مەسرور بارزانی: گەیشتووینەتە ڕێکەوتنێك كه‌ به‌شه‌ بودجه‌ی هەرێم بگه‌ڕێندرێته‌وه

15-06-2021 09:16

پەرەگراف

مەسرور بارزانی گەیشتنە ڕێککەوتنی لەگەڵ بەغداد ڕاگەیاندو دەڵێت: خۆشحاڵم ڕایبگەیەنم كە گەیشتووینەتە ڕێکەوتنێك كه‌ به‌شه‌ بودجه‌ی هەرێمی کوردستان بگه‌ڕێندرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە حيساب دەکرێت.

سەرۆکوەزیرانی ھەرێم لە تویتێکدا دەڵێت، ئەمڕۆ لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق‬⁩ گفتوگۆیان دەربارەی پابەندبوونی هاوبەشیانبۆ ڕاستەڕێکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کردووە.

‏"خۆشحاڵم ڕایبگەیەنم كە گەیشتووینەتە ڕێکەوتنێك كه‌ به‌شه‌ بودجه‌ی هەرێمی کوردستان بگه‌ڕێندرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش لە مانگی یەکی ئەمساڵەوەحيساب دەکرێت بە (أثر رجعي)" مەسرور بارزانی وادەڵێت.

مەسرور بارزانی دەشڵێت "سوپاسی سەرۆک وەزیرانم کرد بۆ سەرکردایەتییەکەی و هەروەها سوپاسی حکومەتی فیدراڵیم کرد بۆپشتیوانیکردنی ڕێککەوتنەکە. ئەمە وەرچەرخانێکی گرنگە و بە یەکەوە بە سەر بەربەستێکی سەختدا زاڵ بووین".

ھاوکات خالید شوانی وەزیری ھەرێم بۆ پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و بەغداد، ڕایگەیاند "ئەمڕۆ ئەنجومەنى وەزیران بڕیاریدا مانگانە بڕى ٢٠٠ ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت  لە٢٠٢١/١/١ هەژمار بکرێت".

"هیوادارین ئەم هەنگاوە ببێتە سەرەتایەک بۆ چارەسەر کردنی کۆی کێشەکان و مایەى خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی کوردستان، و هەر لێرەوە ئەمانەوێت رایبگەیەنین کە تیمی هاوبەشی چاودێری دارایی فیدراڵی و هەرێم  دەستیان بە وردبینی لە داهاتە نانەوتیە فیدراڵییەکان کردوە لەماوەیەکی نزیکدا راپۆرتی هاوبەشیان ئامادە ئەبێت و بەردەوام ئەبین لەسەر جێبەجێکردنی پابەندییەکانی تری یاسای بودجە" خالید شوانی لە فەیسبوک وای نووسیوە.

یاسای بوودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021 كە دوای مشتومڕێكی زۆر پەسەند كرا، پاش تێپەڕێنی شەش مانگی ساڵەكە، هێشتا ماددەكانی پەیوەست بە هەرێمی كوردستان جێبەجێ‌ نەكراون.

بەپێی ماددەی 11ی یاسای بووجە كە تایبەتە بە هەرێمی كوردستان، حكوومەتی هەرێم ڕۆژانە 460 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، دوای لێدەركردنی خەرجیی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و بەكاربردنی ناوخۆیی و بڕی تایبەت بە پترۆدۆلار، داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوت بە نرخی سۆمۆ ڕادەستی حكومەتی فیدڕاڵی دەكات. هەروەها لەسەدا 50ی داهاتە فیدراڵییەكانیش دەگەڕێنێتەوە بۆ بەغدا.

هەر بەپێی ماددەی 11ی یاسای بوودجە كە تایبەتە بە هەرێمی كوردستان، دەبێت پاكتاوی شایستە داراییەكانی نێوان حكومەتی فیدڕاڵ و هەرێمی كوردستان بكرێت بۆ ساڵەكانی 2014 تا 2020.

هەروەها هەرێمی كوردستان قەرزەكانی بۆ بانكی بازرگانیی عێراق دەگەڕێنێتەوە، بە جۆرێك كە وەزارەتی دارایی قەرزەكان دەكات بە قیستی مانگانە و لە بەشە بوودجەی هەرێمی دەبڕێت، پێدانەوەی ئەم قەرزە لەمساڵەوە دەست پێ دەكات و بە ماوەی حەوت ساڵ تەواو دەبێت.

لە بڕگەیەكی دیكەی ماددەی 11دا هاتووە كە "دەبێت هەرێمی كوردستان لیستی فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازیی خۆی ڕادەستی بەغدا بكات بە وردەكاریی تەواوەتی پلەی وەزیفییانەوە".

لە دوای جێبەجێكردنی هەموو ئەوانە، ئەوە جێگیر كراوە كە "حكومەتی عێراق ئامادەیە شایستەی دارایی هەرێمی كوردستان بدات".