نەوەی نوێ ڕابون مەعروف‌و سەركەوت شەمسەدین سڕ دەكات

25-04-2019 05:20
كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ كە تێیدا ڕاگەیەندراوێكیان خوێندەوە. وێنە؛ ئێن ئاڕتی


پەرەگراف


ئەنجوومەنی باڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاند، هەریەكە لە ڕابون مەعروف‌و سەركەوت شەمسەدین سڕ كراون‌و لیژنەی لێكۆڵینەوەیان لەسەر دروستكراوەو ئەگەر ئامادەی بەردەم لیژنەكە نەبن‌و وەڵامی پرسیارەكانیان نەدەنەوە، ئەندامێتییان لێ وەردەگیرێتەوەو لە جوڵانەوەكە دووردەخرێنەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەكەی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ

هاوڵاتیانی بەڕێزی كوردستان

رێكخەران و نوێخوازان و خۆبەخشان

لایەنگران و دەنگدەرانی خۆشەویستی جوڵانەوەی نەوەی نوێ

لە كاتێكدا سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە مەبەستی چارەسەری پزیشكی لە دەرەوەی وڵات بوو، لە دەرنگانێكی شەوی 21 لەسەر 22ی 4ی 2019 دوو ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ راگەیێندراوێكیان بڵاوكردەوە و تێیدا باسیان لە كۆمەڵێك بابەت كردووە، كە تەنها لەو راگەیێندراوەدا باسیان كردووەو لە هیچ كۆبوونەوەیەكی فەرمی جوڵانەوەكە هیچ قسەیەكیان لەوبارەیەوە نەبووە، لە كاتێكدا ئەو دوو كەسە لەنێو جوڵانەوەكەدا كارەكتەری دیار بوون.

جوڵانەوەی نەوەی نوێ هەروەك چۆن لە بنەڕەتدا بۆ پاراستن و بەرگریكردن لە كەرامەتی هاووڵاتیانی كوردستان هاتە بوون، كە لەلایەن هەردوو حیزبی دەسەڵاتی پارتی و یەكێتییەوە ئیهانەی پێدەكرێت، هەر ئاواش بە تووندی ئیدانەی هەر جۆرە هێرشێك دەكات بۆسەر كەسایەتی و پێگەی كۆمەڵایەتی هەر هاووڵاتییەكی كوردستان و لە پێشیشیانەوە تەواوی پەرلەمانتارو نوێخوازان و خۆبەخشانی خۆی، بۆیەش نەوەی نوێ بە تووندی ئیدانەی هێرشكردنە سەر پەرلەمانتاران دەكات و هیوا دەخوازێت لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا راستییەكان وەك خۆی بۆ خەڵكی كوردستان ئاشكرا ببن.

هاوكات لەگەڵ ئەوەشدا جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایدەگەیێنێت بەهیچ شێوەیەك لەو تۆمەتە نابەجێ و هەڵبەستراوانە خۆشنابێت، كە ئاراستەی سەرۆكی جوڵانەوەكەو تەواوی خۆبەخشانی جوڵانەوەكەی كراوە، ئێمە لە هەر كەس و لایەنێك زیاتر بڕوامان بە سەروەری یاسا هەیە و لەبەرامبەر هەموو ئەو تۆمەت و ناو زڕاندنە پلان بۆ دانراوە رێگەی یاسایی بەرامبەر ئەو پەرلەمانتارانە وەردەگرین و داوای سەلماندنی تۆمەتەكانیان لێدەكەین.

ئێمە پێمانوایە ئەو خاتوونە بەڕێزە بۆخۆی قوربانییەو لەژێر فشاردایە، ئەگەرنا ئێمە نە دەزگای مخابەراتیمان هەیە و خۆشی باش دەزانێت چەندە رێزمان گرتووەو بەردەوام پشتگیریمان لە خانمان كردووە.

ئەو كارە قێزەون و نائەخلاقیانە هەرگیز لە پرەنسیپ و ئەدەبیاتی جوڵانەوەكەمان ناوەشێتەوە، بەڵكو لەو دەسەڵایە دەوەشێتەوە، كە كاتی خۆی دەنگی رەوانشاد كاك نەوشیروانی بڵاو دەكردەوەو ڤیدیۆی دروستكراو و ساختەی بۆ پەرلەمانتارەكان دەنارد بەمەبەستی رامكردن و دەستەمۆ و ترساندنیان.
هاوكاتی ئەو هەڵمەتە ناشرین و قێزەونە هێزە ئەمنییەكان لە سلێمانی بەبێ فەرمانی دادوەر و بەبێ هیچ پاساوێك پەلاماری ماڵی بەشێك لە خۆبەخشانی نەوەی نوێ دەدەن و لەكاتی دەركردنی ئەو راگەیێندراوەدا چەندین خۆبەخشی نەوەی نوێ بەبێ هیچ پاساوێك و بەبێ بڕیاری دادوەر لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە رفێندراون و لە ئێستادا بێسەروشوێن كراون.

ئەوەی ماوەتەوە سەبارەت بەو دوو بەڕێزەی كە پەرلەمانتاری عێراقن لەسەر لیستی نەوەی نوێ بەناوەكانی بەڕێزان رابوون مەعرووف و سەركەوت شەمسەدین، ئەنجوومەنی باڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە پشبەستن بە ماددە 10ی پەیڕەوی جوڵانەوەكە لیژنەی ئینزباتیان لەسەر دروستكردوون، لە ئێستادا ئەنجوومەنی باڵای ئاگاداریان دەكاتەوە خۆیان و كارەكانیان سڕ دەكات و پێویستە لە ماوەی كەمتر لە هەفتەیەكدا لەبەردەم لیژنەی لێكۆڵینەوەی جوڵانەوەكە ئامادەبن و روونكردنەوەی پێویست بدەن، بە پێچەوانەوە لە ئەگەری ئامادەنەبوونیان بەپێی بڕگەی 4ی هەمان ماددە بە هەموو شێوەیەك مافی ئەندامێتیان لێوەردەگیرێتەوەو هیچ پەیوەندییەكی دوورو نزیكیان بە جوڵانەوەكە نامێنێت و ئەو گومانانەش دەبێت بە فاكت و بەسەیاندا ساخ دەبێتەوە.

جوڵانەوەی نەوەی نوێ پشت ئەستوورە بە رێكخەر و نوێخواز و دەنگدەرانی و هیچ گومانیشی نییە كە ئەم دۆخەی ئێستای پێدا تێدەپەڕێت پلانێكی داڕێژراوو هێرشێكی مەبەستدارو پیلان بۆ دانراوە لەلایەن پارتی و یەكێتییەوە، ئامانج لێی دوورخستنەوەی نەوەی نوێ و پەرلەمانتارەكانیەتی لە ئەركی راستەقینەی خۆی وەك ئۆپۆزسیۆنێكی ئازا بوێر و لەبری گەڕان و بەرگریكردن لە مافەكانی خەڵك، سەرقاڵی كێشەی ناوخۆیی خۆی بێت.

ئەنجوومەنی باڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێ
25-4-2019