ڕۆژنامەنووسێكی دیكە لە دهۆك؛ "لە دادگاییەكی نهێنیدا بە 7 ساڵ زیندانیكردن حوكم درا"

29-06-2021 03:00
قارەمان شوكری، فۆتۆگرافەری ڕۆژنامەوانی

پەرەگراف

قارەمان شوكری فۆتۆگرافەری ڕۆژنامەوانیی بە نهێنی لە شاری دهۆك دادگایی كراوەو سزای 7 ساڵ زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندراوە، كۆمیتەی نێودەوڵەتی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان(سی پی جەی) داوای دەستبەجێ ئازادكردنی دەكات.

سی پی جەی ڕەخنەی توند لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەگرێت بەهۆی مامەڵەی خراپ‌و زیندانیكردنی ڕۆژنامەنووسان، لە ڕاگەیەندراوێكدا داوا حكومەتی هەرێم دەستهەڵبگرێت لە سەپاندنی سزای قورس بەسەر ئەندام‌و كارمەندانی دەزگاكانی ڕاگەیاندندا.

قارەمان شوكری، فۆتۆگرافەری ڕۆژنامەوانییەو بۆ ماڵپەڕی ڕۆژنیوز و كەناڵی ستێر تیڤی كاریكردووە، لە 27ی كانونی دوەمی 2021دا دەستگیر كراوە.

زێرەڤان شوكری برای قارەمان، قسەی بۆ سی پی جەی كردووەو دەڵێت، قارەمان لە 24ی حوزەیرانی ئەمساڵ لە زینداندا دایكی بینیووە و پێیگوتووە، بەبێ ئامادەبونی پارێزەر لەلایەن دادگایەكی دهۆكەوە بە حەوت ساڵ زیندانی سزادراوە.

زێرەڤان دەڵێت، نازانن براكەی كەی دادگایی كراوە و بەپێی كام یاسا بووە. خێزانی قارەمان لە بەرنامەیاندایە پارێزەرێك بنێرن بۆ زیندانی زیركا لە دهۆك كە قارەمان لەوێ زیندانیكراوە تا بزانن دەكرێت داوای پێداچوونەوە بە سزاكەدا بكەن.

ئیگناسیۆ میگێل دێلگادۆ، نوێنەری سی پی جەی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا دەڵێت "دەسەڵاتدارانی كوردی باكوری عێراق فێری خویەكی قێزەون بوون لە حوكمدانی ڕۆژنامەنووسان بە زیندانیكردن، بەبێ ڕەچاوكردنی هیچ ریَِوشوێنێكی یاسایی و ئەو ماف و ئازادییانەی كە دەسەڵاتداران بانگەشەی بۆ دەكەن‌و گوایە بەرگرییان لێدەكەن".

دێلگادۆ داوای دەستبەجێ ئازادكردنی قارەمان شوكری‌و لابردنی ئەو تۆمەتانە دەكات كە ڕوبەڕوی كراوەتەوە.

دیندار زێباری، ڕێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە شوباتی 2021دا بە سی پی جەی گوتووە: قارەمان شوكری بە ماددەی 156ی یاسای سزادانی عێراقی تۆمەتباركراوە. سی پی جەی جارێكی دیكە لەسەر دادگاییكردنی شوكری پرسیاری لە زێباری كردووە، بەڵام ناوبراو وەڵامی نەداوەتەوە.

ماددەی 156ی یاسای سزادانی عێراقی لە هەرێمی كوردستان لەكارخراوە و لەبری ئەوە كار بە یاسای ژمارە 21ی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت كە ساڵی 2003 دەرچووە و تیایدا هاتووە "هەركەسێك بە دەستی ئەنقەست و بەهەر شێوەیەك بێت، لەكارێدا تێوەبگلێت بە مەبەستی زیانگەیاندن بە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستانی عێراق و ببێتەهۆی كەوتنەوەی ئەو زیانە، بە بەندكردنی هەتاهەتایی، یان بە بەندكردنی كاتیی سزا دەدرێت".

سزادانی قارەمان شوكری لە كاتێكدایە، حكومەتی هەرێم ڕوبەڕوی ڕەخنەیەكی زۆری ناوخۆیی‌و نێودەوڵەتی بووەتەوە بەهۆی بڕیارەكەی دادگای پێداچوونەوەی هەرێم كە بۆ دووەم جار سزای شەش ساڵ زیندانیكردنی بۆ پێنج ڕۆژنامەنووس و چالاكی مەدەنیی بادینان پەسەند كرد.

لە كاردانەوەی بڕیارەكەی دادگای پێداچوونەوەدا، نوێنەرایەتی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق دەڵێت: بڕیارەكەی دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر دەرخەری ئەو ڕاستییەیە كە ئەنجامدانی چاكسازیی دامودەزگاییانە لە سیستمی دادوەری لەوپەڕی پێویستیدایە لە هەرێمی كوردستانی عێراقدا بۆ پێشگرتن لەم جۆرە بە چەوتی بڕیاردانە لە ئایندەدا.

هەرلە كاردانەوەی ئەو بڕیارەدا، مارتن ھووس باڵیۆزی یەكێتی ئەوروپا لە عێراق ڕایگەیاند، بڕیارەكەی دادگای پێداچوونەوە لە ھەولێر كە جەختی لەسەر زیندانیكردنی پێنج ڕۆژنامەنووس و چالاكوانەكە كردەوە بۆ ماوەی شەش ساڵ، سەرباری ئەوەیە كە ئیجرائاتی ناڕاست و ناتەندروست بەرامبەریان كراوەو نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژەی پێكردووە.

باڵیۆز لە تویتێكدا دەشڵێت: مافی ڕادەربڕین و مافی ڕۆژنامەوانی و هەروەها دادگایەكی سەربەخۆ یەكێكن لە مافە بنچینەییە سەرەتاییەكانی دیموكراسی.

پێنج چالاك و ڕۆژنامەنووسە حوكمدراوەكە بریتین لە (شێروان شێروانی، ئەیاز كەرەم، گۆهدار محەمەد، هاریوان عیسا و شڤان سەعید)، ئەوان مانگی 10ی ساڵی ڕابردوو لە چەند هەڵمەتێكی هێزە ئەمنییەكاندا دەستگیركران كە ژمارەیەكی زۆر لە ڕۆژنامەنووس و چالاكی دەڤەری بادینانی گرتەوە، بەشێكی زۆر لە دەستگیركراوان تا ئێستایش دادگایی نەكراون، ئەو پێنج كەسەیشیان تۆمەتی "سیخوڕی" و "هەوڵدان بۆ تێكدانی ئاسایشی هەرێم"یان درایە پاڵ.