نەخۆشخانەی هیوا دەدرێتە كەرتی تایبەت؟ وەزارەتی تەندروستی وەڵام دەداتەوە‌

19-06-2021 12:16

پەرەگراف

وەزارەتی تەندروستی دەنگۆی "داخستن‌و فرۆشتنی نەخۆشخانەی هیوا بە كەرتی تایبەت" ڕەتدەكاتەوەو تەئكید لە چاسەركردنی ئەو گرفتانە دەكاتەوە كە ڕوبەڕوی نەخۆشخانەكە بوونەتەوە.

ڕوونكردنەوەكەی وەزارەت دوای ئەوەدێت چەند ڕۆژێكە نەخۆشخانەی هیوا بووەتە باسی گەرمی تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان‌و چەندین هەڵمەت بۆ پشتیوانیكردنی ڕاگەیەندراوە، ئەوەش دوای ئەوەهات كە نەخۆشخانەكە ڕوبەڕوی قەیرانی نەبوونی دەرمان‌و پێنەدانی پارەی پزیشك‌و كارمەندان بووەوە.

پەرلەمانتارێك كە بەدواداچوونی بۆ ئەو دۆسیەیە كردووە، چارەسەربوونی كێشەكانی نەخۆشخانەكە ڕادەگەیەنێت‌و هۆكارەكەیشی بۆ "قاچاخچێتیی" دەگەڕێنێتەوە.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لە ڕوونكردنەوەیەكدا دەڵێت، دەنگۆی داخستن‌و فرۆشتنی نەخۆشخانەكە ڕاست نییەو ڕەتی دەكەنەوە، "بەپێچەوانەوە لە نەخۆشخانەی هیوا و هەموو نەخۆشخانە و سەنتەرەكانی شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستان، تەواوی خزمەتكردنی نەخۆش بەخۆڕاییە و لەڕوانگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی تەندروستی ئەم نەخۆشخانانە هەردەم جێگای بایەخ و گرنگیپێدان بوونە و تەواوی پاڵپشتی و ئاسانكاریان بۆ دەكرێت و چەندین پڕۆژەی دروستكردن و فراوانكردن و دابینكردنی ئامێر و پێداوستییەكان لە بواری جێبەجێكردندان، ئەمە وێڕای دابینكردنی دەرمان و چارەسەری تیشكیی و نەشتەرگەری و خزمەتگوزاریە جۆراوجۆرەكان كە تێچوویان مانگانە چەندین ملیار دینارە".

وەزارەتەكە هەر بیرۆكەو هەوڵێكی لەو جۆرەش ڕەتدەكاتەوە‌و دڵنیایی بە پزیشك‌و كارمەندانی نەخۆشخانەی هیواو سەنتەرەكانی شێرپەنجە دەدات، "هەر كێشە و كەموكورتی و پێداویستیەكیان وەكو خەرجكردنی بودجەی (بەدەل عیادە) بەپێی پێویستیان و هاوسەنگی دابەشكردن لەسەر بنەمای یەكسانی و پابەندبوون بە ڕێنماییەكانی چاكسازی و هەمواركراو چارەسەر دەكرێت".

"هەروەها هەموو پاڵپشتی و ئاسانكاریەك دەكەین بۆ كۆمپانیاكانی دابینكەر بۆ وەرگرتنی شایستەكانیان لە وەزارەتی دارایی لەپێناو بەردەوامبوونی دابینكردنی دەرمان و پێداویستی پزیشكی بۆ تووشبووانی شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستان" وەزارەتی تەندروستی وادەڵێت.
كێشەكانی نەخۆشخانەكە دوای ئەوە تەشەنەیان كرد كە شەش مانگە حكومەتی هەرێم پارەی تەرخانكراوی دەرمانی نەخۆشخانەكەی خەرج نەكردووە‌و هەموو كۆمپانیاكانی دەرمانیش هێنانی دەرمانیان بۆ نەخۆشخانەكە ڕاگرتووە بەهۆی كێشەی پارەوە.

دەرمان‌و چارەسەری شێرپەنجە لە نەخۆشخانەكانی كەرتی تایبەت زۆر گرانە‌و خەڵكی هەژار توانایان بەسەریدا ناشكێت، د.سەباح هەورامی بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی هەفتەی پێشوو وتی "نەخۆش هەیە لەم هەفتەیەدا 20 ملیۆن دیناری داوە بە دەرمان بە تەنها بۆ 21 ڕۆژ. خێزان هەیە لەم هەفتەیەدا سەیارەكەی فرۆشتووە بۆ دەرمانی شێرپەنجە، بەڵام بەشی پێداویستی نەخۆشەكەی نەكردووە".

لەگەڵ بەردەوامیی كاردانەوەكان بۆ پاڵپشتیی نەخۆشخانەكە، عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری گۆڕان، ئەمڕۆ ئەنجامی بەدواداچوونێكی بڵاوكردەوە چارەسەربونی گرفتی دەرمانی شێرپەنجەی ڕاگەیاند.

"هۆكاری سەرەكی دروستبونی گرفت بۆ دەرمانی شێرپەنجە، ئەو بڕیارە بوو كە مانگانە ٢٪‏ پارەی كڕینی دەرمان بۆ كۆمپانیاكان خەرجدەكرێت، بەمەش هیچ كۆمپانیایەك ئامادەنەبو بەم شێوە دەرمانەكە دابین بكات و گرفتی دەرمان درەستبوو" عەلی حەمەساڵح وادەڵێت، ئەوەش دەخاتەڕوو بڕیارە سبەینێ حكومەت بڕیار لە چارەسەركردنی ئەو كێشەیە بدات.

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان كە زۆرترین قسەی لەسەر پرسی قاچاخچێتی كردووە، ھۆكارێكی سەرەكی نەمانی داهات بۆ بۆتوشبوانی شێرپەنجە بۆ قاچاخچێتی دەگەڕێنێتەوە.

"٥٪‏ داهاتی ماددە زیانبەخشەكانی وەك جگەرەو مەشروب و نێرگەلە.. هتد، بۆ كڕینی دەرمان بۆ تووشبوانی شێرپەنجە تەرخاندەكرا.. بەڵام بەهۆی ئەوەی ئێستا ٩٦٪‏ جگەرە بە قاچاخ پەیدا دەبێت ئەم داهاتە زۆر زۆر كەمی كردوە. لێرەوە داوا لە كاك كاوەو نەبەز دەكەم، هەر جگەرە بە قاچاخ دێنن ئەو ڕێژەیەی هیوا بدەن و موافەقەی سەروی خۆیان وەربگرن" عەلی وادەڵێت.

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت "تەنیا قاچاخی جگەرە مانگی ١٠ ملیۆن دۆلار زیانی لە داهات داوەو (٥٠٠ هەزار دۆلار) هی دەرمانی هیوایە.. ئەمە جگە لە مەشروب و نێرگەلە‌و.. هتد. هەموان دڵنیا دەكەینەوە بە هەموو توانایەك لە پشتی هیواین، هیوا نە دادەخرێت و نە دەدرێتە كەرتی تایبەت".