هەڵوێستی نەتەوەیەكگرتووەكان لەبارەی حوكمی كۆتایی ڕۆژنامەنووس‌و چالاكانی بادینان

28-06-2021 03:47

پەرەگراف

نوێنەرایەتی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق ڕایگەیاند: بەداخەوە بڕیارەكەی دوێنێی دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر دەرخەری ئەو ڕاستییەیە كە ئەنجامدانی چاكسازیی دامودەزگاییانە لە سیستمی دادوەری لەوپەڕی پێویستیدایە لە هەرێمی كوردستانی عێراقدا بۆ پێشگرتن لەم جۆرە بە چەوتی بڕیاردانە لە ئایندەدا.

نەتەوەیەكگرتووەكان لە تویتێكدا بە زمانی كوردی‌و ئینگلیزیی ئەو هەڵوێستەی ڕاگەیاند. ئەوەش لە كاردانەوەی بڕیارەكەی دادگای پێداچوونەوەی هەرێم بۆ دووەم جار سزای شەش ساڵ زیندانیكردنی بۆ پێنج ڕۆژنامەنووس و چالاكەكەی بادینان پەسەند كرد.

هەرلە كاردانەوەی ئەو بڕیارەدا، مارتن ھووس باڵیۆزی یەكێتی ئەوروپا لە عێراق ڕایگەیاند، بڕیارەكەی دادگای پێداچوونەوە لە ھەولێر كە جەختی لەسەر زیندانیكردنی پێنج ڕۆژنامەنووس و چالاكوانەكە كردەوە بۆ ماوەی شەش ساڵ، سەرباری ئەوەیە كە ئیجرائاتی ناڕاست و ناتەندروست بەرامبەریان كراوەو نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژەی پێكردووە.

باڵیۆز لە تویتێكدا دەشڵێت: مافی ڕادەربڕین و مافی ڕۆژنامەوانی و هەروەها دادگایەكی سەربەخۆ یەكێكن لە مافە بنچینەییە سەرەتاییەكانی دیموكراسی.

دادگای پێداچوونەوە لە ڕۆژی 20-6-2021 بڕیاری كۆتایی لەبارەی دۆسیەی پێنج ڕۆژنامەنووس و چالاكەكەوە داوە و سزاكەی پەسەند كردووە، دوێنێ پارێزەرەكان لە بڕیارەكە ئاگادار كراونەتەوە.

بەشدار حەسەن، سەرۆكی تیمی پارێزەرانی دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان، بۆ پەرەگراف وتی "كاتی خۆی لە كاتی دەستگیركردانی گۆهدار زێباری، لە ماڵیاندا تاپڕێكی ڕاو دەستی بەسەردا گیراوە، لەسەر ئەو تاپڕەش دۆسیەیەكی دیكەیان بۆ كردووەتەوە داوای سزادانی دەكەن بەپێی یاسای چەك".

سەبارەت بەو گۆڕانكارییانەی لە دۆسیەكەدا كراون، بەشدار حەسەن وتی "لە بڕیاری ئەم جارەی دادگای پێداچوونەوە، ناوی كونسوڵخانەكان دەرهێنراوە. پێشتر وتیان پاڵپشتیی ئەو ڕۆژنامەنووس و چالاكانەیان كردووە بۆ تێكدانی هەرێم، بەڵام ئەم جارە دەڵێن كونسوڵخانەكان ڕۆڵی زۆریان هەبووە لە پاڵپشتیكردنی هەرێم و دنیانیەك وەسفیان كردوون".

"ناوی گوندی (دۆرە)یش لە دۆسیەكە دەرهێنراوە كە پێشتر دادگای پێداچوونەوە وتبووی ئەو كەسانە لەگەڵ كونسوڵی ئەڵمانیا چوونەتە ئەو گوندە"، بەشدار حەسەن وای وت.

بەپێی وێنەیەكی بڕیارەكە كە دەست پەرەگراف كەوتووە، هەرچەندە پارێزەران داوایان كردبوو دۆسیەكە بدرێتە دەستەی گشتیی دادگای پێداچوونەوە كە لە 14 دادوەر و سەرۆكی دادگای پێداچوونەوە پێك دێت، بەڵام سەرۆكی دادگا جارێكی دیكە دۆسیەكەی داوەتەوە بە دەستەی سزایی دووی كە پێشتریش ئەو دەستە سزاكەی پەسەند كردبوو.

سەبارەت بەوەی كە زیندانیان وتیان ئەشكەنجە دراون و لەژێر فشاردا دانپێدانیان لێ‌ وەرگیراوە، "دادگای پێداچوونەوە هیچی نەكردووە".

سەرۆكی تیمی پارێزەرانی دەستگیركراوانی بادینان، داوای لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد كە "لێبوردنێكی تایبەت بۆ ئەو پێنج چالاك و ڕۆژنامەنووسە و ئومێد بەرۆشكی دەربكات"، بەو پێیەی ئەوە دوا هیوایە بۆ ئازادكردنی ئەو كەسانە.

هەروەها ئەو پارێزەرە داوا لە سەرۆكایەتیی پەرلەمان و فراكسیۆنەكان دەكات كە "لێبوردنێكی گشتی بۆ زیندانیان دەربكرێت" و دەڵێت "لە 2016ـەوە لێبوردنی گشتی دەرنەكراوە، خەڵك هەیە لەسەر شتی زۆر سادە سزای قورس دراوە".

دوای ئەوەی لە قۆناغی یەكەمدا دادگای پێداچوونەوە سزای شەش ساڵ زیندانیكردنی بۆ پێنج چالاك و ڕۆژنامەنووسەكەی بادینان پەسەند كرد، ڕۆژی 20-5-2021، تیمی پارێزەرانی دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان، دواتانەیان لە بڕیارەكەی دادگای پێداچوونەوە دا و داوای "ڕاستكردنەوەی بڕیاری پێداچوونەوە"یان كرد، بەڵام پێچەوانەی چاوەڕوانیی پارێزەران، جارێكی دیكە دادگا سزاكەی پەسەند كرد.