ئاسایشی سلێمانی: كەسێک هێزی چەكداری بەشێوازێكی دەرچوون لە یاسا بەكارھێناو تەقەیان لێ کردین

22-06-2021 04:44
دیمەنێك لە شوێنی شەڕەتەقەكەی شەوی ڕابردووی سلێمانی

پەرەگراف

ئاسایشی سلێمانی لەبارەی شەڕەتەقەكەی شەوی ڕابردوو ڕایگەیاند، شۆفێرێك پابەند نەبووە بەڕێكارو ڕێنماییە یاساییەكان و لەوەوە گرفت دروست بووەو پاشان ئەو كەسە هێزێكی چەكدار بەشێوازێكی دەرچوون لە یاسا بەكاردەهێنێت و هەڵدەكوتنە سەر ئەو هێزە ئەمنییەی كە لەئەركدا بوون و بە تەقەكردن ڕووبەڕووی هێزە هاوبەشەكە بوونەوە.

لە ڕاگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ پەرەگراف نێردراوە، ئاسایش دەڵێت، هێزەكانیان بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەئەمنییەكان لە لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی لە ئەركێكی ڕەسمیدا بوون، بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی شار لەسەر شەقامی جەواهیری لەگەڕەكی سەرچنار.

"له‌‌وكاته‌‌دا شۆفێرێك پابه‌ند نابێت به‌ڕێكارو رێنماییه‌ یاساییه‌‌كان و له‌‌مه‌‌شه‌‌وه‌‌ گرفت دروستبوو، دواتر ئه‌‌و كه‌‌سه‌‌ ھێزێكی چه‌كدار به‌كارده‌ھێنێت به‌شێوازێكی ده‌رچوو له‌ یاسا و ھه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌ر ئه‌و ھێزه‌ ئه‌منییه‌ی كه‌ له‌ئه‌ركدا بوون و به‌ته‌قه‌كردن رووبه‌ڕووی ھێزه‌ ھاوبه‌شه‌كه‌ ده‌‌بنه‌‌وه‌‌و ده‌‌رئه‌‌نجام شه‌‌ش كارمه‌ندی ھێزه‌كانی ئاسایشی سلێمانی و كارمه‌‌ندێكی هێزه‌‌كانی فریاكه‌‌وتنی به‌‌ڕێوبه‌‌رایه‌‌تی پۆلیسی سلێمانی برینداربوون و ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌كران به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ر".

ئاسایش دەشڵێت "ئێمە لە كاتێكدا هیوای زوو چاكبوونەوە بۆ بریندارانی ئەم رووداوە نەخوازراوە دەخوازین رێوشوێنە یاسییەكان بۆ لیژنەی لێكۆڵینەوە جێدەهێڵین و هەموولایەك دڵنیادەكەینەوە هەرگیز دەستبەرداری ئەركی نیشتمانی خۆمان نابین لەپاراستنی سەروماڵی هاوڵاتیان و ئارامی شار و لەو پێناوەشدا ئامادەی هەموو قوربانییەكین".

پەرەگراف لە سەرچاوەیەكی باڵای ئەمنییەوە زانیاریی ئەوەی دەستكەوتووە، شەڕەتەقە لە نێوان لیژنەی ئەمنیی سلێمانی و ھێزی ئاڵتونیی پێشمەرگە ڕوویداوە كە سەربە جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆكی هەرێم‌و بەرپرسی باڵای یەكێتین، ئەوەش دوای ئەوەی كچێكی شێخ جەعفەر لە بازگەیەكی كاتیی لیژنەی ئەمنیدا تووشی گرژیی‌و دەمەقاڵە دەبێت لەگەڵ كارمەندە ئەمنییەكان، پاشان تەلەفۆن بۆ هێزە ئاڵتونییەكەی سەربە باوكی دەكات‌و ئەوانیش بە چەك‌و جۆراوجۆر ڕوبەڕوی لیژنە ئەمنییەكە دەبنەوە كە لە پۆلیس‌و ئاسایش پێكدێن.

شەڕەتەقەكە لە نزیك ئوتێل ئەبوسەنا لە سەرچنار ڕوویدا، نزیكەی 20 خولەك بەردەوام بوو، سەدان فیشەكی تێدا تەقێندران.

ئومێد عەلی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی ڕایگەیاند "لە ڕووداوەكەدا ١٠ كەس لە هەردوو هێزی ئاسایش و هێزی ئاڵتونی برینداربوون و ڕەوانەی نەخۆشخانە كراون و چارەسەریان بۆ كراوە" وتیشی، سەرجەم بریندارەكان تەندروستییان جێگیرە و مەترسی لەسەر ژیانیان نییە.

هاوكات مستەفا چاوڕەش بەرپرسی یەكەی 70ی هێزەكانی پێشمەرگەی یەكێتی، ئەمڕۆ ڕایگەیاند: لە بارەگای ‏یەكەكانی 70 بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرجەم ھێزەكان و نۆزانی كوڕی شێخ جەعفەر، "بە ڕێككەوتن ‌و ڕەزامەندیی هەموولایەنەكان ‏كێشەی تەقەكانی شەوی ڕابردوو چارەسەركرا ‌و لایەنی كەمتەرخەم لە رووداوەكە ڕووبەڕووی دادگا ‌و یاسا دەكرێتەوە".‏

پەرەگراف چەند جارێك و لەكاتی جیاوازدا پەیوەندیی بە ھەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگارو سەرۆكی لیژنەی ئەمنیی سلێمانییەوە كردو بە ناردنی نامەی مۆبایلیش داوای لێدوانی لێكرد لەبارەی شەڕەتەقەكەی شەوی ڕابردوو، بەڵام وەڵامی نەدایەوەو بێدەنگیی لەو ڕووداوە هەڵبژاردووە.