توركیا تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی "جینۆساید"؛ نهێنییەكەش لای ئێزدییەكانە

03-07-2021 08:16

پەرەگراف

بڕیارەكەی پەرلەمانی بەلجیكا كە تاوانەكانی ڕێكخراوی تیرۆرستیی داعشی بەرانبەر بە ئێزدییەكان بە جینۆساید ناساند، دەرگای بەسەر مشتومڕێكی گەرمدا كردووەتەوە. وای لە چەند ڕێكخراوێكی ئێزدی كردووە، داوای ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە بكەن لەگەڵ توركیا و ملیشیاكانیدا، بەهۆی ئەو تاوانانەی لە سووریا و بەتایبەت لە شاری عەفرینی ڕۆژئاوای كوردستان بەرانبەر ئێزدییەكات ئەنجامیان داوە.

چەند ڕۆژێك لەمەوبەر لیژنەی كاروباری دەرەوەی پەرلەمانی فیدراڵیی بەرلجیكا، بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری دا، ئەو تاوانانەی داعش بەرانبەر ئێزدییەكان ئەنجامی داوە، بە جینۆساید بناسێنێت، ئەو بڕیارەش ئاماژەیەكە بۆ دادگاییكردنی ڕێكخراوەكە و هاوكارەكانی لە عێراق و سووریا، هەروەها توركیا و میلیشیاكانی دەخاتە ناو بازنەی لێپرسینەوەوە.

دلاوەر خالید ئاژگەیی، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمانی ئەورووپا، بڕیارەكەی پەرلەمانی بەلجیكا بە گرنگ وەسف دەكات، داواش دەكات بەرپرسانی ئەو تاوانە دادگایی بكرێن.

ئاژگەیی ئاشكرای كردووە، لە بڕیارەكەی پەرلەماندا هاتووە: دەبێت بەرپرسان و بەشداربووانی ئەو تاوانانە بدۆزرێنەوە و دادگایی بكرێن، لەنێوانیشیاندا ئەو چەكدارە بەلجیكییانەی لەو ساڵانەدا لە ڕیزی ڕێكخراوە تیرۆرستییەكە جەنگاون. جەختی لەوەش كردووەتەوە كە بڕیارەكە ڕێگە بە دەربازبوونی هیچ تاوانبارێك نادات لە عێراق و سوریا.

حەسۆ هۆرمی، نووسەری ئێزدی و سەرۆكی دامەزراوەی ئێزدیی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی جینۆساید، ئاماژە بەوە دەكات كە بڕیارەكە سەركەوتنێكە بۆ قوربانییە ئێزدییەكانی دەستی داعش. حكومەتی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەكانیش دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتییەكی مێژوویی كە دادگایی ئەو كەسانە بكەن كە تێوەگلاون لە ئەنجامدانی تاوان بەرانبەر ئێزدییەكان.

هۆرمی ئاشكرای كردووە، بڕیارەكە لەلایەن لیژنەی دەرەوەی پەرلەمانی فیدراڵیی بەرلجیكاوە دانی پێدا نراوە، ئەوەش ئامادەكارییەكە بۆ ئەوەی تەواوی پەرلەمان دەنگی بە جینۆسایدی ئێزدییەكان بدات، پێشبینی دەكرێت دانیشتەكەی پەرلەمان كە بڕیارەكەی تێدا دەدرێت، لە 15ی تەمووزدا ببەسترێت.

پێش بڕیارەكە، وەفدێكی بەلجیكی بە سەرۆكایەتیی جۆرج دالامان، ئەندامی لیژنەی دەرەوەی پەرلەمان، فیلیپ فاستنسكیپ، سەرۆكی ڕێكخراوی قوربانیانی تیرۆر لە فەرەنسا، لەگەڵ چەند ڕۆژنامەوانێكی قەرەنسی و بەلجیكی لە مانگی شوبات و ئازاری 2020 سەردانی هەرێمی كوردستانیان كرد، لەگەڵ حكومەتی هەرێم و قوربانییە ئێزدییەكان كۆبوونەوە.

