تاوانبارانی دزینی مووچەی نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی بە 15 ساڵ زیندانیی سزا دران

10-02-2020 05:35
پارەكەی نەخۆشخانەی شار دۆزرایەوە(13-3-2019)و باندی دزییەكە دەستگیركران. وێنە؛ ڕووداو.


پەرەگراف

دادگای تاوانەكانی سلێمانی دۆسیەی تاوانبارانی دزینی مووچەی كارمەندانی نەخۆشخانەی شاری یەكلاییكردەوە، 6 تاوانباری دۆسیەكە هەریەكەیان بە 15 ساڵ زیندانیكردن حكومدران.

لەو شەش كەسە سیانیان پێشتر بەهۆی لێبوردنی گشتییەوە ئازاد كراون‌و بەپێی یاسا بەهۆی ئەم تاوانە نوێیەوە ئەو لێبوردنە گشتییەی پێشتریش هەڵدەوەشێتەوەو ئەو سزایەی پێشووتریش دەدرێن، هەروەها یەكێكی دیكە لەو شەش كەسە دوو دۆسیەی لێكۆڵینەوەی لەسەرەو دوو كەسەكەی دیكە پێشنەی تاوانیان نییە.

حاكم عومەر ئەحمەد، وتەبێژی سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ 10ی شوباتی 2020، دادگای تاوانەكانی سلێمانی / 3 بەپێی ماددەی 442ی یاسای سزادنی عێراقی بڕیاری كۆتایی لەبارەی دۆسیەی ئەو تۆمەتبارانە دەركرد كە مووچەی كارمەندانی نەخۆشخانەی شاریان دزی و ژمارەیان شەش كەس بوون، "دادگاش بڕیاری 15 ساڵ زیندانی بۆ هەریەكەیان دەركرد".

وتەبێژەكەی دادگا بۆ پیوكەی میدیا ئەوەشی خستە ڕوو، لەسەر دۆسیەكە 19 تۆمەتبار لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا كراوە، بەڵام 13یان لەكاتی لێكۆڵینەوەو دادگایكردندا بەڵگەی پێویست نەبووە بۆ تاوانباركردنیان بۆیە بە بڕیاری دادگا ئازادكراون، "شەش تۆمەتباریان مابوونەوەو ئەمڕۆ دادگا دوا بڕیاری لەبارەی دۆسیەكەیانەوەدا".

حاكم عومەر ئاماژەی بەوەش كرد، لەو شەش تاوانبارەی دادگا حكومیدان سیانیان پێشتر بەر لێبوردنی گشتی كەوتوون، "یەكێكیان سزای لەسێدارەدانی هەبوەو سزاكەی دەستپێدەكاتەوە، دوانی ترشیان سزای 10 ساڵ زیندانیان هەبووەو دەبێت سزاكەیان دەستپێبكاتەوە".

وێنەی ئەو ئۆتۆمبێلەی پارەكەی نەخۆشخانەی شاری تێدا بووە، دوای دزینی پارەكەی ئۆتۆمبێلەكە بە بەتاڵیی جیهێڵدراوە.

بەپێی ماددەی 10ی یاسای لێبوردنە گشتییەكە، هەر كەسێك لەماوەی 5 ساڵدا لەدوای ئازادبوونی تاوانێكی نوێ بكات، لێبوردنە گشتییەكەی هەڵدەوەشێتەوەو دەبێت ماوەی حوكمەكەی لەزیندان بەسەر ببات، بۆیە ئەو سێ تاوانبارە لێبوردنە گشتییەكانیان هەڵدەوەشێنێرتەوەو دەستدەكرێتەوە بە دادگایكردنەوەیان بۆ بەسەربردنی ئەو حكومەی پێشتر لەسەریان بووە.

"یەكێكی تری لەو شەش كەسەی ئەمڕۆ حكومدراوە، پێشتر لەلای پۆلیس دوو دۆسیەی لێكۆڵینەوەی هەبووە، بەڵام دووان لەحكومدراوەكان پێشینەیان نەبووە، بەڵام بەشداری تاوانی دزینی پارەكەی نەخۆشخانەی شار بوون" حاكم عومەر وای وت.

نیوەڕۆی ڕۆژی 12-3-2019 لەلایەن چەند چەكدارێكی دەمامكدارەوە ئەو ئۆتۆمبێلەی پارەی مووچەی پزیشك‌و كارمەندانی تەندروستیی نەخۆشخانەی شاری دەگواستەوە، لەناو جەرگەی سلێمانی كرایە ئامانج‌و ڕفێندرا.

ئەو ئۆتۆمبێلەی كە پارەی كارمەندانی نەخۆشخانەی شاری هەڵگرتبوو لە بانكی گۆیژە بەرەو شەقامی ئۆرزدی چووەو دواتر لەبەردەم كەباب وەلی بەرەو ئاڕاستەی نەخۆشخانەی شار ڕۆیشتووە، چەند سەد مەترێك لەولای كەبابخانەكە، چەكدارەكان هێرشیان كردەسەری‌و ڕفاندیان، بەڵام دواتی كەمتر لە 24 كاتژمێر هێزە ئەمنییەكان دەستگیركردنی ئەو كەسانەو دۆزینەوەی پارەكەیان ڕاگەیاند.