دیمەشق ڕەزامەندی پیشان دا بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ ڕۆژاڤا

09-02-2020 07:35
بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا - ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆكی دەستەی جێبەجێكردنی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات(مەسەدە)


پەرەگراف- ڕێنوار نەجم

دواجار دیمەشق ڕەزامەندی پیشان دا بەنێوەندگیریی مۆسكۆ دانوستان لەگەڵ كوردەكانی ڕۆژاڤای كوردستان دەستپێبكات، ئەویش دوای زنجیرەیەك كۆبوونەوەی نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا لەگەڵ بەرپرسانی ڕۆژاڤا و دیمەشق.

ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆكی دەستەی جێبەجێكردنی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات، بە ڕۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەتی ڕاگەیاندووە، دیمەشق ڕەزامەندی دەربڕیوە دەست بكات بە گفتوگۆی سیاسیی بەنێوەندگیریی ڕوسیا، هەروەها ئەگەری پێكهێنانی لیژنەیەكی باڵا هەیە بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی یاسای ئیدارەی ناوخۆیی سوریا و پێكهاتەی ئیداریی "ئیدارەی خۆسەر" بۆ باكوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.

ئیلهام ئەحمەد باس لەوەش دەكات كە چەند كۆبوونەوەیەكیان لەگەڵ شاندی ڕوسیا لە بنكەی سەربازیی حمیمیم ئەنجام داوە، "نوێنەری ڕوسیا لەسەر داواكاریی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا هاتبوو، دوای ئەوەی لە كۆتایی ساڵی ڕابردوو كۆبوونەوەی لەگەڵ هەموو لایەنەكانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجام دا لە نێویاندا سەركردەی حزبە كوردییەكان، كەسایەتییە عەرەبی و مەسیحییەكان، "كۆبوونەوەكەی هەفتەی ڕابردوومان تەواوكەری ئەو كۆبوونەوانەبوون."

ئەو بەرپرسە سیاسیەی ڕۆژاڤا ئەوەش دەخاتە ڕوو، هێشتا ئەوان لەبارەی سەرەتای پڕۆسەی دانوستانەوە گفتوگۆ دەكەن، پێشی وایە كە گواستنەوەی گفتوگۆ بۆ دانووستانی جددی پێویستی بە ئەجندا و نەخشەی كار هەیە بۆ گفتوگۆكردنی وردەكارییەكان لە ڕێگای لیژنەی تایبەتمەندەوە.

دوای ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەی ئەم دواییەی دەوڵەتی توركیا و چەكدارە ئۆپۆزسیۆنە سورییەكانی سەر بە ئەنقەرە، لە ڕووبەری 53 هەزار كیلۆمەتری ژێر كۆنتڕۆڵی هێزەكانی سوریای دیموكرات، نزیكەی 4820 كیلۆمەتر دووجا كەوتە دەست توركیاو چەكدارە سوورییەكان. 23641 كیلۆمەتر دووجای دیكە لەچوارچێوەی ڕێككەوتن لەگەڵ ڕوسیاو ڕژێمی سوریا، هێزەكانی سوریای دیموكرات لێی‌ كشانەوە. واتە ئەو ڕووبەرەی پێشتر كە نزیكەی لە 29%ی خاكی سوریا بوو لەژێر كۆنتڕۆڵی هێزەكانی سوریای دیموكرات بوو، بۆ نزیكەی لە 18% كەم بووەوە. توركیا نەیارێكی هاوبەشی ئیدارەی ڕۆژاڤا و دیمەشقە. بەڵام ڕوسیا پەیوەندی لەگەڵ سەرجەم لایەنەكاندا هەیە.

ئیلهام ئەحمەد جەخت لەوەش دەكات كە ڕوسیا "جدییە" لەوەی ڕۆڵی نێوەندگیر و گەرەنتیكاری پڕۆسەی سیاسیی بگێڕێت، "پەیمانیشیان داوە فشار لە دیمەشق بكەن بۆ قبوڵكردنی ڕێككەوتنێكی گشتگیر، بەڵێنیشیان داوە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەو پەیمانانە لەسەر ئەرزی واقع جێبەجێ بكەن."

