر ئەوەی، "بۆ ئەوەی یاریكردنێك لە پڕۆسەكەدا نەبێت و دادپەروەری لە دابەشكردنی زەوییەكاندا هەبێت، (ئەپلیكەیشنێكی ئەلكترۆنی) بەمزووانە ڕادەگەیەندرێت، بۆ خۆتۆماركردن و جیاكردنەوەی ئەو كەسانەی شایستەن".

سەرۆكوەزیرانی عێراق باسی لەوەشكردووە، دابەشكردنی زەوییەكان بەپێی خاڵ دەبێت، هیچ جیاكارییەك ناكرێت و هیچ لایەنێكیش دەست وەرناداتە پڕۆسەكەوە.

"لەهەمانكاتدا كاركردن بەردەوامە بۆ دابینكردنی قەرز لە بانكەكانەوە بۆ خاوەن زەوییەكان، بۆ ئەوەی دەستبكەن بە دروستكردنی شوێنی نیشتەجێبوونیان، هەر یەكێك لەو شوێنانەش بەپێی یاسا و پلانی ئاوەدانكردنەوە و پلانی ژێرخانیی دەبێت، ڕێگە نادەین هیچ تێكدان و ناشرینكردنێك لەو شوێنانە ڕووبدات" مستەفا كازمی وادەڵێت.

وردەكاریی قەیرانەكە

عێراق گرفتێكی گەورەی نیشتەجێبوونی هەیە، بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی نیشتەجێكردن، وڵات پێویستی بە دروستكردنی سێ ملیۆن یەكە هەیە بۆ ئەوەی قەیرانەكە چارەسەر ببێت.

بەپێی دواین ئامارەكانی وەزارەتی پلاندانان كە سەرەتای ئەمساڵ بڵاوكراوەتەوە، ژمارەی دانیشتووان لە عێراق 40 ملیۆن كەسی تێپەڕاندووە، ئەوەش هۆكارێكی دیكەی زیادبونی گرفتەكەیە.

ئەمە دووەم پڕۆژەی كازمییە لەوەتەی پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراقی وەرگرتووە، ئەوەی یەكەم جێبەجێكردنی پڕۆژەیەك بوو بەناوی "بسمایا" كە لە دروستكردنی 100 یەكەی نیشتەجێبوون پێكهاتبوو، بەڵام جێبەجێكردنەكەی گرفتی تێكەوت و ماوەیەك پێش ئێستا دەستكرایەوە بە كاركردن تێیدا.

ڕاوێَژكارێك لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەڵێت "پڕۆژە نوێیەكە دەیەوێت گرێكوێرەی قەیرانی نیشتەجێبوون بكاتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ڕاپۆرتێكی مەترسیدار لەلایەن لایەنی پەیوەندیدارەوە لەبارەی دۆخی ناوخۆیی بڵاوكرایەوە، باسی لە زۆر پێویستیی دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون دەكرد، ئەوەش وای لەحكومەتی عێراق كرد ئەم پڕۆژە كەموێنەیە بەشێوەیەكی خێرا ئامادە بكات، هیواش ئەوەیە بەم زووانە دەست بە جێبەجێكردنی بكرێت".

500 هەزار پارچە زەوی

ئەو ڕاوێژكارە كە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت، زانیاری زیاتری لەبارەی ئەو "ڕاپۆرتە مەترسیدارە" ئاشكرا نەكردووە، بەڵام دەڵێت "ژمارەیەكی زۆر زەوی لەناو بەغدادی پایتەخت و دەوروبەری تەرخانكراوە، ڕێگاوبان و خزمەتگوزاری و پێدانی قەرز و چەند بابەتێكی دیكەش لەبەرچاو گیراوە".

"لە قۆناغی یەكەمی پڕۆژەكەدا بڕیارە زیاتر لە 500 هەزار زەوی دابەشبكرێت، ئەوانەی دیكەش بەدوایدا دێن تا دۆسییەكە تەواو دەبێت" ڕاوێژكارەكە وادەڵێت.

لای خۆیەوە خالید بەتال وەزیری پلاندانانی عێراق داوای لە بەشی كۆمەڵگە مرۆییەكان لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە، پشتگیری هەوڵەكانی وەزارەتەكەی بكات بۆ چارەسەری قەیرانی نیشتەجێبوون لە عێراق، ئەوەش بەپێی سیاسەتی نیشتەجێكردن لە پلانی گەشەسەندن و بینینی گەشەپێدانی بەردەوام 2030.

"دەكرێت پشتگیرییەكە لەڕێی پیشكەشكردنی دیزاینی خانووی كەم تێچووەوە بێت، كە داواكارییەكانی گەشەپێدانی بەردەوامی تێدا بێت، ماددە سروشتییە بەردەستەكانی تێدا بەكاربهێنرێت" وەزیرە عێراقییەكە وادەڵێت.

بەتال دەشڵێت "دروستكردنی كۆمەڵگای نیشتەجێبوونی كەمتێچوو، لەچوارچێوەی ستراتیژی كەمكردنەوەی هەژاری دەبێت و بەم زووانە دابەشدەكرێت بەسەر ئەوانەی شایستەن، بەپێی ئەو پێوەرانەی دانراون".

دەیان پڕۆژەی وەستاو

بەپێی بەیاننامە فەرمییەكانی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن و شارەوانی عێراق، چەند ساڵێكە 49 پڕۆژە كاركردن تێیاندا وەستاوە، ئەوانیش بەسەر سەرجەم پارێزگاكاندا دابەشبوون، تائێستا تەنها دوو پڕۆژە لە پارێزگاكانی دیوانییە و واست لە باشوری بەغداد جێبەجێكراون.

بەپێی خەمڵاندنەكان نرخی ناوەندیی كڕینی یەكەیەكی نیشتەجێبوون نزیكەی 140 ملیۆن دینارە كە دەكاتە نزیكەی 98 هەزار دۆلاری ئەمریكی، ئەوەش نرخێكی گرانە و خێزانە مامناوەند و كەمدەرامەتەكان توانای كڕینیان نییە، بەتایبەت كە موچەی مانگانەی ئەو كەسانە لەنێوان 300 بۆ هەزار دۆلاردایە، ئەوەش وادەكات كۆكردنەوەی پارە بۆ كڕینی یەكەیەكی نیشتەجێبوون زۆر قورس بێت.

سەرمەد شمەری توێژەر لە بواری ئابوری عێراق، جەختدەكاتەوە كە "تاكە چارەسەر لەبەردەم حكومەتی ئێستادا، دابەشكردنی پارچە زەوییە، بەمەرجی پێدانی قەرز بۆ كردنەوەی، لەگەڵ جێبەجێكردنی پڕۆژەی دیكەی هاوشێوە و وەبەرهێنان لە كەرتی نیشتەجێبووندا".

شمەری دەڵێت "عێراق لەماوەی 18 ساڵی گۆڕینی ڕژێمی پێشوو، هیچ پڕۆژەیەكی گەورەی نیشتەجێبوونی بەخۆیەوە نەبینیوە، لەماوەی دەیە و نیوێكدا ژمارەی دانیشتوانەكەی نزیكەی دوو هێندە زیادیكردووە، ئەوەش بووەتەهۆی دروستبونی ئەو قەیرانە گەورەیەی نیشتەجێبوون لە بەشێكی پارێزگاكان بەتایبەت بەغداد و نەینەوا و چەند پارێزگایەكی دیكە".