ناوەرۆكی كۆبوونەوەی لیژنەی دارایی و وەزیری دارایی؛ مووچە كەی دابەش دەكرێت؟ كێشەی مووچە كەی كۆتایی دێت؟

14-06-2021 04:14

پەرەگراف

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ وەزیری دارایی، جەخت لەوە كراوەتەوە كە تا چاكسازی لە سەرچاوەكانی داهات نەكرێت، كێشەی مووچە بەردەوام دەبێت. وەزیری داراییش باسی لەوە كردووە كە كێشەی دواكەوتنی مووچە چارەسەر دەكەن.

عومەر گوڵپی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان، بە پەرەگرافی وت "كۆبوونەوەكە سەبارەت بە هۆكارەكانی سست بەڕێوەچوونی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی ئێمە لیژنەی دارایین و ئەویش وەزیری داراییە، باسی داهات و مووچەیش هاتە پێشەوە".

"ئەوەی ئێمە لە كۆبوونەوەكەدا تێیگەیشتین، ئەوەیە كە تا ئەو كاتەی چاكسازیی ڕاستەقینە و ڕیشەیی لە سەرچاوەكانی داهاتدا نەكرێت، دۆخی ئابووری و دارایی هەرێم وەكو خۆی دەەمێنێتەوە و مووچە هەر هەواڵی بەپەلە دەبێت"، عومەر گوڵپی وای وت.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی سەبارەت بە دواكەوتنی مووچەیش وتی "وا تێگەیشتین كە دەیانەوێت ئەو كێشەیەی لە مووچەی مانگی پێشوو (مووچەی مانگی پێنج)دا هەبوو، دووبارە نەبێتەوە و مووچە بە 30 ڕۆژ جارێك بدرێت".

وەزیری دارایی هەرێم لە كۆبوونەوەكەدا هۆكاری سستی لە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازیی بۆ "دۆخە سیاسییەكە" گەڕاندووەتەوە كە "ڕێگرە لەبەردەمیاندا، ئەگەرنا ئەوان وەكوو وەزارەتی دارایی لە ڕووی تەكنیكی و هونەرییەوە سەبارەت بە خانەنشینی و دەرماڵەكان و ئەوانی دیكەیش، ئەركی خۆیان جێبەجێ‌ كردووە".

هەروەها جەخت لەوە كراوەتەوە كە "دەبێت ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار بدات" و لایەنەكانی ناو حكوومەت "لە ڕووی سیاسییەوە هاودەنگ بن بۆ جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی".