سەركردایەتی یەكێتی ئەمڕۆ هاوسەرۆكانی حیزبەكەی هەڵنەبژارد

11-02-2020 08:36
كۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەركردایەتی یەكێتی. وێنە؛ كوردسات نیوز


پەرەگراف

سەركردایەتی یەكێتی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا هاوسەرۆكانی یەكێتی هەڵنەبژارد، هێشتا بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی دوو بەهێزترین كاندیدن بۆ هاوسەرۆكی یەكێتی.

بە درێژایی ئەمڕۆ سەركردایەتی یەكێتی لە كۆبوونەوەدابوو، كەمێك لەمەوبەر كۆبوونەوەكە كۆتایی هات‌و مستەفا چاوڕەش سەرپەرشتیاری كۆبوونەوەكە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا كە تەنها میدیاكانی یەكێتی ئامادەی بوون ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی خستە ڕوو.

"تا ئەم ساتەش كە لێرە قسە دەكەم یەك كەس دەستنیشان نەكراوە وەكو شەخس، هاوسەرۆكایەتییەكە بڕیاری لێ دراوە، بەڵام بڕیار نەدراوە كێیەو كێ نییە" مستەفا چاوڕەش كەمێك لەمەوبەر دوای كۆبوونەوەكە وای وت، هەواڵی ئەو كەناڵانەی ڕاگەیاندنی ڕەتكردەوە كە ئەوەیان بڵاوكردووەتەوە گوایا هاوسەرۆكانی یەكێتی هەڵبژێردراون.

لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا مەكتەبەكانی یەكێتی تاوتوێ كراون كە هەریەكەیان ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی سەرپەرشتی دەكات، مستەفا چاوڕەش وتی، تا ماددەی 66ی پەیڕەوەكە تەواو كراوەو ئەگەر سبەینێ تەواو نەبین دوو سبەی لە سەدا سەد تەواو دەبین.

لە پەیڕەوە نوێیەكەدا یەكێتی بڕیاریداوە سیستمی بەڕێوەبردنی بگۆڕێت‌و دوو هاوسەرۆكی هەبێت، مەكتەبی سیاسیش دروست دەكاتەوە كە ڕەنگە 17 بۆ 19 كەس بن بەوتەی مستەفا چاوڕەش.

لە دوای كۆنگرەی یەكێتی چاوەكان لەسەر بەرهەم ساڵح بوون كە ببێتە كەسی یەكەمی یەكێتی، بەڵام ئەو بە سیستمی هاوسەرۆكی ڕازیی نەبووەو پەرەگراف پێشتر وەك یەكەم كەناڵی ڕاگەیاندن ئەوە بڵاو كردەوە كە بەرهەم ساڵح لە ململانێكە چووەتە دەرەوەو ناوەڕۆكی كۆبوونەوەیەكی بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگیی لەسەر ئەو پرسە ئاشكرا كرد.

كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی مستەفا چاوڕەش دوای كۆبوونەوەكەیان