داواكارییەكی ئێزدییەكان لە یەكێتیی ئەورووپا

سوعاد حەسۆ، بەرپرسی كۆمەڵی ئێزدییان لە عەفرین، ستایشی بڕیارەكەی پەرلەمانی بەلجیكا دەكات، داوا لە یەكێتیی ئەورووپا دەكات دان بە جینۆسایدی ئێزدییەكاندا بنێن.

"بڕیارەكەی پەرلەمانی بەلجیكا زۆر گرنگە، هەنگاوێكە بە سوودی كۆمەڵگەی ئێزدی و پشتگیریكردنی مافەكانیان، داوای لە یەكێتیی ئەورووپاش دەكەین دان بە جینۆسایدی ئێزدییەكاندا بنێت"حەسۆ وا دەڵێت.

بەرپرسی كۆمەڵی ئێزدیان لە عەفرین ڕایگەیاندووە، ئەوەی دەوڵەتی توركیای داگیركەر لە عەفرین كردوێتی، گۆڕینی دیمۆگرافییە، وەك: دروستكردنی مزگەوت لە گوندی ئێزدییەكان، دروستكردنی ئۆردووگا و وێرانكردنی مەزارەكان، ئەوانە پێشێلكردنی پێكهاتەیەكی ڕەسەنی سووریایە.

توركیا و ئێزدییەكانی سووریا

ئێزدییەكانی عێراق لەگەڵ سكاڵاكردن لە دەست تاوانەكانی داعش، توركیا و میلیشیاكانیشی تۆمەتبار دەكەن بە ئەنجامدانی تاوان بەرانبەریان لە سوریا، بە تایبەت لە كاتی داگیركردنی شاری عەفریندا لە ساڵی 2018.

یەكێتیی ئێزدییەكان لە عەفرین دەڵێت "داگیركردنی عەفرین لەلایەن توركیای فاشست و مورتەزەقەكانی لە 18 ئازاری 2018 بوو، توركیا و میلیشیاكانی تاوانی فراوانیان بەرانبەر ئێزدییەكان ئەنجام دا، لەوانە ڕاگواستن و كوشتن و فڕاندن، وێرانكردنی مەزارە ئاینییەكان، تاڵانكردنی زەوی و بەرهەم و داهاتە كشتوكاڵییەكان. ئەوەش لە چۆرچێوەی پرۆسەی گۆڕینی دیمۆگرافیی عەفرین لە ڕێی میلیشیاكانەوە".

حەسۆ هۆرمی ئاشكرای دەكات، دادگاییكردنی توركیا و میلیشیاكانی لە سووریا بەهۆی ئەنجامدانی تاوان بەرانبەر ئێزدییەكان "پێویستی بە پێشكەشكردنی یاسایەك هەیە لە یەكێك لە وڵاتە ئەوروپییەكان و پەنا بردن بۆ دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، ئەو دۆسییە كەمێك ئاڵۆزە و پێویستی بە هەوڵ و ماندوبوونێكی زۆر هەیە".

برادۆست كەمالی، یاساناس و ئەندامی ئەنجومەنی ئەمیندارانی ڕێكخراوە كوردییەكان بۆ مافی مرۆڤ، داوای بەرزكردنەوەی داواكە دەكات بۆ دادگای تاوانی نێودەڵەتی.

كەمالی ڕایدەگەیەنێت "پێشێلكاریی گەورە لەلایەن داگیركەری توركیا و میلیشیاكانی لە سووریا ئەنجام دراوە، بۆیە پێویستە لەبەردەم تاوانی نێودەوڵەتیدا دادگایی بكرێن". باسی لەوەش كردووە ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ بەڵگەی ئەو تاوانانەیان لایە كە بەرنامە بۆ داڕێژراو و بەردەوامە، بۆیە پێویستە كۆمەڵگەی نێودەڵەتی بەپێی یاسا و ڕێككەوتننامە نێودەڵەتییەكان لەو بارەیەوە جووڵە بكات.