دادگاییكردنی پێنج چالاكەكەی بادینان دواخرا، بارودۆخی دەستگیركراوان چۆنە؟

05-07-2021 11:11

پەرەگراف

پاش نزیكەی 11 مانگ لە دەستگیركردنیان، بڕیار بوو ئەمڕۆ پێنج چالاكی دیكەی بادینان دادگایی بكرێن، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی یەكێك لە دادوەرەكان و وەرنەگرتنی دۆسیەكە لەلایەن دادوەری یەدەگەوە، دانیشتنەكە بۆ 13ی ئەم مانگە دوا خرا. كەسوكاریان دەڵێن كە بەهۆی لاوازبوونەوە دەستگیركراوەكانیان نەناسیوەتەوە و لە بارودۆخێكی خراپدان. یەكێك لە دەستگیركراوەكان بە كەسوكاری وتووە "ئێمە تێدا چووین، با ئێوەش تێدا نەچن".

بەیانیی ئەمڕۆ دەستگیركراوەكان لەژێر ڕێكارێكی ئەمنیی تونددا بردرانە دادگای تاوانەكانی دووی هەولێر بۆ ئامادەبوون لە پرۆسەی دادگاییەكە، ئەوە دەرفەتێك بوو تا كەسوكارەكانیان پاش 11 مانگ لە دوورەوە دەستگیركراوەكان ببینن.

لەبارەی دیمەنی بینینی دەستگیركراوەكانەوە، كەسوكاریان دەڵێن دەستگیركراوەكان "زۆر لاواز بوون"، هەروەها "بێهێز و ماندوو" دیار بوون، بەڵام "ورەیان بەرز بوو".

لەبارەی هۆكاری دواكەوتنی دانیشتنەكەی داداگاوە، بەشدار حەسەن، پارێزەری دۆسیەی دەستگیركراوان، بە پەرەگرافی وت "دادوەر ئەریڤان مستەفا زەنگەكە كە یەكێك بووە لەو داوەرانەی كەیسی پێنج چالاكەكەی بادینانی لا بووە، مۆڵەتی كردووە و ئەمڕۆ ئامادەی دانیشتنەكەی دادگا نەبووە".

ئەو پارێزەرە وتیشی "لەجێی ئەو دادوەرە، دادوەرێكی دیكە دانرابوو، بەڵام ئامادە نەبووە دۆسیەكە وەربگرێت و وتی دەبێت دادوەری دۆسیەكە خۆی بێتەوە".

ئەو چالاكانەی بڕیاربوو ئەمڕۆ 5-7-2021 دادگایی بكرێن هەریەك لە (عامر خالید عەگید، فرسەت ئەحمەد سەعید، جەمال خەلیل مەجید، سڵێمان كەمال سڵێمان و سڵێمان مووسا ئەحمەد) بوون.

كوڕێكی سڵێمان مووسا لە دوای داخستنی دوانیشتنەكەی دادگا وتی "لە دوورەوە باوكمم بینی، سڵێمان مووسا و هاوڕێكانی بارودۆخیان زۆر خراپە. دیارە كە فشاریان لەسەرە".

"ئێمە بە تەواوی بێزار بووین. ئەوە نزیكەی ساڵێكە باوكم دەستگیر كراوە، نازانین بە چی تۆمەتبارە. چوار مانگ لەمەوبەر پێنج خولەك بینیومانە، لە ماوەی ئەم ساڵەیشدا چوار تا پێنج جار تەلەفۆنی كردووە".

هەروەها ئامەد سڵێمان، كوڕی یەكێك لە چالاكە دەستگیركراوەكان، وتی "ئەگەر كەسوكاری ئێمە تاوانێكیان كردبوایە، ئەمڕۆ شەرممان لە خۆمان دەكرد و بەرگریمان لێ‌ نەدەكردن. بانگەواز لە خەڵكی كوردستان دەكەین ئیتر بە تەنیا جێمان مەهێڵن، سبەینێ‌ نۆرەی كەسی دیكە دێت. من كوڕی پێشمەرگەیەكی دێرینم كە شۆڕشی بۆ ئازادیی ئەم خاكە كردووە".

"10 مانگە باوكمم نەبینیوە، ئەمڕۆ كە لەگەڵ دیك و خوشك و كەسوكارەكەم باوكممان بینی، نەمان ناسییەوە. جەستەیەكی لاواز و ڕووخاوی هەبوو، بەڵام ورەی بەرز بوو"، ئامەد سڵێمان وای وت.

تیمی كوردستانی ڕێكخراوی سی پی تی كە ئەمڕۆ لە دادگای تاوانەكانی دووی هەولێر ئامادە بوون، بۆ میدیاكان وتیان "لە سەرەتای دەستگیركردنیانەوە چاودێریی دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان دەكەین، دووپاتی دەكەینەوە كە سزادانی پێنج دەستگیركراوەكەی پێشوو بڕیارێكی نادادپەروەرانە بوو، هیوادارین هەمان ئەزموون دووبارە نەبێتەوە".

"لە پرۆسەی دادگاییكردنەكەی ئەمڕۆدا، بەشێك لە زیندانییەكان هەبوونی پارێزەریان ڕەت كردەوە. خانەوادەی زیندانییەكان بە ئێمەیان وت كە چەند ڕۆژێك لەمەوبەر یەكێك لە زیندانییەكان لە پەیوەندییەكدا بە خانەوادەكەی وتووە: ئێمە تێداچووین، با ئێوەش تێدا نەچن، ئەمڕۆ ئەو زیندانییە داوای كردووە هیچ پارێزەرێكی نەبێت، بۆیە پێویستە لێكۆڵینەوە لە بوونی فشار لەسەر زیندانییان بكرێت"، كامەران عوسمان، ئەندامی تیمی كوردستانی سی پی تی وای وت.