دادگاییكردنی نۆ دەستگیركراوی دیكەی بادینان؛ تۆمەتی وەرگرتنی پاڵپشتی لە چەند وڵاتێك و كازمی دراوەتە پاڵیان

21-06-2021 07:15

پەرەگراف

نۆ دەستگیركراوی دیكەی بادینان كە بڕیارە لە ڕۆژانی 5 و 12ی مانگی داهاتوو بە تۆمەتی "كاركردن بۆ تێكدانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان" دادگایی بكرێن، تۆمەتی "كاركردن بۆ ئەمریكا و بەریتانیا و مستەفا كازمیی سەرۆكوەزیرانی عێراق"یان دراوەتە پاڵ.

ئەمڕۆ بەشێك لە كەسوكاری ئەو دەستگیركراوانە سەردانی پەرلەمانی كوردستانیان كرد و لەگەڵ فراكسیۆنە جیاوازەكان كۆبوونەوە. داوایان كردووە كە چاودێریی پرۆسەی دادگاییكردنی كەسوكارەكانیان بكەن تا "دادپەروەرانە" بڕیار لەسەر دۆسیەكانیان بدرێت.

ئامەد سڵێمان، كوڕی یەكێك لە دەستگیركراوانی بادینان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی "تۆمەتی كاركرن بۆ ئەمریكا و بەریتانیا و مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق، دراوەتە پاڵ كەسوكارە دەستگیركراوەكانمان".

كوڕی سڵێمان هەركیی دەستگیركراو لەگەڵ ڕەتكردنەوەی تۆمەتەكان، وتیشی "ئەگەر كەسوكاری ئێمە كاریان بۆ بەریتانیا و ئەمریكا و مستەفا كازمی كردبێت، ئێستا لە زینداندا نەدەبوون".

"دەبێت ئەمریكا و بەریتانیا و سەرۆكوەزیرانی عێراق كە ناویان لەم كەیسەدا هاتووە، بێنە سەر هێڵ و وەڵامێكیان هەبێت"، ئامەد سڵێمان وای وت.

بەشدار حەسەن، پارێزەری دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان، بۆ پەرەگراف وتی "تۆمەتی ئەوە دراوەتە پاڵ دەستگیركراوەكان كە هاوكاری لە كونسوڵی ئەمریكا و بەریتانیا وەربگرن بۆ تێكدانی ئاسایشی هەرێم".

ئەو پارێزەرە وتیشی "تۆمەتێكی دیكە كە دراوەتە پاڵ دەستگیركراوەكان، ئەوەیە كە ویستوویانە گرووپێك بۆ پاڵپشتی لە مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق دروست بكەن".

بەشدار حەسەن ئاماژەی بەوە كرد كە هەر لە دۆسیەی ئەو دەستگیركراوانەدا ناوی هەردوو وڵاتی "ئەڵمانیا و فەرەنسا"یش هاتووە.

لە سەردانەكەی ئەمڕۆیان بۆ پەرلەمانی كوردستان، كەسوكاری دەستگیركراوان داوایان لە "سەرجەم فراكسیۆنەكان كرد بەبێ‌ جیاوازی"، هاوكاریان بن بۆ "دەرخستنی ڕاستییەكان".

هەروەها داوایان لە "سەرۆكایەتییەكانی هەرێم و بە تایبەت داواكاری گشتی" كرد كە "ئەو كەیسە بە لاڕێدا نەبرێت و بە سیاسی نەكرێت، كە تا ئێستایش وەكو بەشێك لە كەسوكاری زیندانیانی بادینان، نەمانتوانیوە سەردانی كەسوكارەكانمان بكەن".

پێشتر بەشدار حەسەن، سەرۆكی تیمی پارێزەرانی دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان، بۆ پەرەگراف وتی "ڕۆژی 5-7-2021 یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنی (عامر خالید عەگید، فرسەت ئەحمەد سەعید، جەمال خلەیل مەجید، سلێمان كەمال سلێمان و سلێمان موسا ئەحمەد) بەڕێوە دەچێت".

"ڕۆژی 12-7-2021یش یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنی (مەسعود شنگالی، شیروان ئەمین، كارگەر عەباس عەلی و بەندەوار ئەیوب) بەڕێوە دەچێت".