حكومەتی هەرێم بڕیاریدا بە خەرجكردنی پارە بۆ نەخۆشخانەكانی شێرپەنجە

20-06-2021 02:14

پەرەگراف

لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، پێداویستییەكانی نەخۆشخانەكانی شێرپەنجە دابین دەكرێن، بۆ ئەو مەبەستە بڕیاردرا مانگانە یەك ملیارو 600 ملیۆن دینار بۆ نەخۆشخانەكانی تایبەت بە چارەسەركردنی تووشبووانی شێرپەنجە خەرج بكرێت، بۆ كڕینی دەرمان و دابینكردنی ئامێر و تاقیگە و پێداویستییە پزیشكییەكانی تر.

لە نووسراوێكدا كە ئەمڕۆ ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی وئابووری كراوە، وردەكاریی ڕەزامەندی خەرجكردنی بڕی پارەكە بۆ نەخۆشخانەكانی نانەكەلی‌و ڕزگاری لە هەولێر، هیوا لە سلێمانی‌و ئازادی لە دهۆك، خراوەتەڕوو.

بەپێی نووسراوێكی دیكەش كە هەر ئەمڕۆ دەرچووە، سەرۆكی حكومەت ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر خەرجكردنی ملیارێك‌و 27 ملیۆن‌و 600 هەزار دیناری مانگانە لە بری نۆڕینگە (بدل عیادە).

ئەو بڕیارانە دوای ناڕەزایی‌و خۆپیشاندانی نەخۆشخانەی هیوا هات لە سلێمانی بەهۆی دابین نەكردنی دەرمان‌و پێداویستی پزیشكی‌و پارەی پزیشكان لە بری نۆڕینگە(بدل عیادە) كە كاردانەوەی فراوانی لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان لێكەوتەوە‌و هەڵمەتی فراوانی پشتیوانیی بۆ نەخۆشخانەكانی شێرپەنجە ڕاگەیەندرا.