پەرەگراف هەڵوێستی مەسعود بارزانی لەسەر ڕێككەوتنەكەی یەكێتی‌و گۆڕان ئاشكرا دەكات

21-06-2021 03:40
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان. وێنە؛ پەرەگراف

پەرەگراف

مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، هەڵوێستی "ئەرێنییە" لەسەر ڕێككەوتنی سیاسیی نێوان یەكێتی نیشتیمانی‌و بزووتنەوەی گۆڕان كە هاوپەیمانیی ئەو دوو حیزبەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لێكەوتەوە.

سەرچاوەیەكی باڵا لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بۆ پەرەگراف وتی "كاك مەسعود دەستخۆشیی لە بافڵ تاڵەبانی كردووە بۆ ڕێككەوتن‌و هاوپەیمانیی نێوان یەكێتی‌و گۆڕان".

سەرچاوەیەكی دیكەش لە بزووتنەوەی گۆڕان ئەو زانیارییەی بۆ پەرەگراف پشتڕاست كردەوەو ئەوەی خستەڕوو، "بافڵ تاڵەبانی لە كۆبوونەوەی لەگەڵ ئێمەدا باسی ئەوەی كردووە كە كاك مەسعود دەستخۆشی كردووە لە ڕێككەوتنەكە".

سەرچاوەكەی گۆڕان وتیشی "ئێمەش هیچ شتێكی نەرێنیمان لە پارتی نەبیستووە لەبارەی ڕێككەوتنمان لەگەڵ یەكێتی".

یەكێتی و گۆڕان، دوێنێ ڕێككەوتنی سیاسیی نێوانیان واژۆكرد بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرۆكایەتیی ئەو دوو حیزبە، ڕێككەوتنەكەیان بە "درێژكراوەی ڕێككەوتنی دەباشان" و هەوڵی "یەكڕیزی" و "پاراستنی دەستكەوتەكانی كورد لە بەغدا" ناوبرد.

ڕێككەوتنی دەباشان ساڵی 2016 بە ئامادەبوونی جەلال تاڵەبانی‌و نەوشیروان مستەفا واژۆ كرا، ئەو كات پارتی بە ئاشكرا دژایەتیی بۆ ئەو ڕێككەوتنە پیشاندا، ڕێككەوتنەكە جێبەجێ نەكراو گۆڕان پەنجەی بۆ یەكێتی ڕاكێشا كە ئامادەنییە جێبەجێی بكات، دواتر‌و پاش كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا(2017)و تووندبوونەوەی گرژیی لە نێوان گۆڕان‌و یەكێتی، گۆڕان بە فەرمی ڕێككەوتنەكەی هەڵپەسارد.

"بەشێك لە یەكێتی وایان لە پارتی گەیاندبوو كە ڕێككەوتنی دەباشان موئامەرەیە لە پارتی، بۆیە ئەوان دژی وەستانەوە، بەڵام نە ڕێككەوتنی دەباشان‌و نە ئەوەی ئێستا دژی پارتی ‌و هیچ حیزبێك نییە" سەرچاوە باڵاكەی گۆڕان وای وت.

بەپێی ڕێككەوتنە نوێیەكەی نێوان یەكێتی‌و گۆڕان، ئەو دوو حیزبە بە یەك هاوپەیمانیی بەشداری دەكەن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق‌و یەك بانگەشەی هاوبەشی هەڵبژاردنیان دەبێت.

لە 1-5-2021، پەرەگراف بۆ یەكەمجار پێكهێنانی (هاوپەیمانیی‌ كوردستان)ی نێوان یەكێتی و گۆڕان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئاشكرا كرد. هاوپەیمانییەكە لە 30ی‌ نیسانی‌ ئەمساڵ لە كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هەڵبژاردنەكانی‌ عێراق تۆمار كرا.

بزووتنەوەی گۆڕان لەناو هاوپەیمانیی كوردستان حەوت كاندیدی دەبێت؛ چوار لە سلێمانی(جگە لە بازنەی 3 كە هەڵەبجەو سەیدسادق‌و پێنجوێن دەگرێتەوە)، لە ھەولێر دوو كاندید‌و لە كەركوك كاندیدێك. یەكێتییش لە سلێمانی، دهۆك، هەولێر، كەركوك، نەینەوا، سەلاحەدین، دیالە‌و بەغداد كاندیدی دەبێت.

لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی، سەرۆكایەتیی هاوپەیمانییەكەو سەرپەرشتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەكات، لە مەراسیمی واژۆكردنی هاوپەیمانییەكە لاهور شێخ جەنگی وتی "ئەركی هەمووانە ئەم هاوپەیمانییە وەك بیلبیلەی چاومان بپارێزین". وتیشی " ئەگەر یەكڕیز نەبین، ناتوانین ئامانجەكان بەدەست بهێنین".

هەر لە مەراسیمەكەدا عومەر سەید عەلی ڕێكخەری گشتی گۆڕان، ئەوەی خستەڕوو، بە پێویستیان زانیوە هەموو لایەنە سیاسییەكانی هەرێم بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە، لە هاوپەیمانێتییەكدا بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق كۆببنەوە، وتی "بەڵام سەرەنجام ئەوەی بەدەست هات ڕێككەوتنی نێوان یەكێتی و گۆڕان بوو".

هاوكات بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی، جەختی كردەوە كە بەڵێنیان بە گۆڕان داوە ڕێككەوتنەكە دژی هیچ لایەنێك نییە، ڕوو لە عومەری سەید عەلی وتی"حەز دەكەم بەڵێنێكی دیكە بدەم بە جەنابت، هەرگیز جارێكی دیكە خوشك و براكانمان لە بزووتنەوەی گۆڕان جێناهێڵین".