ئەنجامی لوتكەی سێ قۆڵیی لە بەغداد؛ كارەبای میسر، عێراق ڕووناك دەكاتەوە

28-06-2021 03:32

پەرەگراف

لوتكەی سێ قۆڵیی عێراق‌و ئوردن ‌و میسر بە ڕێككەوتنی ئەو سێ وڵاتە لە چەند بوارێكی جاوازدا كۆتایی هات، میسر كارەبا بە عێراق دەدات‌و هێڵی گواستنەوەی نەوتی عێراق بۆ ئوردن دروست دەكرێت.

لوتكە سێ قۆڵییەكە دوێنێ لەنێوان، مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق، شا عەبدوڵای دووەم پاشای ئوردن، عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی میسر بە مەبەستی هاوكاری و هەماهەنگیی تەواوی ستراتیژی بەسترا، دواتر بەیاننامەیەكی 29 خاڵیی وەك ئەنجامی لوتكەكە بڵاوكرایەوە.

مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، لەگەڵ ئوردن و میسر ڕێكەوتون لەسەر هەماهەنگیی هاوبەش لەبارەی چەند دۆسیەیەكی هەرێمیی لەوانە لیبیا و یەمەن و فەلەستین، هاوكات بونیادنانی دیدگایەكی هاوبەش لەبارەی ئەو دۆسێیانە لەڕێی هاوكاریكردنی ئەو وڵاتانە و ڕوبەڕوبونەوەی ئاڵنگارییەكان.

"تیشكمان خستەسەر بواری وەبەرهێنان و هاوكاری ئابوری، لەسەر دیدێكی هاوبەش ڕێككەوتین، سەركەوتوبوین لە گەیشتن بە چەند ئامانجێكی دیاریكراو، ئێمە ئێستا لە قۆناغی جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژانەداین، لە بوارەكانی پێكەوەبەستنی كارەبا، كشتوكاڵ، گواستنەوە، هەروەها بابەتی ئاسایشی خۆراك كە لە لوتكەی ڕابردوودا لەلایەن شای ئوردن خرایەسەر مێزی گفتوگۆ" كازمی وای وت.

دوای كۆبونەوەی لوتكەكە، كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی هاوبەش بۆ فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق سامح شوكری و ئەیمەن سەفدی هاوتا میسری و ئوردونییەكەی ئەنجامدرا، باسیان لەوەكرد هەرسێ وڵات ڕێكەوتن لەسەر كاری هاوبەش لە بوارەكانی پیشەسازی دەرمان و دروستكردنی شاری پیشەسازی.

"ئێمە پشتگیری ئاوەدانكردنەوەی عێراق دەكەین، پەیوەندییەكانمان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش بونیاد دەنێین" وەزیری دەرەوەی ئوردن وای وت، ئاماژەی بەوەشكرد پێویستە عێراق لە ململانێ هەرێمییەكان و كاریگەرییەكانی دووربخرێتەوە.

وەزیری دەرەوەی میسریش باسی لەوەكرد، لوتكەی داهاتووی سێ قۆڵیی هەرسێ وڵات، لە قاهیرە ئەنجام دەدرێت.

داواكاریی ئەمریكا

ماوەیەك پێش ئێستا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا داوای لە بەغداد كرد، پەیوەندییەكانی لەگەڵ حكومەتە عەرەبییەكان توندتر بكاتەوە، ئەوەش وەك هەوڵێك بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەژمونی ئێران لە عێراق، ئەم لوتكەیەش كە سێهەمە لەنێوان عێراق، میسر و ئوردندا، وادەردەكەوێت ئەنجامی ئەو پێشنیازەی ئەمریكا بێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە بەیاننامەیەكدا، كۆبونەوەكەی بە مێژوویی‌و گرنگ ناوبرد، بەتایبەت بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە ئابوری و ئەمنییەكانی نێوان هەرسێ وڵات، هەروەها هۆكارێكە بۆ سەقامگیری هەرێمی لە چەندین ڕووەوە.

كارەبا بۆ عێراق

بەپێی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەكان، عێراق لەنێوان توانای بەرهەم هێنان و خواست لەسەر وزەی كارەبا، زیاتر لە حەوت هەزار مێگاوات كورتهێنانی هەیە، بۆیە حكومەتی عێراق پڕۆژەی هاوردەكردنی كارەبا لە میسرەوە لەڕێی ئوردن لە لایەك، لە وڵاتانی كەنداو لەڕێی كوەیت لەلایەكی دیكەوە جێبەجێ دەكات، لەگەڵ جێبەجێكردنی پڕۆژەیەكی ناوخۆیی، كە هەموویان پێكەوە هەوڵێكن بۆ چارەسەركردنی كێشە درێژخایەنەكەی عێراق.

سەرچاوەیەك لە حكومەتی میسر ڕایگەیاند، لە قۆناغی یەكەمدا بڕی 500 بۆ 700 مێگاوات كارەبا لە میسرەوە دێتە عێراق، پێشبینیش دەكرێت لە كۆتایی ساڵی 2023 یان سەرەتای 2024 یەكەم بڕی كارەبا لە میسرەوە بگاتە عێراق، ئەوەش دوای بەستنەوەی هێڵی عێراق - ئوردون بە هێڵی میسر – ئوردنەوە.

هێڵی بەسرە - عەقەبە

یەكێكی دیكە لە خاڵەكانی ڕێكەوتنی لوتكەی سێ قۆڵی بەغداد، بەستنەوەی هێڵی گازیی میسر و عێراقە لەڕێی ئوردنەوە، هەروەها هەناردەكردنی نەوتی كێڵگەكانی وڵاتی نێوان دوو ئاوان لەڕێی شانشیینی هاشمییەوە، ئەوەش لەڕێی تەواوكردنی هێڵی گواستنەوەی گازی عەرەبی و پترۆكیمیاوی هاوكات ئاڵوگۆڕی تواناو شارەزاییە جیاوازەكان لەو بوارەدا.

دروستكردنی هێڵێكی گواستنەوەی نەوت لە بەسرەوە بۆ بەندەری عەقەبەی ئوردن، یەكێكی دیكەبووە لە خاڵەكانی ڕێككەوتن، هەروەها كردنەوەی پێشانگای تایبەتی بازرگانی و پیشەسازی لەسەر خاكی یەكتریی.