لێبوردنی نێودەوڵەتی بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم: كۆتایی بهێنن بە دەمكوتكاری و سەركوتكردن

15-06-2021 03:31

پەرەگراف

ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە نوێترین ڕاپۆرتیدا داوا دەكات، دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستانی عێراق، كۆتایی بهێنن بە دەمكوتكاری و سەركوتكردن لە دژی خۆپیشاندانەكان و دەستبەسەركراوان ئازاد بكەن، لەناویاندا ئەوانەی كە پێشتر حوكم دراون "لە دادگاییەكی نادادپەروەردانەدا". هەروەها دەڵێت "ئاسایش و پاراستن 14 چالاك و ڕۆژنامەنووسیان بە هەڕەمەكی دەستگیر كردووە و لە شەش كەیسدا شوێنبزریان كردوون".

لێبوردنی نێودەوڵەتی كەیسی 14 كەسی لە بادینان تۆمار كردووە كە "سێ‌ ڕۆژنامەوان و 11 چالاكی سیاسی و كۆمەڵی مەدەنی" بوون، كە هەموویان لە نێوان مانگەكانی ئاب و تشیرنی یەكەمی 2020دا دەستگیر كرا بوون.

"ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بۆی دەركەوت كە لە هەموو كەیسەكاندا (ئاژانسی سەرەكیی ئاسایش و هەواڵگریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان) و هێزەكانی پاراستن (ئاژانسی هەواڵگریی پارتیی دیموكراتی كوردستان) بە شێوەیەكی هەڕەمەكی خەڵكیان دەستبەسەر كردووە و لە شەش كەیسدا شوێنبزریان كردوون، سەبارەت بە بەشداریكردن لە خۆپیشاندانەكان، یان ڕەخنەگرتن لە دەسەڵاتی ناوخۆ، یان بەهۆی كاری ڕۆژنامەوانییان"، لێبوردنی نێودەوڵەتی وا دەڵێت.

ڕێكخراوەكە لەبارەی ئەو 14 دەستگیركراوەی بادینانەوە دەڵێت "سێ‌ لەو 14 كەسە ئازاد كران، بەڵام خۆیان ون كرد لە ترسی تۆڵەسەندنەوەی نوێبوونەوە، یەكێكیان دوای هەڕەشەلێكرانی خۆی ون كرد. پێنج كەسیان بە دەستبەسەركراوی مانەوە بەبێ‌ هیچ تۆمەتێك. پێنج كەسیان بە شەش ساڵ زیندانیكردن حوكم دران لە دادگاییەكی نادادپەروەرانەدا".

ڕاپۆرتەكەی ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، ئەمڕۆ 15-6-2021 بڵاو كراوەتەوە، ئاماژەی بە سەرهەڵدانی "خۆپیشاندانەكانی ناوەڕاستی مانگی ئابی 2020 لە سلێمانی، هەولێر و دهۆك" كردووە و دەڵێت "داوای كۆتایی هێنان بە گەندەڵی و خزمەتگوزاریی باشتر و پێدانی مووچە دواكەوتووەكانیان دەكرد، لە ئەنجامدا دەسەڵاتداران لەژێر بیانووی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی هەڵمەتێكی بەربڵاوی دەسگیركردنی چالاكانان و خۆپیشاندەران و ئەو ڕۆژنامەنووسانەی كە ڕووماڵی خۆپیشاندانەكانیان دەكرد، دەست پێ كرد".

ڕێكخراوەكە باسی لە ئاماری دەستگیركراوانی بادینان كردووە و دەڵێت "لە مانگی ئازاری 2020 تا نیسانی 2021، زیاتر لە 100 كەس بە تایبەت لە بادینانی باكووری خۆرئاوی پارێزگای دهۆك دەستگیر كراون. زۆربەلا ئەو كەسانە هەر زوو ئازاد كراون، بەڵام بە لای كەمەوە 30 كەسیان بە دەستبەسەركراوی ماونەتەوە".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ڕاپۆرتەكەی ڕێكخراوەكە كلیك لێرە بكە