دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان؛ سزای ساڵێك زیندانی بۆ ئومێد بەرۆشكی لەسەر "هاندان بۆ خۆپیشاندان"

22-06-2021 05:23

پەرەگراف

ئومێد بەرۆشكی، یەكێك لە ڕۆژنامەنووس و چالاكانی مەدەنیی دەستگیركراوی بادینان، لە سێ‌ دۆسیەدا دادگایی كرا و سزای ساڵێك زیدندانی و 240 هەزار دینار پێبژاردنی بۆ دەركرا. چوار سكاڵای دیكەش لەسەر ناوبراو ماون.

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە پەرەگرافی وت "ئەمڕۆ لە دادگای دهۆك، ئەومێد بەرۆشكی لەسەر دوو سكاڵا بە ماددەی دووی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی، یەكی شەش مانگ سزای بۆ دەركرا، بە ماددەی 240ی یاسای سزادانی عێراقیش، سزای 240 هەزار دیناری عێراقی بۆ دەركرا".

سەبارەت بەو سكاڵایانەی كە بەپێی ماددەی دووی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی لەسەر ئومێد بەرۆشكی تۆمار كرابوون، سەرچاوەكەی پەرەگراف وتی "تۆمەتبار كرابوو بەوەی كە لە فەیسبووك داوای كردووە بچنە پاركی ئازادیی دهۆك بۆ خۆپیشاندان".

ئەو سكاڵایەشی كە بەپێی ماددەی 240ی یاسای سزادانی عێراقی لەسەر بەرۆشكی تۆمار كراوە، بە تۆمەتی ئەوە بووە كە "هانی خەڵكی داوە بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان".

سزاكان حوكمی كۆتاییان نییە و دەكرێت داوای پێداچوونەوە بكرێت. هەروەها ئەو ڕۆژنامەنووس و چالاكەی بادینان ماوەی 10 مانگە لە زینداندایە و ئەو ماوەیەی لەسەر سزاكە بۆ حیساب دەكرێت، سەرچاوەكەی پەرەگراف وتی "بەوپێیە واتە سزاكەی دوو مانگی دەمێنێت".

بڕیارە ڕۆژی 24-7-2021یش ئومێد بەرۆشكی لە سێ‌ دۆسیەی دیكەدا دادگایی بكرێت كە "ماددەی دووی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندین".

ڕەمەزان ئەرتیسی، پارێزەری دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان كە بەشداریی لە دادگاییكردنەكەی ئەمڕۆدا كردووە، هەرچەندە ئامادە نەبوو لێدوان بدات، بەڵام زانیارییەكانی سەرچاوەكەی پەرەگرافی پشتڕاست كردەوە.

بڕیارە ڕۆژی ١٧-٨-٢٠٢١، ئومێد بەرۆشكی لەگەڵ مامۆستا بەدەل بەرواری، لە دادگای تاوانەكانی دووی هەولێر بە تۆمەتی "كاركردن بۆ تێكدانی ئاسایشی هەرێم" دادگایی بكرێن، بەوپێیە حەوت سكاڵا لەسەر بەرۆشكی تۆمار كراوە كە ئەمڕۆ لە سێ‌ دۆسیەیان سزای بۆ دەركراوە.