مافیاكانی دزینی ئۆتۆمبێل.. قەیرانێكی نوێی ئەمنیی لە عێراق و ئامارێكی مەترسیدار

05-07-2021 05:07

پەرەگراف

ڕووداوەكانی دزینی ئۆتۆمبێل لە بەغدادی پایتەخت و پارێزگاكانی دیكە زیادی كردووە، سەرچاوە ئەمنییەكان باس لە ئامارێكی مەترسیداری ئەو ڕووداوانە دەكەن، ئەوەش ترسێكی زۆری لای پۆلیس دروستكردووە كە نەتوانن كۆنتڕۆڵی ئەو دیاردەیە بكەن.

ناو بەناو وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەڕێی بەیاننامەوە، دەستگیركردنی ژمارەیەك تۆمەتبار بە دزینی ئۆتۆمبیل ڕادەگەیەنێت، زۆریشیان خاوەنی ئۆتۆمبێلەكەی تێدا كوژراوە، ئەو گروپانەی ئەو كارانە دەكەن زیاتر لە ناوچە دواكەوتوو و هەژارەكان چالاكن و تاوانەكەیان لە شوێنێكی چۆڵ و ڕێگا خێراكان ئەنجام دەدەن.

ئەو دیاردەیە سەرەتا دوای هاتنی هێزەكانی ئەمریكا لە ساڵی 2003 دەركەوت، بەتایبەت كاتێك سوپای هاوپەیمانان دوای ڕوخاندنی ڕژێمی سەدام هێزەكانی پۆلیسیان هەڵوەشاندەوە، ئەوەش بووەهۆی دەركەوتنی مافیای تایبەت بە دزینی ئۆتۆمبێل، لە چەند ساڵی ڕابردوودا تاڕادەیەك دیاردەكە كەمبووەوە، بەڵام بەم دواییانە زۆر زیادی كردووەتەوە، ئەوەش لەلایەن سەرچاوە ئەمنی و بەیاننامە فەرمییەكانەوە جەختی لێدەكرێتەوە.

ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو پۆلیسی بابل دەستگیركردنی گروپێكی دزیكردنی ئۆتۆمبێلی لە پارێزگاكە ڕاگەیاند.

"دوای 50 خولەك لە دزینی ئۆتۆمبێلێك، توانیمان بیدۆزینەوە، یەكێك لە ئەندامانی گروپەكەشمان دەستگیركرد كە دەمانچەیەكی 7 ملیم و بڕێك ماددەی هۆشبەری پێبوو، ئەویش بردینییە لای ئەندامانی دیكەی گروپەكە" پۆلیسی بابل لە بەیاننامەیەكدا وادەڵێت.

ئامارە مەترسیدارەكە

ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو وەزارەتی ناوخۆ دەستگیركردنی گروپێكی حەوت كەسیی تایبەت بە دزینی ئۆتۆمبێلی لە بەغداد ڕاگەیاند.

بەپێی بەیاننامەی وەزارەتەكە، پۆلیسی ئیتحادی ئەو حەوت كەسەی لە ناوچەی عەراجلە لە باشوری ڕۆژهەڵاتی بەغداد دەستگیركردووە.

ئەفسەرێكی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت "لەماوەی ڕابردوودا ڕووداوەكانی دزینی ئۆتۆمبێل زۆر زیادی كردووە، ئەوەش بەهۆی سەرقاڵیی هێزەكانی ناوخۆ بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانەوە، هەروەها بەشداریكردنیان لە ڕێكارەكانی ڕوبەڕوبونەوەی كۆرۆنا، وەك جێبەجێكردنی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ، كەرەنتینەی تەواو ‌و چەند دۆخێكی دیكە، ئەوەش ئەو گروپانەی جارێكی دیكە بوژاندۆتەوە و بونەتە هەڕەشە بۆ ئاسایشی هاوڵاتیان".

"چەند گۆڕانكارییەك لە تەكنیكی گروپەكاندا ڕوویداوە، دیارترینیان كاركردنیانە لەڕێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە، بەناوی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل، هەروەها چەند حاڵەتێكی دزی تۆماركراوە كە بریتی بووە لە وەستانی ئەو ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرانەی ئۆتۆمبێلی بچوكیان گواستووەتەوە، ئەوەش لە ناوچە فراوان و لەڕێگای سەرەكیی نێوان پارێزگاكان" ئەفسەرەكە وادەڵێت.

ئەفسەرەكە ئاشكرای دەكات "لە شەش مانگی ڕابردوودا ژمارەی حاڵەتەكانی دزینی ئۆتۆمبێل لە تەواوی عێراق جگە لە هەرێمی كوردستان، گەیشتووەتە نزیكەی 150 حاڵەت".

