دانیشتنیكی دیكەی دادگا لەسەر سكاڵای چاودێری دارایی سلێمانی لە دژی شارەوانی دواخرا

16-06-2021 04:53

پەرەگراف

دانیشتنێكی دیكەی دادگا لەسەر دۆسیەی سكاڵای دیوانی چاودێری دارایی سلێمانی لە دژی قادر حەمەجان عەزیز سەرۆكی پێشووتری شارەوانی سلێمانی دواخرا. زیاتر لە 15 ساڵە ئەم دۆسیەیە لە دادگایەو هێشتا بە ئەنجام نە گەیشتووە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە دۆسیەكە بۆ پەرەگراف ئەوەی خستە ڕوو، ئەمڕۆ دانیشتنێكی دیكەی دادگا لەسەر دۆسیەكە بەڕێوەچوو، "دادوەر تاوتوێی ئەوراقەكانی دۆسیەكەی كردو بڕیاریدا بە دواخستنی دانیشتنەكە بۆ 22-8-2021".

دۆسیەی سكاڵای دیوانی چاودێری دارایی سلێمانی لەسەر قادر حەمەجان عەزیز، "پەیوەندی بە تۆمەتباركردنیەوە هەیە بە سەرپێچی و گەندەڵی و لادانی ئیداری‌و یاسایی كە لەسەردەمی ناوبراودا لە شارەوانی سلێمانی ئەنجام دراوە" سەرچاوەكە وای وت.

سكاڵاكەی دیوانی چاودێری دارایی لەسەر قادر حەمەجان ساڵی 2004 تۆماركراوە، كاتێك جەلالی سام ئاغا سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی بووە.

لەسەردەمی سەرۆكایەتی جەلالی سام ئاغادا دیوانی چاودێری دارایی سلێمانی 2 هەزارو 720 ڕاپۆرتی لەسەر گەندەڵی و لادانی ئیداری‌و یاسایی ئامادە كردووە، بەدەر لەو ڕاپۆرتانە، دیوانی چاودێری دارایی هەرلەو سەردەمەدا 86 كەسی لەسەر گەندەڵی‌و سەرپێچی یاسایی‌و ئیداریی داوە بە دادگا كە زۆربەیان بەرپرسانی باڵای حكومەت بوون.

ئەنجامدانی چاكسازی‌و ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵی، لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسەوە‌و بەتایبەتتر لەسەرهەڵدانی ئۆپۆزسیۆنەوە بە بەهێزیی لەساڵی 2009، بەردەوام دروشم‌و بنەمای زۆربەی پڕۆژەكانی حزب‌و حكومەت بووە‌و بەرپرسانی باڵای هەرێم لە چەندین بۆنەدا دانیان بە بوونی گەندەڵیدا ناوە لە ئاستی فراواندا‌و بەڵێنی ڕوبەڕوبوونەوەیان داوە، بەڵام بەكردار ڕێكاری پێویستیان لەوبارەیەوە نەگرتووەتەبەر.

لەپاڵ ونبوونی دەرئەنجامی پڕۆژەكانی چاكسازی‌و ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی لە كوردستان، كەسانی كەمتەرخەم یان تۆمەتبار بەگەندەڵیش دیارنین، خەڵكی هەرێم تائێستا بینەری ئەنجامی دادگاییەك دەربارەی ئەو جۆرە كەسانە نەبوون كە لەئاست قەبارەی گەندەڵییەكەدا بێت، بەتایبەت بۆ بەرپرسانی باڵا‌و دەسەڵاتدار.