ڕۆژی جیهانیی پاڵپشتی لە ئەشكەنجەدراوان؛ ئامارەكان باس لە ئەشكەنجەدانی نیوەی تۆمەتبارانی هەرێم دەكەن

26-06-2021 06:56

پەرەگراف

لە ڕۆژی جیهانیی پاڵپشتی لە ڕزگاربووانی ئەشكەنجە، بەپێی ئاماری ڕێكخراوی گەشەپێدانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ، نیوەی تۆمەتبارانی هەرێم دەڵێن كە لە كاتی لێكۆڵینەوەدا ئەشكەنجە دراون. دەستەی مافی مرۆڤیش داوا دەكات كە لێكۆڵینەوە لە پۆلیس و دەزگا ئەمنییەكان وەربگیرێتەوە و بدرێتەوە بە ئەنجوومەنی دادوەری.

26ی حوزەیرانی هەموو ساڵێك لە جیهاندا بە ڕۆژی پاڵپشتی لە ڕزگاربووانی ئەشكەنجە دیاری كراوە. لەم ڕۆژەدا لە سەرانسەری جیهان چالاكی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەشكەنجە و پاڵپشتی لە ئەشكەنجەدراون بەڕێوە دەچێت. ڕێكخراوی گەشەپێدانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ و ژمارەیەك ڕێكخراوی دیكە، لە شاری هەولێر چالاكییەكیان تایبەت بەو ڕۆژە ئەنجامدا كە تێیدا لایەنە پەیوەندیدارەكان لە دەزگا ئەمنییەكان، دادوەر، پارێزەر، دەستە و ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ بەشدار بوون.

لە یەكێك لە پانێڵەكانی چالاكییەكەدا، كارزان فازیل، بەڕێوەبەری ڕێكخراوی گەشەپێدانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ، وتی "لە ماوەی چوار بۆ پێنج ساڵی ڕابردوودا، لەگەڵ ڕێكخراوە هاوكارەكامان، چاوپێكەوتنمان لەگەڵ 1246 تۆمەتبار لە دەرەوە و ناوەوەی گرتوخانەكان ئەنجام داوە، نیوەی ئەو كەسانە دەڵێن ئەشكەنجە دراوین".

ئەمە لە كاتێكدایە كە وەكو كارزان فازیل وتی "عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە، لە ساڵی 2010ـەوە چووەتە نێو ڕێككەوتنی بەرەنگاربوونەوەی ئەشكەنجەدان"، بەڵام وەكو پێویست بەدەم جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكەوە نەچووە و تا ئێستا "هیچ یاسایەكی بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ڕێككەوتنی بەرەنگاربوونەوەی ئەشكەنجەدان نییە".
بەڕێوەبەری ڕێكخراوی گەشەپێدانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ تیشكی خستە سەر ئەوەی كە هەموو كەسێك دەزانێت ئەشكەنجەدان تاوانە، بەڵام ئەوانەی ئەشكەنجە دەدرێن، ئەو بوێرییەیان نییە كە سكاڵا تۆمار بكەن و وتی "دادوەر هەبووە بە ئێمەی وتووە، كاتێك ئێمە لێكۆڵینەوە لە كەیسێكی گەورە دەكەین، چۆن ئێوە دێن باسی ئەوە دەكەن كە تۆمەتبارەكە دوو زللـەی لێ‌ دراوە، یان دوو شەقی تێهەڵدراوە؟! تێگەیشتی هەندێك لە دادوەرەكان بەو شێوەیە".

هەر لەو چالاكییەدا، تاڤگە عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی یاسایی لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، بە نوێنەرایەتیی دەستەكە وتی "یەكێك لە حاڵەتەكانی بوونی ئەشكەنجە، ئەوەیە كە تا ئێستاش لێكۆڵینەوە لای پۆلیس و دەزگا ئەمنییەكانە. وەكو دەستەی مافی مرۆڤ جەختمان لەوە كردووەتەوە كە ئەو ڕێكارە بگەڕێتەوە لای ئەنجوومەنی دادوەری و لێكۆڵینەوە بگەڕێتەوە بۆ لای لێكۆڵەرەوە دادییەكان".

