دەربارەی ناردنی پارە بۆ هەرێم، حكوومەت و پەرلەمانی عێراق ڕای جیاوازیان هەیە؛ ئایا بەغدا 200 ملیارەكە دەنێرێت؟

23-06-2021 05:14

پەرەگراف

دوای بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ ناردنی 200 ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێم، لیژنەی دەستپاكیی پەرلەمانی عێراق دژایەتیی خۆی بۆ ناردنی هەر بڕەبوودجەیەك لە دەرەوەی یاسا بۆ هەرێمی كوردستان دەربڕی. ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقش پێی وایە هەڵەكە ئەوەیە كە ڕێككەوتنی حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی عێراق بە شێوازێكی نادروست بووە.

لە نووسراوێكدا كە واژووی سابت محەمەد سەعید عەباسی، سەرۆكی لیژنەی دەستپاكیی پەرلەمانی عێراقی بەسەرەوەیە و ئاراستەی وەزیری دارایی كراوە، هاتووە "بۆ كاروباری وردبینی و چاودێری، بەپێی بڕگەی دووەمی ماددەی 61ی دەستوور، داوا دەكەین كە پابەند بن بە جێبەجێكردنی بەندەكانی یاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2021، بە تایبەت ماددەكانی 10 و 11، هەروەها یاسای كارگێڕیی دارایی ژمرە شەشی ساڵی 2019".

نووسراوەكە ڕۆژی 21-6-2021 ئاراستەی وەزیری دارایی كراوە و تێیدا داوا كراوە كە وەزارەتی دارایی پابەند نەبێت بە "هەر بڕیارێك كە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران یان هەر لایەنێكی دیكەوە دەربچێت"، سەبارەت بە بوودجە، ئەگەر بڕیارەكە لە دەرەوەی یاسای بوودجە بێت.

لیژنەی دەستپاكی هۆشداریی داوەتە وەزیری دارایی عێراق كە ئەگەر بە داواكاریی لیژنەكەوە پابەند نەبێت، وەزارەتی دارایی "بەرپرسیارێتیی یاسایی جەزائی و مەدەنیی دەكەوێتە ئەستۆ".

ئەمە لە كاتێكدایە كە دوای كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، حەسەن نازم، وتەبێژی حكومەتی عێراق، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ناردنی 200 ملیار دینار وەكوو سولفە بۆ هەرێمی كوردستان، بڕیاری لەسەر دراوە و بەمزووانە دەنێردرێت".
حەسەن نازم ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی بە ڕەچاوكردنی "لایەنی مرۆیی" لێك دایەوە و وتی "زۆربەی فەرمانبەرانی عێراقی لە هەرێمی كوردستان چەند مانگێكە مووچەیان وەرنەگرتووە". هەروەها ئاماژەی بەوە كرد كە دواتر لە چوارچێوەی پشكی هەرێمی كوردستاندا وەرگرتنەوەی ئەو پارە چارەسەر دەكرێت.

جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بە پەرەگرافی وت "كێشەكە ئەوەیە كە بەرپرسانی هەرێم وتیان ڕێككەوتنێكمان كردووە لەگەڵ حكوومەتی عێراق و وەكو مووژدە ڕایان گەیاند، بەڵام دەبێت بزانین ڕێككەوتن چۆن و لەسەر چ بنەمایەك؟ چونكە لە عێراقدا هیچ بڕەپارەیەك خەرج ناكرێت بەپێی یاسای بوودجە نەبێت".

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پێی وایە دەبوو لە ڕێككەوتنی حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵیدا بوترێت "بۆ مانگەكانی یەك، دوو، سێ‌ و چوار كە هێشتا یاسای بوودجە پەسەند نەكرابوو، لەبەر ئەوەی بەپێی خەمڵاندن دیاری كراوە لەوەی كە هەرێم بە بەغدای دەدات و بەغدایش بە هەرێمی دەدات چەندە، دەركەوتووە كە دەبێت حكوومەتی عێراق مانگانە 200 ملیار دینار بە حكوومەتی هەرێم بدات".

بۆ چارەسەری كێشەی بەشەبوودجەی مانگی پێنجیش، جەمال كۆچەر پێی وایە دەبوو بوترایە "دیوانی چاودێریی دارایی عێراق ڕۆیشتووە بۆ هەرێم، تا كارەكانی یەكلایی دەبێتەوە، 200 ملیار بە هەرێم دەدەین لەبەر مووچەی فەرمانبەران. دوای تەواوبوونی كارەكان ئەو پارەیە لە بەشەبوودجەی هەرێم دەبڕدرێت".

