هەولێر؛ لانكەی سوورییەكان بۆ مانەوە و شادبوونەوە بە ئازیزانی دوورەوڵاتیان

01-07-2021 11:23

پەرەگراف

شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، توانیوێتی ژمارەیەكی زۆر لە سوورییەكان بە لای خۆیدا ڕابكێشێت بۆ بەدەستهێنانی مافی مانەوە، ئەوەش وەك هەنگاوێك بۆ بینینەوەی كەسوكار و ئازیزانیان كە جەنگ بۆ چەندین ساڵ لە یەكتری دابڕیون.

لە هۆڵە فراوانەكەی بەڕێوبەرایەتیی نوێی نشینگەی هەولێر، خانمێكی بەتەمەنی سووری بە ناوی (ئیبتهال) چاوەڕێی نۆرەی خۆی دەكات، تاوەكو چەند ڕێكارێكی ڕۆتینی ئاسنی تەواو بكات و ببێتە خاوەن كارتی "مانەوەی بیانی"، بەدواشیدا پێنج منداڵەكەی كە هەر یەكە و لە وڵاتێكن، بێنە هەولێر و لەوێ یەكتر ببینن.

دۆخی ئیبتهال هاوشێوەی هەزاران سووریی دیكەیە كە هاتونەتە شاری هەولێر و سەردانی بەڕێوبەرایەتیی نشینگە دەكەن، تاوەكو مافی مانەوە لە هەرێم وەربگرن، ئێرە بكەنە لانكەی شادبوونەوە بە كەسوكار و ئازیزانیان، چونكە لە وڵاتانی دیكە ئەوەیان بۆ بەردەست نییە و لێی بێبەشن.

ئیبتهال دەڵێت "حەوت ساڵ زیاترە بەهۆی جەنگەوە منداڵەكانم ناچار بوون سووریا جێبهێڵن، لەو كاتەوە ئێمە لەسەر هیچ پارچە زەوییەكی ئەم جیهانە نەمان توانیوە كۆببینەوە و یەكتر ببینین، چونكە من ناسنامە و بەڵگەنامەی گەشتكردنی سووریم پێیە، بەوەش تەقریبەن ناهێڵن گەشت بۆ هیچ وڵاتێك بكەم".

"منداڵەكانم لە وڵاتانی كەنداو و ئەورووپا نیشتەجێن، ئەوانیش شكستیان هێناوە لەوەی مافی چوونە یەكێك لە وڵاتانی ناوچەكە بەدەست بهێنن، هەرێمی كوردستان نەبێت كە بە ڕێكارێكی كەم و ئاسان ڕێگە بە هاتنە ناوەوەی سوورییەكان دەدات" خانمە بەتەمەنەكە وا دەڵێت.

ماوەیەك پێش ئێستا وەزارەتی ناوخۆی حكومەتیی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا مەرجی "ڤیزەی پێشوەخت" بۆ ئەو سووریانە هەڵبوەشێنێتەوە كە خاوەنی مافی پەنابەرێتی یەكێك لە وڵاتە ئەورووپییەكانن و دەیانەوێت سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن.

ئەو كەسانە دەتوانن لە فڕۆكەخانەی هەولێر بەرامبەر بە پێدانی بڕی 80 دۆلار، مافی هاتنە ناوەوە بۆ هەرێمی كوردستان وەربگرن.

ئەو هاووڵاتییە سوورییانە كە لە خودی سووریا و وڵاتانی دیكەوە سەردانی كوردستان دەكەن، لەڕێی نوێنەرایەتییەكانی هەرێم لە دەرەوە یاخود ئەو نووسینگانەی ئەو جۆرە مامەڵانە ئەنجام دەدەن، دەتوانن لە چەند ڕۆژێكی كەمدا مافی سەردانكردن وەربگرن، لە زۆرترین حاڵەتیشدا تەنیا سێ ڕۆژی دەوێت.

مافی مانەوەكە بۆ ماوەی مانگێكە، لەڕێی پێشكەكردنی داواكارییەك بە وەزارەتی ناوخۆ یاخود لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكە، دەتوانن بۆ مانگێكی دیكەش درێژی بكەنەوە.

ڕێكاری ئاسان

هاوكات ڕێكارەكانی مانەوەی ساڵانە بۆ سوورییەكان زۆر بە ئاسان دادەنرێت، ئەوە تەنیا پێویستی بە كەفالەتی كەسێك یاخود شوێنی كاركردن هەیە، لەگەڵ ئەنجامدانی پشكنینی پزیشكی.

هەموو ئەو ڕێكارانە بڕی 150 دۆلاری ئەمریكی تێ دەچێت، بەوەش هاووڵاتییەكی سووری مافی مانەوەی ساڵێك لە هەرێمی كوردستان وەردەگرێت، بە شێوەیەكی ڕۆتینیش بۆ ساڵانی داهاتوو نوێ دەكرێتەوە.

