نوێترین هەڵوێستی مستەفا كازمی لەبارەی ناردنی 200 ملیارەكە بۆ هەرێم

25-06-2021 03:09

پەرەگراف

سەرۆكوەزیرانی عێراق سوورە لەسەر ناردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان‌و دەڵێت، ئەوەی دەینێرن سولفەیە نەك بودجە بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان بتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی بدات، ئەو پارەیەی دەنێردرێت دواتر لە پشكی هەرێمی دەبڕن.

مستەفا كازمی لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی فەرمیی عێراق، وتی "ئێمە تەنها پێشەكییەك دەدەین بە هەرێمی كوردستان بەمەبەستی پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی، لەڕێی پڕۆسەیەكی ژمێریارییەوە دوای ئەوەی دیوانی چاودێریی دارایی لە عێراق‌و هەرێم حساباتەكان لێكدەدەنەوە لێیان دەبڕدرێتەوە".

لەناو پەرلەمان‌و حكومەتی عێراق هەندێك لایەن دژی ناردنی پارەن لە بەغداوە بۆ هەرێم، كازمی دەڵێت،، هەوڵێك هەیە پارەكە بۆ هەرێمی كوردستان نەنێردرێت‌و ئەو لایەنانە ئەو بابەتە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەكاردەهێنن.

پێشتر مەسرور بارزانی ڕێككەوتنی لەگەڵ عێراق ڕاگەیاند بە جۆرێك مانگانە 200 ملیار دینار بۆ هەرێم بنێردرێت‌و لە 1-1ی ئەمساڵەوە حساب دەبێت، دواتر وتەبێژی حكومەتی عێراق تەئكیدی لەو ڕێككەوتنە كردەوە، بەڵام هێشتا هیچ بڕە پارەیەك بۆ هەرێم نەنێردراوە.

لێدوانەكەی كازمی لەكاتێكدایە، وەزیری دارایی عێراق دوێنێ لە كۆبوونەوەیەكیدا لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان لەبارەی ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاندووە، بەپێی ئەو حساباتەی كە كردوویانە بۆ چەند مانگی ڕابردووی ئەمساڵ حكومەتی هەرێم قەرزاربارەو دەبێت 630 ملیۆن دۆلار بۆ بەغداد بنێرێت.

ئەحمەدی حاجی ڕەشید ئەندامی لیژنەی دارایی كە بەشداربووە لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا، باسلەوە دەكات، وەزیری دارایی ڕونكردنەوەیەكی وردیداوەو وتویەتی، بەپێی بڕگەكانی ماددەی (۱٠، ۱۱) لە یاسای بودجە، هەرێم كۆمەڵێك پابەندبونی لەسەرە لەبەرانبەردا كۆمەڵێك شایستەشی هەیە دوای ئەوەی لە ئەنجومەنی وەزیران بڕیار دراوە كە شایستەكانی بۆ بنێردرێت، ئەوان وەك وەزارەت ڕاسپێراون ئەو وردەكارییە بكەن بزانن هەرێم چەندە شایستەی بەردەكەوێت بۆ ماوەی ئەم ٦ مانگە.

"لە ئەنجامدا دوای حسابكردنی خەرجیە فیعلیەكانی حكومەت و لێدەركردنی بودجەی سیادی و حاكمە، ڕون بویەوە كە هەرێم دەبێت ڕۆژانە بایی ۲٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بەحسابی سۆمۆ ڕادەستی حكومەت بكات، دەبێت لەئێستادا حكومەتی هەرێم بۆ ئەم چەند مانگەی پێشوو بڕی ٦۳٠ ملیۆن دۆلار بداتە حكومەتی فیدراڵ، واتە لەبری ئەوەی پارەی بۆ بنێرین قەرزار دەرچوو، بۆیە ئەگەر لەڕووی سیاسییەوە چارەسەر نەكرێت بەپێی بڕگەكانی یاسای بودجە هیچ بڕە شایستەیەكی بۆ ناڕوات" وەزیری دارایی عێراق لە كۆبوونەوەكەدا وای وتووە، بەوتەی پەرلەمانتار ئەحمەدی حاجی ڕەشید.

