ئەمەریکا کۆمەکی تایبەت بە پاراستنی فەرهەنگی کەلەپوری بۆ مۆزەخانەی کەلەپوری سریانی ڕادەگەیەنێت

21-06-2021 10:59

پەرەگراف

ئەمڕۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پرۆگرامێکی تازەی ڕاگەیاند بۆ پێشکەشکردنی کۆمەکی دارایی لە ڕێی ئاژانسی ئەمەریکی بۆپەرەپێدانی نێودەوڵەتی بۆ مۆزەخانەی کەلەپوری سریانی لە پێناو یارمەتیدانی پاراستنی فەرهەنگی کەلەپوری دەوڵەمەندی کۆمەڵگای سریانی.

کۆمەکەکە لە لایەن ماسیو تولەر، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ڕاگەیەندرا، لە میانی سەردانی بۆ مۆزەخانەی کەلەپوری سریانی.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە ھەولێر کە وێنەیەکی بۆ پەرەگراف نێردراوە، کۆمەکەکە تاقیگەیەکی  بەدیجیتاڵی کردن و پێشانگایەک لە مۆزەخانەکەدا دروست دەکات و هەروەها  یارمەتی پاراستنی نوسراوە دێرینەکان و پارچەی کەلەپوری و کەلتوری دێرین دەدات. 

باڵیۆز تولەر دەڵێت "کۆمەڵگای فرەڕەنگی عێراقی، لە ناویشیاندا کۆمەڵگای سریانی، مێژووێکی کەلتوری دەوڵەمەندیان پێشکەشکردووە کە نەوەک هەر بۆ خەڵکی وڵاتەکە گرنگن، بگرە بۆ هەموو ئەاونەش لەسەرانسەری دنیادا گرنگە کە باوەڕیان لەم هەرێمەدا ڕەگی داکوتاوە".

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کار لەگەڵ هاوپەیمانی کەلەپوری دەکات کە بارەگاکەی لە ئەمەریکایە بۆ پشتیوانیکردنی کاراکتەرانی خۆجێیی و ڕابەرانی کۆمەڵگا لە عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراقدا لە کاتێکدا کەلەپوری کۆمەڵگا لە شیوەی پارچەی کەلەپوری مۆزەخانەودەستنووس و مێژووی زارەکی و مۆسیقا کە زۆربەشیان لە لایەن داعشەوە بە ئامانج کرابوون، بە دۆکیۆمێنت و بە دیجیتاڵی دەکەن. بەدیجتیاڵکردنی ئەوانەی کە ماون یارمەتی پاراستنی فەرهەنگی کەلتوری فرەڕەنگی عێراق دەدات و جێپەنجەی دەبێت لە هەوڵی گەورەتری ئاوەدانکردنەوەو بوژاندنەوەی کۆمەڵگای ئەو پێکهاتانەی چەوسێندراونەتەوە.

بەهەمان شێوە یارمەتی خەڵک لەسەرانسەری جیهان دەدات بۆ پێزانینی ئەو پارچە کەلەپوریانە و چیرۆکەکانیان و هەروەها ئاشنا بوون بەکۆمەڵگاکانیان لەڕێی سەردانکردنی ماڵپەڕی مۆزەخانەکە بە شێوەی ئۆنلاین.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پابەندبوون دووپاتدەکاتەوە بە کارکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا لە ڕێی دامەزراوەی وەک مۆزەخانەی کەلەپوری سریانی بۆ یارمەتیدانی کۆمەڵگای پێکهاتە ئاینی و نەژادیەکان لە عێراق. لە ساڵی ٢٠١٨ەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا زیاتر لە ٤٧٠ ملیۆن دۆلاری  لەسەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراقدا تەرخانکردووە بۆ بوژاندنەوەو بە زیندویی هێشتنەوەی پێکهاتە دینی و نەژادیەکانی عێراق.