نوێنەری دەستەی مافی مرۆڤ جەختی كردەوە بۆ ئەوەی "ڕێكارە یاساییەكان بە ڕێكوپێكی بەڕێوە بچن و دوور بن لە دەستوەردانی دەزگا ئەمنییەكان"، دەبێت لێكۆڵینەوە بگەڕێتەوە بۆ لای لێكۆڵەرەوە دادییەكان.

وتیشی "بوونی لێكۆڵینەوە لای پۆلیس و دەزگا ئەمنییەكان، كاریگەریی لەسەر دادوەر و دادگاكان هەیە و كەیسەكان وەكوو پێویست ڕێچكەی یاسایی ناگرن. دەرفەتی دەستوەردان لەلایەن كەسانی باڵادەست و حیزبەكانەوە زیاد دەكەن".

هەروەها عەقید دارا، عەقیدی مافپەروەر كە وەكو نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ بەشداریی چالاكییەكەی كردبوو، باسی لەوە كرد كە "لە ساڵانی دەیەی 1990، ئەفسەرەكان زیاتر پەروەردەی بەعس بوون و لە كۆلێژەكانی بەغدا تەخەروجیان كردبوو، لە كاتی لێكۆڵینەوەدا شێوازی ئەشكەنجەدانیان پەیڕەو دەكرد"، بەڵام دواتر لە كۆلێژەكانی پۆلیس لە هەرێمی كوردستان "شێوازی نوێی لێكۆڵینەوە هاتە ئاراوە".

"بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەشكەنجە، لە هەنگاوی یەكەمدا چەند لیژنەیەكمان پێكهێنا لە ئەفسەرانی لێكۆڵینەوە، هاتوچۆ، ڕووبەڕووبوونەوەی تاوان، فریاكەوتن و تەنانەت پاسەوانی سنوور، سەردانی كۆلێژەكانمان كرد كە ئەوان هاوكاری ئێمە بن لە دانانی پلان بۆ پەیڕەوكردنی یاسا و نەهێشتنی تاوان. لە هەنگاوی دووەمدا دەستمان بە هەڵمەتێك كرد لەناو دەزگاكانی خۆمان تا هۆشیاریی ئەوە بڵاو بكەینەوە كە وەرگرتنی وتە لە تۆمەتبار بە شێوەی ئەشكەنجە نەبێت، بەڵكوو بە شێوەی گفتوگۆ و كۆكردنەوەی بەڵگە بێت"، عەقید دارا وای وت.

نوێنەرەكەی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەش كرد كە وەزیری ناوخۆ هیچ داواكارییەكی بۆ لێكۆڵینەوە لەو ئەفسەرانەی كە تۆمەتبار كراون بە ئەشكەنجەدان، ڕەت نەكردووەتەوە و دەرگای دەزگا ئەمنییەكان واڵایە بۆ ڕێكخراوەكان تا بزانن شێوازی لێكۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتباران چۆنە.

بەڵام كارزان فازیل، بەڕێوەبەری ڕێكخراوی گەشەپێدانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ، باسی لەوە كرد كە بۆ بەدواداچوونی دۆسیەكانی ئەشكەنجەدان ئاستەنگیان بۆ دروست كراوە. لە وەڵامی نوێنەرەكەی وزارەتی ناوخۆدا وتی "بەڕاستی ئەو پێشوازییە نییە لە ئێمە و داواكارانی گشتی و لیژنەی دادكۆكی لە مافەكانی مرۆڤ".

هەروەها كارزان فازیل ئەوەی خستەڕوو كە "زیاتر لە 10 كەیس" لای ئەوانە هەیە كە "وەزیری ناوخۆ ڕەزامەندیی لەسەر لێكۆڵینەوە لە ئەشكەنجەدان دەرنەبڕیوە، لە كاتێكدا بەڵگە و شاهێدیشی تێدا بووە".