شەممەی ڕەش لە عەفرین؛ كێ نەخۆشخانەكەی بۆردومان كرد؟

14-06-2021 03:37
نەخۆشخانەی شیفا دوای بۆردومانەكە

پەرەگراف

ڕۆژی شەممە یەكێك بوو لە خوێناویترین ڕۆژەكانی شاری عەفرینی ڕۆژئاوای كوردستان، هێرشێكی موشەكیی بۆسەر نەخۆشخانەیەك دەیان قوربانیی لێكەوتەوە، بەڵام تائێستا لایەنی بەرپرس لەو كارە بە نادیاریی ماوەتەوە، ئەردۆغان دەیەوێت ئەو ڕووداوە بۆ ڕاكێشانی سەرنجی ئەمریكا بەكاربهێنێت‌و یەكینەكانی پاراستنی گەل تۆمەتبار دەكات، یەپەگەش دەڵێت كاری "توركیای داگیركەر"ە، ڕوانگەی سوريی بۆ مافەكانی مرۆڤ سوپای ڕژێمی ئەسەد بە ئەنجامدەری ئەو هێرشە دەزانێت.

یەپەگە ڕەتیدەكاتەوە

نوری مەحمود وتەبێژی فەرمی یەكینەكانی پاراستنی گەل(یەپەگە)، كە بەهێزترین هێزی چەكداری كوردییە لە ڕۆژئاوای كوردستان، لە بەیاننامەیەكدا ڕەتیدەكاتەوە بۆردومانەكە لەلایەن هێزەكانی ئەوانەوە ئەنجام درابێت، تۆمەتەكانی ئەردۆغانیش بە بێ بنەما ناودەبات.

"وەك هەمیشە بینیومانە ئەردۆغان سەرۆكی توركیا بەخێرایی تۆمەتی خستەپاڵ هێزەكانمان، بەدرۆ تۆمەتباری كردین، بوختانی كرد كە ئێمە بۆردومانەكەمان كردووە" یەپەگە وادەڵێت.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆككۆماری توركیا دوای هێرشەكە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە فڕۆكەخانەی ئەتاتورك پێش بەڕێكەوتنی بۆ برۆكسل بۆ بەشداریكردن لە هاوپەیمانێتی باكوری ئەتڵەسیی(ناتۆ) وتی، تۆڵە لەو كەسانە دەكەینەوە بەرامبەر هەر دڵۆپە خوێنێك كە ڕشتویانە.

ئەردۆغان وتیشی "ئەوان كەسانی مەدەنییان لە وڵاتەكەمان، هاوڵاتی بێتاوان لە سوریا و برا كوردەكانمان لە عێراق كوشتووە".

یەپەگە بە تووندی وتەكانی ئەردۆغان ڕەتدەكاتەوە، نوری مەحمود دەڵێت "حكومەتێك هاوشێوەی توركیا لەناوخۆ و دەرەوە بەتایبەت لە سوریا خەریكی تیرۆربێت، بۆیە زۆر دوورن لەوەوە كە خەڵكی دیكە بە تیرۆر تۆمەتبار بكات و خۆیان وەك داكۆكیكاری مافی خەڵك پیشانبدەن، لەكاتێكدا لەو ناوچانەی داگیریانكردووە هەموو شێوەكانی تیرۆر ئەنجام دەدەن".

"ئێمە لە یەكیننەكانی پاراستنی گەل ئیدانەی ئەو كارە دەكەین كە هیچ پەیوەندییەكی بەئێمەوە نییە، چونكە بەئامانجگرتنی هاوڵاتیانی مەدەنی و كاری لەو شێوەیە لە مەبدەئی ئێمەدا نییە، بۆ چەندین ساڵە دژی تیرۆر و داگیركاری جەنگاوین، دەمانەوێت گەلەكەمان لەو تیرۆرەی بە پشتگیری توركیا سوریای گرتۆتەوە ڕزگار بكەین، بۆیە پاراستنی مەدەنییەكان لە هەر شەڕێكدا كاری لەپێشینەی هێزەكانمانە و هەر واش دەمینێتەوە" وتەبێژەكەی یەپەگە وادەڵێت.