ئەو ئۆتۆمبێلانەی دەدزرێن لەلایەن گروپەكانەوە ژمارە و دۆسییەكەیان لە وەرشەی تایبەت دەگۆڕێن یاخود بەش بەش دەكرێن و بەشێوەی پارچە دەفرۆشرێن، بەوەش بڕێك پارەی زۆریان دەستدەكەوێت، چونكە زۆرینەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی دەدزرێن لە جۆرە باشەكان‌و مۆدێلی نوێن.

لاوازیی هێزە ئەمنییەكان لە دەستگیركردنی ئەو گروپانە و دۆزینەوەیان، یاخود پوچەڵكردنەوەی هەوڵەكانی دزینی ئۆتۆمبێل یەكێكە لەو ڕەخنانەی ڕوبەڕوی وەزارەتی ناوخۆ دەبێتەوە، چونكە بەدەگمەن نەبێت وەزارەتەكە باسی لە پوچەڵكردنەوەی هەوڵی دزی نەكردووە، ئەوەش پرسیارێكی زۆری لەبارەی سروشت و توانای ئەو هێزانە دروستكردووە.

پۆلیس پشت بەو سكاڵایانە دەبەستێت كە لەلایەن خاوەنی ئۆتۆمبێلە دزراوەكانەوە پێشكەش دەكرێن، یاخود لەڕێی چاودێریكردنەوە، ئەوەش وادەكات لە زۆر حاڵەتدا هیچ سەرەداوێكیان دەست نەكەوێت، بەتایبەت بەهۆی نەبونی كامێرای چاودێری‌و لاوازیی گەیشتن بە زانیارییە هەواڵگرییەكان.

ساتێكی ناخۆش

ئەوانەی لە سەرەوە باسكران ئەو دۆخەیە لە مانگی ڕابردوودا بەسەر ئیهاب موسەویدا هات كە هاوڵاتییەكی شاری بەسرەیە.

موسەوی ئەو ڕووداوەی بەسەری هاتووە بەم شێوەیە گێڕایەوە "لەسەر ڕێگای نێودەوڵەتی دەڕۆیشتم، لای فرۆشیارێكی سەر شەقامەكە وەستام خواردنەوەیەكی سارد بكڕم، توشی شۆك بووم كاتێك بینیم ئۆتۆمبێلێكی جۆری پیكاب كە چوار چەكداری تێدابوو دەوری ئۆتۆمبێلەكەی گرتم، ڕووی چەكەكانیان تێكردم، یەكێكیان بەرەو ڕووی ئۆتۆمبێلەكەم ڕۆیشت كە خۆی كراوەبوو بەخێرایی سەركەوتوو بردی".

دوای ڕاكردنی چەكدارەكان، موسەوی چووە بۆ بنكەی پۆلیسی ناوچەكە و شكاتی كردووە، بەڵام تائێستا ئۆتۆمبێلەكەی نەدۆزراوەتەوە، تەنها چەند سەرەداوێك و زانیارییەكی سەرەتایی لەبارەیەوە هەیە.

زیادبونی ڕووداوەكانی دزی تەنها ئۆتۆمبێلی نەگرتووەتەوە، بەڵكو خاوەنی كارگە و كۆگا بازرگانییەكانیش مانگی ڕابردوو سكاڵایان تۆماركردووە لە بونی مافیای دزیی لە ناوچەی جەمیلەی بەغداد كە شوێنێكی بازرگانییە.

ئەو كەسانە سكاڵاكەیان پێشكەشی ژووری بازرگانی بەغداد كردووە، باسیان لەچەندین حاڵەتی دزی كردووە بۆ سەر شوێنە بازرگانییەكان و داوایان لە دەزگا ئەمنییەكان كردووە بە هانایانەوە بچن.

كەمال بەیاتی توێژەری دۆخی ئەمنیی عێراق، دەڵێت "زیادبونی ڕووداوەكانی دزی بەشێكە لەو خراپبونەی دۆخی ئەمنیی بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەت بەهۆی ئەو ئاڵنگارییانەی ڕوبەڕوی هێزە ئەمنییەكان دەبنەوە، بەتایبەت بەهۆی لاوازی سیستمی تەكنەلۆژی و كەمیی كامێراكانی چاودێری و تەكنیكی ئەمنی و ناوەندی زانیاری و دەستگیركردنی ئەوانەی لەو ڕووداوانەوە تێوەگلاون، ئەوەش پەیوەندی بە تیرۆرەوە هەیە".

توێژەرە عێراقییەكە باس لەوە دەكات، ئەو گروپانە بۆشایی هێزە ئەمنییەكان دەقۆزنەوە، دژی بڕیاری هێزە ئەمنییەكان دەوەستنەوە، بەڕەفتاریاندا دەردەكەوێت ڕاهێنراون، جگە لە دزیی تاوانی گەورەش ئەنجام دەدەن، بۆیە دۆزینەوەیان پێویستی بە لایەنی هەواڵگریی بەهێز هەیە.