بە قسەی ئەو پەرلەمانتارە "ئەگەر بەو شێوەیە باسكرابا، ئەوكات دەكرا بەغدا ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێم بنێرێت". جەختیشی كردەوە كە "ئێستایش بۆ چارەسەری كێشەكە پێویستە هەردوو حكوومەتی هەرێم و عێراق لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا باس لەوە بكەن خەرجكردنی 200 ملیارەكە بەو ڕێكارەیە".

نووسراوەكەی لیژنەی دەستپاكیی پەرلەمانی عێراق كە ئاراستەی وەزارەتی دارایی كردووە

ڕۆژی 15-6-2021، مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، ڕایگەیاند كە لەگەڵ مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق‬، گفتوگۆیان دەربارەی پابەندبوونی هاوبەشیان بۆ ڕاستەڕێكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كردووە.

‏"خۆشحاڵم ڕایبگەیەنم كە گەیشتووینەتە ڕێككەوتنێك كە بەشەبوودجەی هەرێمی كوردستان بگەڕێندرێتەوە، ئەمەش لە مانگی یەكی ئەمساڵەوەحیساب دەكرێت بە (أپر رجعی)" مەسرور بارزانی وای وت.

هاوكات خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، هەمان ڕۆژ ڕایگەیاند "ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا مانگانە بڕی ٢٠٠ ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت و لە 1-1-2021ـەوە هەژمار بكرێت".

"هیوادارین ئەم هەنگاوە ببێتە سەرەتایەك بۆ چارەسەر كردنی كۆی كێشەكان و مایەی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵكی كوردستان، و هەر لێرەوە ئەمانەوێت ڕایبگەیەنین كە تیمی هاوبەشی چاودێریی دارایی فیدراڵی و هەرێم دەستیان بە وردبینی لە داهاتە نانەوتییە فیدراڵییەكان كردووە، لە ماوەیەكی نزیكدا ڕاپۆرتی هاوبەشیان ئامادە دەبێت و بەردەوام دەبین لەسەر جێبەجێكردنی پابەندییەكانی تری یاسای بودجە" خالید شوانی لە فەیسبووك وای نووسیبوو.

یاسای بوودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021 كە دوای مشتومڕێكی زۆر پەسەند كرا، پاش تێپەڕێنی شەش مانگی ساڵەكە، هێشتا ماددەكانی پەیوەست بە هەرێمی كوردستان جێبەجێ‌ نەكراون.

بەپێی ماددەی 11ی یاسای بووجە كە تایبەتە بە هەرێمی كوردستان، حكوومەتی هەرێم ڕۆژانە 460 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، دوای لێدەركردنی خەرجیی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و بەكاربردنی ناوخۆیی و بڕی تایبەت بە پترۆدۆلار، داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوت بە نرخی سۆمۆ ڕادەستی حكومەتی فیدڕاڵی دەكات. هەروەها لەسەدا 50ی داهاتە فیدراڵییەكانیش دەگەڕێنێتەوە بۆ بەغدا.

هەر بەپێی ماددەی 11ی یاسای بوودجە كە تایبەتە بە هەرێمی كوردستان، دەبێت پاكتاوی شایستە داراییەكانی نێوان حكومەتی فیدڕاڵ و هەرێمی كوردستان بكرێت بۆ ساڵەكانی 2014 تا 2020.

هەروەها هەرێمی كوردستان قەرزەكانی بۆ بانكی بازرگانیی عێراق دەگەڕێنێتەوە، بە جۆرێك كە وەزارەتی دارایی قەرزەكان دەكات بە قیستی مانگانە و لە بەشە بوودجەی هەرێمی دەبڕێت، پێدانەوەی ئەم قەرزە لەمساڵەوە دەست پێ دەكات و بە ماوەی حەوت ساڵ تەواو دەبێت.

لە بڕگەیەكی دیكەی ماددەی 11دا هاتووە كە "دەبێت هەرێمی كوردستان لیستی فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازیی خۆی ڕادەستی بەغدا بكات بە وردەكاریی تەواوەتی پلەی وەزیفییانەوە".

لە دوای جێبەجێكردنی هەموو ئەوانە، ئەوە جێگیر كراوە كە "حكومەتی عێراق ئامادەیە شایستەی دارایی هەرێمی كوردستان بدات".