كارەبا و "بەڵێنە درۆكان".. ئەو قەیرانەی ساڵانێكە عێراقییەكانی ماندوو كردووە

24-06-2021 05:10

پەرەگراف

ماوەیەكە ئەو هێرشانەی دەكرێنەسەر هێڵەكانی گواستنەوەی وزەی كارەبا لە ناوچە جیاوازەكانی عێراق، بەتایبەت ئەو شوێنانەی تائێستا داعش تێیدا چالاكە زیادی كردووە، ئەوە بۆتەهۆی زیادبونی بڕانی كارەبا و كەمبونەوەی بەشی چەندین پارێزگا لە بەشە كارەباكەیان.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، پلانی نوێی هەیە بۆ پارێزگاریكردن لە هێڵەكانی گواستنەوە و دابەشكردنی كارەبا، بۆ ئەوەش پشت بە بەكارهێنانی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان دەبەستن تاوەكو چاودێری تاوەرەكانی پێبكەن و ڕێگری بكەن لە هێرشكردنەسەریان.

بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتی ناوخۆ بۆ ئەنجامدانی ئەو كارە، گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیایەكی چینی ئەنجامدراوە، بۆ كڕینی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان، نەوەك تەنها بۆ پاراستنی هێڵەكانی گواستنەوەی كارەبا، بەڵكو پارێزگاریكردن لە كێڵگەكانی نەوت و گازیش، كە بەردەوام ڕوبەڕوی هێرشی ڕێكخراوی تیرۆرستی داعش دەبنەوە.

مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕێنمایی بۆ سەرجەم سەركردەی ئۆپراسیۆنەكان و دەزگای هەواڵگریی دەركردووە، بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو هێرشانە بكەن كە دەكرێن و پارێزگاری لە تاوەرەكانی وزە بكەن و ئەو گروپە تاوانكارییانەش دەستگیر بكەن كە هێرشەكان ئەنجام دەدەن.

هاتنی وەرزی هاوین و بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما، هاوكات كەمیی بەرهەمهێنانی كارەبا، لەگەڵ بە ئامانجگرتنی تاوەر و تۆڕەكانی هێڵی گواستنەوەی كارەبا، وایكردووە دۆخی كارەبا خراپ و خراپتر بێت، كاتژمێرەكانی پێدانی بە هاوڵاتیان كەمببێتەوە و بڕانی بەردەوام هەبێت.

هێرشەكانی داعش

ماوەیەكە داعش دەستیكردووە بە هێرشكردنەسەر هێڵەكانی كارەبا، ڕۆژی 14ی ئەم مانگە چەند تاوەرێكی لە پارێزگای سەلاحەدین تەقاندەوە، مانگی ئایاریش بەهەمان شێوە تاوەرەكانی ئەو پارێزگایەی كردبووە ئامانج، ئەوانەش بونە هۆی بڕینی كارەبا لەبەشێكی زۆری ئەو ناوچەیە.

لە 16ی مانگیشدا بەچەند بۆمبێكی چێندراو هێڵی گواستنەوەی كارەبا لە ئێرانەوە بۆ عێراق كرایە ئامانج، بە دیاریكراویش لە پارێزگای دیالە، ئەوەش بووەهۆی بڕینی كارەبا لە سێ بەشی شارەكە.

لەگەڵ زیادبونی نیگەرانییەكان لە دۆخی كارەبا، مستەفا كازمی سەرۆكوەزیران لە كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی وزاریی ئاسایشی نیشتمانی وتی "حكومەت گەیشتووەتە ئاستێكی باش لە بەرهەمهێنانی كارەبا، بەڵام لەچەند پارێزگایەك هێرشەكان بۆ سەر تاوەر و هێڵەكانی گواستنەوەی كارەبا دووبارە دەبنەوە، ئەوەش كاریگەری لەسەر كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا دەبێت و خەم و گرفتی هاوڵاتیان زیاتر دەكات".

خەمی هاوڵاتیان

عەدنان سەیف هاوشێوەی ملیۆنان عێراقی ناوچە جیاوازەكان، گرفتی كارەبا بێزاری كردووە و دەڵێت "بیهێننە بەرچاوتان لەم گەرما تاقەت پڕوكێنەدا كە پلەی گەرما دەگاتە 50 پلەو بەرزتر، خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی وەك ئاو و كارەبا بەشێوەیەكی كەم هەیە، ڕۆژانە لە چەند كاتژمێرێك زیاتر تێپەڕ ناكات، لەگەڵ زیادبونی گەرماش لە مانگەكانی تەموز و ئاب كەمتر دەبێتەوە، چونكە ئێمە تازە هاتوینەتە ناو هاوینەوە".

ئەندازیارێكی كارەبا باسلەوە دەكات، یەكێك لەو شتانەی عێراقییەكان كۆدەكاتەوە و بێ جیاوازی و دابەشكاری تێیدا هاوبەشن، "بێبەشكردنیانە لە كارەبا لە كوردستانەوە تا بەسرە".

"باس لە پڕۆژەی بەرهەمهێنانی كارەبا دەكەن، بەڵام هیچ گۆڕانكارییەك نابینین لەگەڵ هەموو ئەو بەڵێنەی دەیدەن، هاوكات دەیان ملیار دۆلار بۆ گەشەپێدانی بەرهەمهێنانی كارەبا دابین دەكەن" ئەندازیارەكە وادەڵێت.

كابینە یەك لەدوای یەكەكانی حكومەتی عێراق بەدەوام بەڵێنی چارەسەرو باشبوونی دۆخی كارەبایان بە عێراقییەكان داوە، بەڵام ئەو بەڵێنانە هێشتا هیچیان لێ سەوز نەبووەو خەڵك هێشتا لە ناڕەحەتیدان.

"خەڵك بێزاربووە لەو دۆخە خراپە، ئێمە هەموو دەزانین ئەو ملیارە دۆلارانە چۆتە گیرفانی گەندەڵەكانەوە، ئەگەر وانییە كوا ئەنجامی خەرجكردنی ئەو هەموو بڕە پارە زۆرە، دۆخی كارەبا چەندین ساڵە وایە، بەرەو خراپتریش دەڕوات" ئەندازیارەكە وادەڵێت.

بڕی كارەبای بەرهەمهاتوو لە عێراق 20 هەزار مێگاواتە، بەڵام لەڕاستیدا وڵاتەكە پێویستی بە دوو هێندەی ئەو بڕە هەیە تاوەكو بتوانێت كێشەی درێژخایەنی كەمی كارەبا چارەسەر بكات.