جگە لە ئەردۆغان وەزارەتی بەرگری توركیاش هێزە كوردییەكانی تۆمەتبار كردووە و پڕوپاگەندەی ئەوە دەكات كە هێزەكانی سوریای دیموكرات(یەپەگە پێكهێنەری سەرەكییەتی) "بۆردومانی خۆشخانەی شیفای شاری عەفرینی كوردووە"، كە ئێستا لەژێر دەستی هێزەكانی توركیادایە.

ئەردۆغان دەیەوێت فشار بكات

ئۆرشەلیم پۆست كە یەكێكە لە بەهێزترین ڕۆژنامە ئیسرائیلییەكان، باسلەوە دەكات، توركیا بێ هیچ لێكۆڵینەوەیەك دەیەوێت چیرۆكێك دروست بكات، بێ ئەنجامدانی هیچ لێكۆڵینەوەیەك، تاوەكو فشارێك لەسەر ئیدارەی جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا دروست بكات، ئەوەش پێش كۆبونەوەی سەرۆكی ئەمریكا لەگەڵ سەرۆكی توركیا لە برۆكسل (كۆبوونەوەكە ئەمڕۆ بەڕێوەدەچێت).

بەپێی ئۆرشەلیم پۆست، توركیا لەڕێی ئەو كارەوە دەیەوێت خۆی دەربخات تاوەكو هێرشێكی نوێ بكاتەسەر هێزەكانی سوریای دیموكرات كە لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە پشتگیری دەكرێن. توركیا هەسەدە بە درێژكراوەی پەكەكە لە قەڵەم دەدات.

ڕوانگەی سوری دەڵێت "كاری ڕژێمە"

ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ كە لەلایەن میدیا و ناوەندە نێودەوڵەتییەكانەوە زۆر پشت بە ئامار و بەیاننامەكانی دەبەسترێت، ڕۆژی هێرشە موشەكییەكەی بە "شەممەی ڕەش" ناوبردووە، هێزەكانی ڕژێمی سوریاش بە ئەنجامدانی ئەوكارە تۆمەتبار دەكات.

بەپێی بەیاننامەی ڕوانگەكە، هێرشەكەی سەر نەخۆشخانەی شیفا لە عەفرین، 19 كوژراوی لێكەوتووەتەوە، كە 17یان مەدەنین، لە پزیشكێك و سێ كارمەندی نەخۆشخانەكە و چەند ژن و منداڵێك پێكهاتوون، هاوكات پۆلیسێك و چەكدارێكی گروپی چڵە زەیتونی سەربە توركیا كوژراون، زیاتر لە 25 كەسیش برینداربوون كە برینی بەشێكیان سەختە.

ڕوانگەی سوری دەڵێت "هێزەكانی ڕژێمی سوریا لە مۆڵگەكانی خۆیانەوە ڕاستەوخۆ موشەكیان ئاڕاستەی نەخۆشخانەی شیفا كردووە"، ڕوانگەكە پێشبینی بەرزبونەوەی ژمارەی كوژراوان دەكات.

ڕووداوی خوێناویی هاوشێوە لە عەفرین

"شەممەی ڕەش"، بە خوێناویترین ڕووداوی عەفرین دادەنرێت لە دوای "سێ شەممەی ڕەش".

ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی لە 28ی نیسانی 2020 ئاماژەی بە كوژرانی 52 كەس كرد لە ئەنجامی تەقینەوەی بارهەڵگرێك لەسەر شەقامی ڕاجۆ كە چەند مەترێك لە بارەگای پارێزگار عەفرینەوە دوور بووە، ڕۆژی ئەو تەقینەوەیە بە "سێ شەممەی ڕەش" ناونرا.

قوربانییەكانی ئەو ڕووداوە لە 11 منداڵ و چەندین كەسی مەدەنی پێكهاتبوون، هاوكات 12 چەكداری گروپە چەكدارەكانی سەر بە توركیای تێدا كوژران.