ئەوانەش كە لە ساڵانی جەنگی سووریا بە شێوەیەكی نافەرمی هاتوونەتە هەرێمی كوردستان و سنووریان تێپەڕاندووە، دەتوانن بە هەمان ڕێكار مافی مانەوە وەربگرن.

بەڕێوبەرایەتیی نشینگەی هەولێر لە چەند مانگی ڕابردوودا ئالیەتی كاركردنی فراوان كردووە، بەهۆی زیادبوونی ژمارەی داواكاریی مانەوە و سەردانكردنی هاووڵاتییەكی زۆر، فەرمانگەكەیان گواستووەتەوە بۆ شوێنێكی گەورەتر، تاوەكو ئاسنتر كاروبارەكان بەڕێوە بچن.

بەڕێوەبەراتییەكە سیستمی ئەلەكترۆنیشی داناوە كە دەتوانرێت هەر لە ماڵەوە مامەڵەكان بكرێن و داواكاریی مانەوە و نوێكردنەوە پێشكەش بكرێت.

بەڕێوبەرایەتیی نشینگەی هەولێر بە سیستمی یەك پەنجەرە بەڕێوە دەبرێت، كە بەبێ هیچ كۆسپێك مامەڵەكان تەواو دەبێت، ڕێكخراوەكانی بواری مافی مرۆڤ و دامەزراوە ڕاگەیاندنە چالاكەكان لە بواری خزمەتگوزاریی گشتی، ڕۆڵێكی تایبەتیان لەوێ هەیە و لە هەوڵدان بۆ ئەوەی زۆر بە خێرایی مامەڵەی هاووڵاتییە سوورییەكان تەواو ببێت.

نیو ملیۆن سووری

بەپێی ئامارە فەرمییەكان، ژمارەی ئەو سوورییانەی لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێن، بە نیو ملیۆن كەس ئەژمار دەكرێن، بەسەر پەنابەری سیاسی و ئاوارەكانی جەنگدا دابەش دەبن.

ئەوان كاتێك مافی مانەوەی فەرمی بەدەست دەهێنن، زۆرینەی مافەكانی هاووڵاتییەكانی هەرێمی كوردستانیان هەیە، جگە لە كۆمەڵێك چالاكیی سیاسی.

سوورییەكانی هەرێمی كوردستان دەتوانن كۆمپانیای بازرگانی و پیشەسازی دابمەزرێنن، هەروەها لە بوارەكانی پزیشكی و فێركردن گەشتیاری و دامەزراندنی كۆمەڵە و دەستپێشخەری مەدەنی و چەندین بواری دیكە كار بكەن، هاوكات هاوشێوەی هاووڵاتیانی هەرێم مافی خوێندن و تەندروستیی گشتی و پارێزگاریی ئەمنی، كۆمەڵایەتی و یاسایی دەیانگرێتەوە.

لەبارەی ئەو دۆخە تایبەتەی سوورییەكان لە هەرێم هەیانە، كیسرا حاجی یوسف، توێژەر، دەڵێت "دوو لێكدانەوە هەیە بۆ ئەو دیاردەیە، ڕۆشنبیریی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان كە ڕۆحی هاوكارییان تێدایە، كوردەكان خۆیان ڕووبەڕووی دۆخی خراپی سیاسی و كۆمەڵكوژی بوونەتەوە بۆ چەندین ساڵ، بۆیە زۆر بەهای پێكەوەژیان و یارمەتیدانی خەڵكی ناوچەكە دەزانن، لە ئێستاشدا سوورییەكان زۆرترین پێویستییان بەوە هەیە".

"سیستمی حكومڕانی لە هەرێمی كوردستان بە جۆرێكە كە جیاكاری لە نێوان ڕای سیاسی و مافی مەدەنی و یاساییدا دەكرێت، بۆ هەر كەسێك بیەوێت لە هەرێم بمێنێتەوە، پەنابەرە سوورییەكانیش بەسەر سەرجەم بیروباوەڕە سیاسی و تائیفییەكانی سووریادا دابەش بوون، لە هەرێم لەژێر یاسایەكدا پێكەوە دەژین" توێژەرەكە وا دەڵێت.

كیسرا حاجی یوسف ئاماژە بەوەش دەكات، هەرێمی كوردستان ڕێكاری دژی ئەو كەسانە هەیە كە گرفت بۆ ئاسایشی هەرێم و هاووڵاتییەكانی دورست دەكەن، سوورییەكانیش زۆر باش لەوە تێگەیشتوون، بۆیە تا ئێستا هیچ ناكۆكییەكی سیاسی و كۆمەڵایەتی لە نێوان سوورییەكانی هەرێمی كوردستان دروست نەبووە.