ئەو پەرلەمانتارە لە پۆستێكدا لە فەیسبوك دەشڵێت "لێرەدا بەویستی دەزانم وەبیر وەفدەكەی هەرێم بهێنمەوە لەبەردەم هۆڵی كۆبونەوەكانی لیژنەی دارایدا پێیان گەشتم، زۆر بە ڕاشكاوی بۆم ڕون كردنەوەو سوێندم بۆ خواردن كە ئەو حسابەی ئێوە كردوتانە هەڵەیەو لەوبڕگەیەی هێناوتانە لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ ڕێكەوتون لەسەری زەرەرتانەو هیچتان دەست ناكەویت بەشاهیدی هەندێ لە برایانی لیژنەی دارایی. بەڵام بەداخەوە كە گوێ نەگرن خەتای ئێمە نییە".

دوای بڕیارەكەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ ناردنی 200 ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێم، لیژنەی دەستپاكیی پەرلەمانی عێراق دژایەتیی خۆی بۆ ناردنی هەر بڕەبوودجەیەك لە دەرەوەی یاسا بۆ هەرێمی كوردستان دەربڕی.

لیژنەی دەستپاكی هۆشداریی داوەتە وەزیری دارایی عێراق كە ئەگەر بە داواكاریی لیژنەكەوە پابەند نەبێت، وەزارەتی دارایی "بەرپرسیارێتیی یاسایی جەزائی و مەدەنیی دەكەوێتە ئەستۆ".


یاسای بوودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021 كە دوای مشتومڕێكی زۆر پەسەند كرا، پاش تێپەڕێنی شەش مانگی ساڵەكە، هێشتا ماددەكانی پەیوەست بە هەرێمی كوردستان جێبەجێ‌ نەكراون.

بەپێی ماددەی 11ی یاسای بووجە كە تایبەتە بە هەرێمی كوردستان، حكوومەتی هەرێم ڕۆژانە 460 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، دوای لێدەركردنی خەرجیی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و بەكاربردنی ناوخۆیی و بڕی تایبەت بە پترۆدۆلار، داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوت بە نرخی سۆمۆ ڕادەستی حكومەتی فیدڕاڵی دەكات. هەروەها لەسەدا 50ی داهاتە فیدراڵییەكانیش دەگەڕێنێتەوە بۆ بەغدا.

هەر بەپێی ماددەی 11ی یاسای بوودجە كە تایبەتە بە هەرێمی كوردستان، دەبێت پاكتاوی شایستە داراییەكانی نێوان حكومەتی فیدڕاڵ و هەرێمی كوردستان بكرێت بۆ ساڵەكانی 2014 تا 2020.

هەروەها هەرێمی كوردستان قەرزەكانی بۆ بانكی بازرگانیی عێراق دەگەڕێنێتەوە، بە جۆرێك كە وەزارەتی دارایی قەرزەكان دەكات بە قیستی مانگانە و لە بەشە بوودجەی هەرێمی دەبڕێت، پێدانەوەی ئەم قەرزە لەمساڵەوە دەست پێ دەكات و بە ماوەی حەوت ساڵ تەواو دەبێت.

لە بڕگەیەكی دیكەی ماددەی 11دا هاتووە كە "دەبێت هەرێمی كوردستان لیستی فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازیی خۆی ڕادەستی بەغدا بكات بە وردەكاریی تەواوەتی پلەی وەزیفییانەوە".

لە دوای جێبەجێكردنی هەموو ئەوانە، ئەوە جێگیر كراوە كە "حكومەتی عێراق ئامادەیە شایستەی دارایی هەرێمی كوردستان بدات".