دوای كۆتاییهاتنی كۆبوونەوەكەی بنكەی سەربازیی حمیمیم، شاندی ڕۆژاڤا بەسەرۆكایەتی ئیلهام ئەحمەد بەرەو دیمەشق ڕۆیشتوون و لەوێ لەگەڵ لیوا عەلی مەملوك، سەرۆكی نووسینگەی ئاسایشی نیشتمانی، بە ئامادەیی نوێنەری ڕوسیا كۆبوونەتەوە.

لە دوای ساڵی 2011 و دەستپێكردنی خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی سوریا كە دواتر بۆ شەڕێكی هەمەلایەنی ناوخۆیی و هەرێمی گۆڕدرا، هێزە كوردییەكان لەڕێی ڕێكخستنەوە پتەوبوون و توانییان سەرجەم ناوچە كوردییەكان بخەنە ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیانەوە و سوپای سوریا بەتەواوی لەو ناوچانە كشایەوە. دوای بەستنی هاوپەیمانێتییەكیش لەگەڵ ئەمەریكا و هاوپەیمانان، هێزە كوردییەكان توانییان داعش بەتەواوی تێكبشكێنن و سنووری دەسەڵاتیان بۆ شارە عەرەبنشینە گەورەكانی وەك ڕەققە و دێرەزوور فراوان بكەن. بەرپرسانی سوریاش بەردەوام دەڵێن دەبێت دەسەڵاتی دیمەشق بۆ ئەو ناوچانە بگەڕێتەوە.

ئیلهام ئەحمەد باس لەو زمانی هەڕەشەیە دەكات كە هەندێك جار بەرپرسانی سوریا بەرامبەر بە كورد بەكاری دەهێنن و دەڵێت "جار نا جارێك لەسەر زاری بەرپرسە باڵا سورییەكانەوە گوێمان لە هەڕەشە دەبێت، دەڵێن ئەگەر ڕازی نەبین بە داواكانیان ئەوان بە چەك داواكانیان دەسەپێنن، ئێمە ورد و درشی ئەوە ڕەت دەكەینەوە. جارێكی دیكە دەیڵێینەوە كە دەبێت ئەو پرسە هەڵواسراوانە لەڕێی گفتوگۆوە چارەسەر بكرێن".

هاوسەرۆكی دەستەی جێبەجێكردنی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات باسی لەوەش كرد كە ئەوان لەبارەی ماف و پرسە سیاسییەكانەوە گفتوگۆ دەكەن و هەرچی لەبارەی هێزەكانی سوریای دیموكراتەوە هەیە، ئەوە پرسێكی سەربازییە و "فەرماندە و بەرپرسە سەربازییەكان لەوبارەیەوە گفتوگۆ دەكەن" هاوكات جەختیشی كردەوە كە لەكاتی گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی گشتگیر، ئەو هێزانە دەبن بە بەشێك لە پێكهاتەی بەرگریی و پارێزگارییكردن لە دەوڵەتی سوریا.

داواكاریی سەرەكیی ڕۆژاڤا لە دانوستانی لەگەڵ دیمەشقدا، هێشتنەوەی ئیدارەی خۆسەرە كە ماوەی چەند ساڵێكە دامەزراوە و سیستمێكی بەڕێوەبردنی جیاوازی هەیە لە ناوچەكانی دیكەی سوریا، هەروەها لە ڕووی سەربازیشەوە داوا دەكەن هێزەكانی سوریای دیموكرات وەك یەكەیەكی سەربەخۆ بچێتە ناو سوپای سوریاوە و پارێزگاریی لە پێكهاتەكەی بكرێت، بەڵام تا ئێستا دیمەشق هیچ ئاماژەیەكی دەرنەبڕیوە بۆ ڕازی بوون بەو داواكارییانە.